پارتی: بەشداری کۆبوونەوەی کەرکووک ناكەین و بە شتێكی گرنگی نازانین

:: PM:12:31:20/09/2020 ‌
كۆبوونەوەی لایەنە كوردستانییەكانی کەرکووک لە بارەی پرسی هەڵبژاردن و دۆخی شارەكە دەستی پێ کرد و پارتی دیموكراتی كوردستانیش بەشداری ئەو كۆبوونەوەیە ناكات و بە گرنگی نازانێت تا ئەو كاتەی دۆخەكە ئاسایی دەبێتەوە.
هەرکات دۆخی سەربازی لە کەرکووک كۆتایی هات ئامادەین گفتوگۆ بکەین

ئەمڕۆ یەكشەم 20ی ئەیلوول، رەسوڵ رەئوف بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، كۆبوونەوەكە بە ئامادەبوونی هەموو حزبە كوردستانییەكانی کەرکووک دەبێت و تێیدا پرسی هەڵبژاردنەكان لە کەرکووک و دۆخی شارەكە تاوتوێ دەکرێت.

روونی دەکاتەوە، دەمانەوێت هەماهەنگی و یەك وتاری هەبێت لە نێوان لایەنە كوردستانییەكان بۆ ئەوەی لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكان پێكەوە بتوانین پێگەی كورد پارێزراو بكەین.

كاوە ئەحمەد، كارگێری لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان لە کەرکووک بە "وشە"ی راگەیاند، ئاگاداری كۆبوونەوەی ئەو حزبە كوردستانییانەی کەرکووکین، بەڵام ئێمە بەشداری ناكەین و بە شتێكی گرنگی نازانین، کەرکووک قەیوم دەیبات بەڕێوە، لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر دەسەڵاتی كورد لە کەرکووک بە تەواوی پەراوێز خراوە.

دووپاتی دەکاتەوە، دەبێت دۆخی سەربازی لە کەرکووک كۆتایی پێ بێت، ئەوكات ئامادەی گفتوگۆین لە چوارچێوەی دەستوور و مادەی 140 گفتوگۆ دەكەین، حكوومەتی عێراقی خۆشی ئەوە زۆر باش دەزانێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - هیدایه‌ت جان