دەست بەسەر كۆمەڵێك چەكی ئێرانیدا گیرا كە بۆ یەمەن دەگوازرانەوە

:: AM:11:39:20/09/2020 ‌
حكوومەتی یەمەن ئاشكرای كرد، باندێكی قاچاخچییان گرتووە كە لە ئێرانەوە چەكی بۆ یەمەن دەگواستەوە، ئەمەش پێشانی دەدات ئێران لە ئاڵۆزییەكانی یەمەندا رۆڵی باڵای هەیە.

موعەمەڕ رەیانی وەزیری راگەیاندنی یەمەن روونی كردووەتەوە، هەموو ئەوانەی گیراون ددانیان بەوە ناوە لە ئێران راهێنانی سەربازییان بینیوە و پێوەندیی پتەویان لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێراندا هەبووە.
ئەو هەوڵانە دەیسەلمێنێت ئێران رۆڵی هەیە لە پاڵپشتیكردنی میلیشیاكان

وەزیرەكە گوتوویەتی، هەموو ئەو هەوڵانە دەیسەلمێنێت ئێران رۆڵی هەیە لە پاڵپشتیكردنی میلیشیاكان و پەرەپێدانی جەنگ و ئاڵۆزی لە یەمەن.

پێویستە بگوترێ رێككەوتنی نێودەوڵەتی كراوە لەگەڵ حووسییەكان بۆ بەكارهێنانی بەشێك لە بەندەرەكانی ئەو وڵاتە بۆ مەبەستی یارمەتی مرۆیی، حكوومەتی یەمەنیش حووسییەكان تۆمەتبار دەكات بەوەی لە جیاتی ئەو یارمەتییانە، بەندەرەكەیان بۆ قاچاخبردنی چەك بەكار هێناوە و ئامانجیانە لە هێرشە تیرۆریستییەكانیان سوود لەو چەك و تەقەمەنییانە وەربگرن.

بەگوێرەی ئەلعەرەبیە، وەزیرەكەی یەمەن پێداگری لەوە كردووە كە دەبێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی سزاكانی چەك لە دژی ئێران درێژ بكاتەوە، ئەو وڵاتە جێی متمانە نییە و مەترسی هەیە چەكی مەترسیدارتر بە میلیشیاكان بفرۆشێت.


وشە - سلێمان تاشان