پۆمپیۆ داوای لە رێبەرانی دنیا كرد دیداری زەریف رەت بكەنەوە

:: AM:09:55:17/09/2020 ‌
مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، هەڵوەشاندنەوەی گەشتی زەریف بۆ ئەوروپای بە هەنگاوێكی زۆر باش هەژمار كرد، داواشی لە رێبەرانی دنیا كرد دیدارەكانیان لەگەڵ زەریف هەڵبوەشێننەوە.

مایك پۆمپیۆ بە بڵاوكردنەوەی دوو تویت وێڕای پێشوازیكردن لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی گەشتی محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ ئەوروپا، ئاماژەی دا ئامانجی ئێران لە كوشتنی نەڤید ئەفكاری پاڵەوانی زۆرانبازی، ئەوەبوو خەڵكی ئێران چاوترسێن بكات و پێیان بڵێت كەس بۆی نییە جارێكی تر دژی رژێم خۆپێشاندان بكات یان ناڕەزایەتی دەرببڕێت.
بە توندی بەرانبەر توندوتیژییەكانی ئێران بوەستن.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا داوای لە رێبەرانی دنیا كردووە، ئەو تاوانەی ئێران لە بیر نەكەن و لەسەر بەڵێنە ئەخلاقییەكانیان سوور بن و بە توندی بەرانبەر توندوتیژییەكانی ئێران بوەستن. ئەو دڕندەییەی ئێران رەچاوی دەكات دەبێت دەرەنجامەكەشی وەربگرێت، داواش لە ئێران كراوە براكانی نەڤید ئەفكاری و ئەو بیانییانە ئازاد بكات كە لە گرتووخانەكان بێ تاوان گیراون.

بڕیار بوو زەریف لەبارەی پرسی رێككەوتنی ناوكیی سەردانی چەند وڵاتێكی ئەوروپا بكات، بەڵام گەشتەكەی هەڵوەشایەوە و هۆكارەكەش ئەوەبوو سەرەڕای داواكارییەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ هەڵوەشاندنەوەی حوكمی سێدارەدانی ئەفكاری، ئێران سزاكەی جێبەجێ كرد.


وشە - سلێمان تاشان