كاتی پێدانی ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا بە ئەمەریكییەكان ئاشكرا دەبێت

:: PM:10:00:16/09/2020 ‌

تا ئێستە كۆمپانیاكانی دەرمان لە ئەنجامی سێیەم قۆناغی بەرهەمهێنانی ڤاكسینەكانیان دڵنیا نین، بەوەی كاریگەریی لابەلای نابێت، بۆیە ناتوانرێت بە وردی وادەی بەردەستبوونی هیچ ڤاكسینێك دیاری بكرێت، لەو ناوەدا بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی تەندروستی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە تا كۆتایی ئازاری داهاتوو هەموو ئەمەریكییەكان ڤاكیسنیان پێ دەدرێت. 
ئەمەریكا ڤاكسین بۆ هاووڵاتییانی دابین دەكات
وەك راپۆرتێكی ئاژانسی "بلومبێرگ"ی ئەمەریكی بڵاوی كردەوە، پۆڵ مانگۆ، جێگری سەرۆكی فەرمانبەران بۆ كاروباری سیاسەتی گشتی لە وەزارەتی تەندروستی ئەمەریكا گوتی، گرێبەستمان كردووە بۆ دەستكەوتنی بڕی پێویستی ژەمەكان، ئەوەی لە تاقیكردنەوە كلینیكییەكان دەیبینین، پێمان وایە بەڕێوەبەرایەتی خۆراك و دەرمانی ئەمەریكا بەر لە كۆتایی ئەمساڵ رەزامەندی لەسەر ڤاكسینەكە دەدات، ئەوەیش بوارمان بۆ دەرەخسێنێ بۆ ئەوەی بەر لە كۆتاهاتنی یەكەم چواریەكی 2021 هەموو هاووڵاتییانی ئەمەریكی ڤاكسین وەربگرن. 

مانگۆ دووپاتی كردەوە كە حكوومەتی ئەمەریكا دڵنیایە لە دەستخستنی 100 ملیۆن ژەمی ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا بەر لە كۆتایی ئەمساڵ بۆ بە تەمەنەكان، كە ئەگەری زیاتری تووشبوون و مردنیان بەو ڤایرۆسە هەیە، ئەگەرچی 100% پابەندی بە خشتەی كاتی لەوبارەوە نییە. 

لەوكاتەی رۆبەرت ریدفیڵد، بەڕێوەبەری ناوەندی كۆنترۆڵكردنی نەخۆشییە پەتاییەكان لەبەردەم ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا گوتی، پێم وایە لە كۆتایی دووەم چواریەك یان سێیەم چواریەكی ساڵی 2021 ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا ئامادە دەبێت، ئەنتۆنی فاوچی، بەڕێوەبەری پەیمانگەی نیشتمانی بۆ هەستەوەری و نەخۆشییە پەتاییەكانیش دووپاتی كردەوە، پێویستە ئەمەریكییەكان پێشبینی بەردەستبوونی ڤاكسین دژ بە كۆرۆنا پێش نیوەی ساڵی 2021 نەكەن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل