باوكێك كوڕی خۆی كوشت

:: PM:02:26:17/09/2020 ‌

 

ئەمڕۆ لە كەركووك باوكێك تەقە لە كوڕەكەی خۆی دەكات و برینداری دەكات، كوڕەكە تەمەنی 16 ساڵانە و بەهۆی قورسی برینەكەی، لە نەخۆشخانە گیانی لە دەست دا.
پێشتر ئەو باوكە ناكۆكی لەگەڵ كوڕەكەی هەبووە
ئەمڕۆ پێنجشەم 17ی ئەیلوول، یوسف ساڵح بەڕێوەبەری پۆلیسی دۆمیز  لە شاری كەركووك بە "وشە"ی راگەیاند، لە گەڕەكی عەسكەری شاری كەركووك،  باوكێك تەقە لە كورێكی خۆی كردوە بەناوی عەلی  هەمزە ئیسماعیل، سەرەتا بریندار بووە و دواتر بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لە دەست داوە.

زیاتر روونی دەكاتەوە، پۆلیس دەستی بە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە كردووە و ئەوەندە دەزانین پێشتر ئەو باوكە ناكۆكی لەگەڵ كوڕەكەی هەبووە.

"لەلایەن پۆلیسی كەركووكەوە باوكەكە گیراوە بەڵام دوای گرتنەکەی لەدەستی پۆلیس رای کردووە و تا ئێستە نەدۆزراوەتەوە". یوسف ساڵح وای گوت.

غالب عەلی بەڕێوەبەری پۆلیسی كۆمەڵگەیی لە كەركووك، زۆربوونی رووداوەكانی كوشتن لە شارەكە بۆ بوونی چەك گەڕاندەوە و باسی لەوە كرد، دیارەی چەك هەڵگرتن لە كەركووك رووی لە هەڵكشان كردووە.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئەمڕۆ زیاتر لە 43 كەس لە كەركووك بە كوشتن و خۆكوشتن بە چەك گیانیان لە دەست داوە، تاوانی كوشتن لەو شارە تا دێت روو لە هەڵكشان دەكات.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی




وشە - هیدایه‌ت جان