بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی ئیدارەی خۆسەری لە ڕۆژئاوای کوردستان ئاشكراى کرد، ئەمڕۆ 41 تووشبووی نوێی ڤایرۆسى كۆرۆنا لە ناوچەکانی باکووری سووریا تۆمار کراون و کۆی گشتیی تووشبووانیش گەیشتە هه‌زار و حه‌وت کەس.
کۆی گشتیی تووشبووان گەیشتە هه‌زار و حه‌وت کەس
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 17ى ئهیلوول، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ئیدارەی خۆسەری لە رۆژئاوای کوردستان ڕاى گه‌یاندووه، لە 24 سه‌عاتی ڕابردوودا 41 تووشبووی نوێی کۆرۆنا لە ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەر تۆمار کراون کە زۆرترینیان لەم ناوچانە بوون، حەسەکە، قامشلۆ، كركى لهكى، دێرك، ته‌ل ته‌مر، جهل ئاغان.
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی ئیداره‌ى خۆسەر لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕای گەیاند، له‌و 41 توشبووه‌ی ڤایرۆسى کۆرۆنا 21 نێره و 20 مێیه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش چوار هاووڵاتیی چاك بوونه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها ئه‌مڕۆ هیچ توشبوویه‌كی ڤایرۆسى کۆرۆنا گیانی لە دەست نه‌داوه.
ڕوون كراوه‌ته‌وه، "تا ئێسته لە ناوچەکانی ئیدارەی باکووری سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان 313 تووشبووی ڤایرۆسى کۆرۆنا چاکبوونەتەوە، 48 تووشبوو گیانیان لە دەست داوە و کۆی گشتی تووشبووانیش گەیشتوونەتە هه‌زار و حه‌وت کەس."
له هه‌رێمی كوردستاندا دواین ئاماری تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌و شێوه‌یه بڵاو كراوه‌ته‌وه، 38 هه‌زار و 661 تووشبوو له سه‌ره‌تاوه تا ئه‌مڕۆ، 24 هه‌زار و 522 كه‌س چاره‌سه‌ر كراون و گه‌ڕێنراونه‌ته‌وه ماڵه‌وه، هه‌زار و 417 كه‌س به ڤایرۆسی كۆرۆنا له شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان مردوون.