سزای لە سێدارەدان بۆ بكوژی سێ‌ كوردەكە دەردەچێت

:: AM:10:17:17/09/2020 ‌
ڕاوێژكاری یاسایی ڕای دەگەیەنێت، تۆمەتباری كوشتنی سێ‌ هاووڵاتییە كوردەكە، بەپێی مادەی 406 سزادانی عێراق بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەردەچێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 17ـی ئەیلوول، ئاسۆ هاشم ڕاوێژكاری یاسایی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەو كەسەی ئەو تاوانەی دوێنێی لە بەغدا ئەنجام دا و گیرا، بەپێی مادەی 406  لە یاسای سزادانی عێراق سزا دەدرێت.

لە ژێر بەندی 406 یاسای سزادانی عێراقییە و سزاكەی تا سێدارەیە
ئەو ڕاوێژكارە یاساییە گوتی، لێكۆڵینەوە دەكرێت و تاوانەكەشی لە ژێر بەندی 406 یاسای سزادانی عێراقییە و سزاكەی تا سێدارەیە، تاوانەكەش كوشتنی سێ‌ هاووڵاتییە.

باسی لەوەش كرد، دوای لێكۆڵینەوەكان دەردەكەوێت ئەو كەسە ئایا ئامادەكاری بۆ تاوانەكە كردووە لە پێشوو یان نا، دواتر سزاكەی بۆ دیاری دەكرێت و لە عێراقیش لە سێدارەدان جێبەجێ‌ دەكرێت، ئەوەیش بەهۆی تاوانی جۆراوجۆر و بوونی گرووپە توندئاژووەكان.

دوێنێ‌ لە راگەیەنراوێكی دژە تیرۆری كوردستاندا بڵاو كرایەوە، دوای ئەوەی لە شەوی 14ـی ئەیلوول لە شاری بەغدا سێ ئەندامی خێزانێكی كورد بەشێوەیەكی دڕندانە كوژران، دوای وەرگرتنی زانیاری كە تۆمەتباری ئەم تاوانە لە شاری هەولێرە، بە بڕیاری دادوەر بەپێی مادەی 406 لە یاسای سزاكانی عێراقی تۆمەتبارەكە لەلایەن هێزەكانی هەرێمی كوردستان لە شاری هەولێر گیرا.





وشە - رامیار جەواد

ئه‌م بابه‌ته 310 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌