مافی مرۆڤی عێراق: چاودێری لێكۆڵینەوەكانی كوشتنی شیلان و ماڵباتەكەی دەكەین

:: PM:07:09:16/09/2020 ‌

هاوكات لەگەڵ ئەوەی هێزە تەناهییەكانی عێراق رایان گەیاند كە توانیویانە ئەنجامدەرانی تاوانی كوشتنی شیلان دارای دەرمانساز و دایك و باوكی بگرن، ئەندامێكی ئەنجوومەنی كۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ لە عێراق دووپاتی كردەوە كە هەموو ئەگەرەكانی پشت تاوانەكە هەیە و بە وردی چاودێری لێكۆڵینەوەكان دەكەن بۆ بەلاڕێدا نەبردنی دۆسیەكە.
دەستدرێژی سێكسی نەكراوەتە سەر شیلان
هێمن باجەلان، ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤی عێراق بۆ "وشە"، روونی كردەوە، ئەوەی رووی دا تاوانێكی گەورەیە وەك هەر تاوانێكی تر كە لە بەغدا روودەدات و رۆژانە دەیان تاوانی تیادا ئەنجام دەدرێت، كاتێك ماڵباتێك بە تەواوەتی سەربڕاون، بەپێی راپۆرتەكانی پزیشكی داد، باوك و دایكەكە بەچۆقۆ كوژراون و كچەكەیش خنكێنراوە.

زیاتر گوتی، لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بەردەوامە، زانیارییەكان تەواو دیار نین و دەگوترێ دزی لەگەڵ كراوە و هەیشە ئەوە رەت دەكاتەوە، وەك كۆمسیۆنی مافی مرۆڤ تیمێكمان رەوانەی لێكۆڵینەوەكان كردووە، سەرەتا لە پزیشكی داد دەستمان پێ كردووە كە باسی ئەوە دەكرا دەستدرێژی سێكسی كراوەتە سەر كچەكە، نەخێر نەكراوە، كە راپۆرتەكە یەكشەمی داهاتوو تەواو دەردەچێت، راپۆرتە سەرەتاییەكانیش رەتی دەكەنەوە دەسترێژی سێكسی كرابێتە سەر شیلان.

ئەو ئەندامەی مافی مرۆڤی عێراق دووپاتی كردەوە كە چەند سەرەداوێك بۆ دۆزینەوەی تاوانكارەكان فەراهەم بووە و ئەوە بە ئێمەۆیش گەیشتووە، ئێمە ئامادەین لە لێكۆڵینەوەكان بۆ بەلاڕێدا نەبردنی دۆسیەكە، چونكە رەونگە تاوانێكی سیاسی بێت و بگۆڕێت، لەوانەیە دەستكاری نووسراوەكان بكرێت، بۆیە بوونی تیمی ئێمە بۆ مسۆگەری بەڕێوەچوونی لێكۆڵینەوەكان بە شێوەیەكی باش، ئەگەرەكانی رووداوەكە دیار نییە و هیچ بەدوور نازانرێت تا دەرچوونی ئەنجامی كۆتایی.  

شەوی رابردوو كەسانی نەناسراو لە گەڕەكی مەنسووری بەغدا هەڵیان كوتاوەتە سەر شوقەی ماڵباتی شیلان دارا رەئووف، كچە دەرمانساز لە نەخۆشخانەی مەدەینە توبی بەغدا، ئەوان خەڵكی سلێمانین و لە بەغدا دادەنیشن، شیلان و دایك و باوكیان كوشتووە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل