فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "لێلوون" لە ڕۆژئاوا بەڕێوە دەچێت

:: AM:07:54:17/09/2020 ‌
هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانی ئاشتیدا بڕیاره‌ فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "لێلوون" لە ڕۆژئاوا بەڕێوە بچێت. هه‌روه‌ها لە بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکەدا ڕێوشوێنەکانی ڤایرۆسى کۆرۆنا لە بەرچاو دەگیرێت.

58 فیلمی لە بەشە جۆراوجۆرەکاندا بۆ نمایشکردن هەڵبژێردراوه‌
فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "لێلوون" هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی ئاشتیدا لە کەمپی ئاوارەکانی عەفرین لە ناوچەی شەهبا له‌ ڕۆژئاواى كوردستان دەست پێ دەکات.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست "وشه‌" كه‌وتووه‌، ئەم فێستیڤاڵە کە بڕیارە ساڵانی داهاتوویش بەڕێوە بچێت، لە یەکەم ساڵی بەڕێوەچوونیدا وەک هێمای 58 ڕۆژ بەرگریی گەلی عەفرین لە بەرانبەر هێرشى سووپاى تورکیادا، 58 فیلمی لە بەشە جۆراوجۆرەکاندا بۆ نمایشکردن هەڵبژێردراوه‌.

لیژنەی داوەرانی ئەم فێستیڤاڵە کە پێک هاتووە لە سینەماکارانی ناسراوی کورد و بیانی، ئەم کەسانە لە خۆ دەگرێت/عەلی ئەحمەد بەدرخان سەرۆکی لیژنەی داوەران و دەرهێنەری سینەما و مامۆستای زانکۆ لە وڵاتی میسڕ، توورەج ئەسڵانی ده‌رهێنەر و فیلنامەنووس و وێنەهەڵگر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڕۆژ ئاکرەیی نووسەر و شاعیر و وێنەگر و ئەکتەر لە باشووری کوردستان، حسەین حەسەن دەرهێنەری سینەما و ئەکتەر لە باشووری کوردستان، بنێدیتا ئەرجێنتیەری داکیۆمێنتار و ڕەخنەگری سینەما لە ئیتالیا، ئاپۆ. و. بایزیدی دەرهێنەر و فیلمنامەنووسی باکووری کوردستان لە ئه‌مه‌ریکاوە، ئێریک گۆنزالێس فلۆرێس توێژەر و لێکۆڵەری سینەما و مامۆستای زانکۆ لە مێکزیکەوە./

فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "لێلوون" لە لایەن کۆمینی سینەمایی ئاڤرینەوە بەڕێوە دەچێت کە ڕێکخراوێکی هونەریی هونەرمەندانی عەفرینە و بە مەبەستی پێوەندیی کولتووری و پاراستنی بەها هونەرییەکان لە هەموو شوێن و کات و دۆخێکدا، دەستی داوەتە بەڕێوەبردنی ئەم فێستیڤاڵە نێونەتەوەییە. بە ئامانجە باڵاکانی هونەر.

یەکەم ساڵی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "لێلوون" بە دروشمی (بە تەنیا گوڵێک نابێتە گوڵستان) میوانداری لە بەرهەمی دەرهێنەرانی سینەما لە چەندان وڵاتی جیهانەوە دەکات، لەوانە ئیتاڵیا، ئه‌مه‌ریکا، پۆڵۆنیا، فڕەنسا، دانیماڕک، ئێران، ئوستڕالیا، عێراق، بۆلگاریا، سپانیا، میسڕ، ئەفغانستان، شیلی، سووریا، ماڵت، لبنان، هیندستان، یۆنان، تورکیا، ئەردەن، ئازەربایجان، توونس، مەراکش، هۆنک‌ کۆنگ، ئیرلەند، ڤێنێزۆیلا، هەر چوار پارچەی کوردستان.

ئەم فێستیڤاڵە لە چەندان بەشی کێبەرکێدا بەڕێوە دەچێت، بەشی کێبەرکێی فیلمی درێژی سینەمایی سێ بەرهەم، بەشی کێبەرکێی فیلمی داکیۆمێنتاری درێژ و نیوەدرێژ سێ بەرهەم، هەروەها بەشی کێبەرکێی کورتەفیلم 52 بەرهەم، هەموو ئەم فیلمانە لە نێوان ساڵانی 2017 تا 2020 دروست کراون. 

شایانی باسە "لێلوون" ناوی چیایەکە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی عەفریندا، له‌لاى خه‌ڵكه‌كه‌ى وەک چیایەکی گرنگ و پیرۆز لە قەڵەم دەدرێت. به‌هۆى ئه‌وه‌ى له‌ ڕووى ئاینى و مرۆڤایه‌تییه‌وه‌ چه‌ندان لێكۆڵینه‌وه‌ى ووردى له‌باره‌وه‌ كراوه‌.


وشە - محەمەد میران