دوو كارمەندی تەندروستی لەسەر دزینی دەرمان و ئامێری پزیشكی سزای گرتنیان بۆ دەرچوو

:: PM:01:48:20/09/2020 ‌
ئەمڕۆ لەلایەن دادگای كەلار، دوو كارمەندی تەندروستی بە شەش ساڵ زیندانیكردن سزا دران، ئەو كارمەندانە ئامێر و دەرمانی نەخۆشخانەیان دزیبوو بۆ ئەوەی لە بازاڕدا بیفرۆشن.
دۆسیەی 11 كارمەندی تریش لەژێر لێكۆڵینەوەدایە

ئەمڕۆ یەكشەم 20ی ئەیلوول، سەرچاوەیەك لە دادگای بەرایی كەلار بە "وشە"ی راگەیاند، لەلایەن دادگاوە دوو كارمەندی تەندروستیی گەرمیان بە شەش ساڵ گرتن سزا دران و دۆسیەی 11 كارمەندی تریش لەژێر لێكۆڵینەوەدان.

عەلی جەمال گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، دۆسیەی كارمەندانی تەندروستی لە پۆلیسەوە رەوانەی دادگا و تەندروستی كراوە .

د. حارس محەمەد بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی كەلار بۆ "وشە" روونی كردەوە، ئەمڕۆ ئەو دوو كارمەندەی سزا دراون، سەربە سنووری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی گەرمیانن.

زیاتر روونی دەكاتەوە، نزیكەی حەوت مانگە ئەو دۆسیەیە كاری لەسەر دەكرێ و سەرەتا 26 كەس لە كارمەندانی تەندروستی گیران، دواتر 13یان ئازاد كران و لەو كەسانەی تر كە لە گرتووخانە ماونەتەوە، ئەمڕۆ دوو كەسیان سزا دران.

"ئەو كارمەندانەی لە گرتووخانە ماونەتەوە ژمارەیان 11 كەسە و تا ئێستەیش دۆسیەكانیان لەژێر لێكۆڵینەوەدایە". د. حارس محەمەد وای گوت.

 بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی كەلار دووپاتی دەكاتەوە، گرتنی ئەو كارمەندانە دوای ئەوە هات كە بڕێكی زۆر دەرمان و كەرەستەی پزیشكی نەخۆشخانەی گشتیی كەلار لە بازاڕدا فرۆشرابوون كە ئەوەش گەندەڵییەكی گەورە بوو.

بڕی دەرمان و ئەو كەرەستە پزیشكییانەی دزرابوون، دەیان ئامێر و نزیكەی تۆنێك دەرمان بووە كە لەكاتی دەركردنی لە نەخۆشخانە و فرۆشتنی لە بازاڕدا ئاشكرابوو.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی



وشە - هیدایه‌ت جان