شرۆڤەكارێكی سیاسی: شەقامی عێراقی بە سەردانەكەی كازمی بۆ هەرێم خۆشحاڵ بوون

:: PM:07:42:16/09/2020 ‌

دوای سەردانەكەی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان هەلێكی زیاتر بۆ رێككەوتنی هەولێر و بەغدا هاتە ئاراوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان، شرۆڤەكارێكی سیاسی عێراق پێی وایە ئامادەیی هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێم بۆ رێككەوتن هەلێكی باشە و شەقامی عێراق پێشوازی لە سەردانەكەی كازمی و ئەو پێشوازیكردنەی لێی كرا، دەكات. 
سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق دەمارگیر بوون
ئەحمەد خزر، شرۆڤەكاری سیاسی عێراق بۆ "وشە" ئاماژەی كرد، هیوادارین هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێم سوود لەو كەشە ئەرێنییەی دروست بووە وەربگرن، بۆ یەكلاكردنەوەی دۆسییەكانی ساڵانێكە بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، ئێستە هەموو چینی نیشتمانپەروەر و رووناكبیران لە شەقامی عێراقی لە بەغدا و ناوەڕاست و باشوور، خۆشحاڵ بوون بە سەردانەكەی كازمی بۆ هەرێم.

زیاتر گوتی، هەروەها ئەوان خۆشحاڵتر بوون بەو پێشوازییە گەرمەی حكوومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێم لە كازمیان كرد، جیا لە پێشوازی شەقامیش لێی، هەموو ئەوانە پەیامی ئەرێنی بوون بەوەی توانوویەتی وەك سەرۆك وەزیرانێكی فیدراڵ كار بكات و جیاوازی لە نێوان هاووڵاتییان لە هەولێر و بەسڕە نەكات.

ئەو شرۆڤەكارە پێی وایە ئەوەی رووی دا هیوایەكی نوێی دروست كرد، كاتێك سەرۆك وەزیرانەكانی عێراق بە بەردەوام دەمارگیر بوونە و بەو گیانەوە هەڵسوكەوتیان لەگەڵ ناچەجیاوازەكان كردووە، ئەوان ناچەپەرست بوون، بەو شێوەیە نەبوون عێراقییەكان لە هەموو ناوچەكان هەستیان پێ بكەن، بۆیە ئەوەی رووی دا دەستكەوتێكی گەورە بوو، بە بوونی دوو حكوومەتی وا لە بەغدا و هەرێم كە متمانە و ئامادەسازییەكی گەورەیان بۆ هاریكاری تەواو لەگەڵ یەكتر هەیە بۆ گەیشتن بە چارەسەرییەكی گونجاو لای هەمووان. 

ئەمڕۆ چوارشەم مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئاماژەی كرد، سەردانەكەی كازمی بۆ هەرێم بە هەنگاوێكی ئەرێنی دەبینین لە پێناو چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵی، لەسەر بنەمای دەستوور، هیوادارین بە كردەیی گفتوگۆكان بگەنە ئەنجام و لە بەرژەوەندی هەردوولادا بێت.

زیاتر گوتی، كێشەكان تەنیا مووچە و شایستەی دارایی هەرێم لە بودجە نییە، بەڵكو جیا لە كێشەكانی پێوەست بە بودجە و نەوت، ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و ماف و شایستە دەستوورییەكانی تری هەرێم و پێشمەرگە، چەند تەوەرێكی تری ناكۆكییەكانە لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵی.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل