تەرمی خێزانە كوژراوەكە گەیشتەوە سلێمانی

:: AM:10:39:17/09/2020 ‌
تەرمی ئەو سێ‌ كوردەی لە شاری بەغدا كوژران، گەیشتنەوە سلێمانی و كەسوكارەكەشیان ڕای دەگەیەنن چەند زانیارییەكی نەگوتراو هەن، دواتر هێزە تەناهییەكان ڕای دەگەیەنن.

ئەمڕۆ پێنجشەم 17ـی ئەیلوول، خوشكەزایەكی دارا ڕەئووف لەكاتی گەیشتنەوەی تەرمەكان بە میدیاكانی ڕاگەیاند، لە ڕووداوەكە هیچ دەستدرێژییەك نییە، بەڵكو كارێكی دزیكردن بووە، ئەوەی دەگوترێت گوایە دەستدرێژی كراوەتەسەر شیلان، ڕاست نییە.

ئێستە چەند زانیارییەكی نەگوتراو هەن، دواتر دەزگا تەناهییەكان دەیانخەنەڕوو
ڕوونی كردەوە، ئێستە چەند زانیارییەكی نەگوتراو هەن، دواتر دەزگا تەناهییەكان دەیانخەنەڕوو، شوێنی كاری بكوژەكە و ماڵی خاڵم دارا ڕەئووف، 20 مەترێك بووە و باڵوێزخانەی ڕووسیاش تا ئێستە ڕێیان نەداوە هێزە تەناهییەكان ڤیدیۆی كامێراكانی چاودێری ئەو شوێنە ببینن، چاوەڕوانی ئەوەن بە فەرمی لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە داوایان لێ بكرێت.

باسی لەوەش كرد، بابەتی فرۆشتنی دەرمانخانە و خانوو و بوونی پارەیەكی زۆر ڕاست نین و زانیاری هەڵەن، هەروەها داواكارن ئەو سزایەی یاسا بۆ بكوژەكەی دادەنێت، بەسەریدا جێبەجێ بكرێت.

بڕیارە كەسوكاری ئەو خێزانە كوردەی لە بەغدا كوژران، لە مزگەوتی ئەحمەدی حاجی عەلی لە سلێمانی بشۆرێن و نوێژیان لەسەر بكرێت، دواتر لە گۆڕستانی سەیوان تەرمەكانیان بە خاك بسپێرن.



وشە - رامیار جەواد