سۆران.. ئامێری تیشكی ئێم ئار ئای لەكار كەوتووە و كێشە بۆ هاووڵاتییان دروست بووە

:: PM:09:30:16/09/2020 ‌

كەرتی تەندروستی بەهۆی پێوەستی راستەوخۆی بە گیانی خەڵك بە گرنگترین كەرتەكان دادەنرێت، كە حكوومەتی هەرێم بایەخی تایبەتی پێداوە، بەڵام پەتای كۆرۆنا و ئەو بارگرانییەی دروستی كردووە وای كردووە گرنگی زیاتر بۆخۆی ببات، لە شارۆكەی سۆران چەند مانگێكە ئامێری تیشكی " MRI " لە كار كەوتووە و كێشەی بۆ هاووڵاتییان دروست كردووە.
دەبێت هاووڵاتییان بە پارەیەكی زۆر یان لە هەولێر بیكەن
"MRI"، جۆرێكی پێشكەوتووی وێنەی تیشكییە و زۆرینەی پشكنینەكانی لەشی مرۆڤی پێ ئەنجام دەدرێ، لەوانە بۆ بڕبڕەی پشت و شێرپەنجە سوودی لێ دەبیندرێت، لە دەڤەری سۆران تەنیا لە نەخۆشخانەكانی ئاشتی و لەدایكبوون و مناڵانی سۆران هەیە، بەڵام هەردووكیان لە كار كەوتوون .

د.رزگار عزەت خان، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئاشتی گشتی لە سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، بەر لە دەستبەكاربوونم ئامێری MRI لە نەخۆشخانەكەمان لەكار كەوتبوو، بۆیە لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی و وەزارەتی تەندرووستییەوە هەوڵی زۆرمان دا بۆ چاككردنەوەی ئامێرەكە، چونكە ئامێرەكە گرنگە و چەند تایبەتمەندییەكی هەیە و كارئاسانی باش بۆ پزیشك و خەڵكیش دەكات.

زیاتر گوتی، هەوڵی بەردەوام دەدەین بۆ چاككردنەوەی ئامێرەكە، بەڵام رەزامەندیی بەغدای پێویستە و كاتی دەوێت، ئاماژەی كرد، لە رێگەی ئامێرەكەوە دەتوانرا رێژەی شێرپەنجەی تووشبووان دیاری بكرێت، هەروەها بۆ دیاریكردنی كێشەكانی بڕبڕەی پشت و كێشەی تریش سوودی گەورەی هەبوو.

لە سەنتەری سۆران 47 بنكەی تەندروستی و چوار نەخۆشخانە و نەخۆشخانەی لەدایكبوون و منداڵان و نەخۆشخانەیەكی 100 قەڕەوێڵەیش هەیە، بەڵام ئێستە هیچ كامیان ناتوانن پشكنین و تیشكی MRI بۆ نەخۆشان ئەنجام بدەن، ئەمەیش كێشەی بۆ ئەوان دروست كردووە، بە شێوەیەك دەبێ لە بازاڕ و بە پارەیەكی زۆر بیكەن یان دەبێ روو لە هەولێر بكەن .

لای خۆیەوە د.مەهاباد دلاوەر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی لەدایكبوون و مناڵانی سۆران بە "وشە"ی گوت، ماوەیەكی زۆرە ئامێری ئەشیعەی MRI لە نەخۆشخانەمان لەكار كەوتووە، هەرچەندە سەرووی خۆمان ئاگادار كردووەتەوە، بەڵام تا ئێستە چاك نەكراوەتەوە .

شارۆكەی سۆران لە ڕووی كارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای هەولێرە و بە دووری 110 كیلۆمەتر لە باكوری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر هەڵكەوتووە، ناوەندی سێ شارۆكەیە و رێژەی دانیشتووانی زیاتر لە 300 هەزار كەس دەبێت.

سۆران/ موڕشید برادۆستی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل

ئه‌م بابه‌ته 25 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌