ناردنی كاروانێكی كۆمه‌ك و هاوكاری سه‌ربازی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان، ترسی له دڵی به‌غدا دروست كردووه و دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه ئه‌و چه‌كانه له ڕێی به‌غداوه نه‌نێردراوه‌ته هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مه‌یش به هه‌نگاوێكی ناده‌ستووری ناوده‌به‌ن، له كاتێكدا ئه‌مه‌ریكا و چه‌ند وڵاتێكی ئه‌وروپی سوورن له‌سه‌ر هاوكاریكردنی زیاتری هێزی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان.
ڕۆژنامه‌ی "العربی الجدید" ڕاپۆرتێكی له‌وباره‌وه بڵاوكردووه‌ته‌وه و نووسیویه‌تی، به‌رپرسانی به‌غدا دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه سوپای عێراق پێویستی به كۆمه‌كی سه‌ربازی زۆرتری هاوپه‌یمانانه و ئێسته‌یش زۆرترین جموجۆڵی داعش له‌و ناوچانه‌یه كه هێزه‌كانی عێراق تێیدا بوونیان هه‌یه، نه‌ك هێزه‌كانی پێشمه‌رگه، بۆیه پێویست بوو، سه‌ره‌تا ته‌واوی پێویستییه‌كانی سوپا پڕ بكرێته‌وه، چونكه به گوێره‌ی ده‌ستوور باڵاترین هێزی فیدرالیییه.
ئاماژه‌ی داوه، كه لایه‌نه‌كانی نزیك له ئێران به ته‌واوی تووڕه و نیگه‌رانن له ناردنی كۆمه‌ك و هاوكارییه‌كان بۆ هێزی پێشمه‌رگه و به توندی دژی ئه‌و هه‌وڵانه وه‌ستاونه‌ته‌وه و فشار له‌سه‌ر حكوومه‌تی به‌غدا دروست ده‌كه‌ن، تا چیتر ڕێ نادات هێزه‌كانی پێشمه‌رگه پڕ چه‌ك بكرێن و ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان چه‌ك و كه‌لوپه‌لی سه‌ربازیان بۆ ڕه‌وانه بكه‌ن، به‌رده‌وام بۆچوونی نه‌رێنی و خراپ له‌وباره‌وه به گوێی به‌رپرسانی عێراق ده‌ده‌ن و هانیان ده‌ده‌ن تا دژی كوردستان بوه‌ستنه‌وه و ڕێگری له گه‌یشتنی كۆمه‌ك و هاوكاری زیاتر بكه‌ن.
ئه‌و هه‌وڵه‌ی به‌رپرسانی به‌غدا و لایه‌نه‌كانی سه‌ر به ئێران له عێراق له كاتێكدایه له ڕۆژانی ڕابردوو ماتیۆ توله‌ر باڵوێزی ئه‌مه‌ریكا له عێراق سه‌ردانی هه‌ولێری كرد و به بڕی 250 ملیۆن دۆلاری ئه‌مه‌ریكی، كه‌لوپه‌ل و ئامێر و ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی پێشكه‌شی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كرد.
لایه‌نه‌كانی سه‌ر به ئێران له عێراق فشار له‌سه‌ر حكوومه‌ت ده‌كه‌ن تا دژی كۆمه‌ككردنی پێشمه‌رگه بوه‌ستێته‌وه
تولر له‌میانه‌ی كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانی له‌گه‌ڵ شۆڕش ئیسماعیل وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دووپاتی كرده‌وه كه گه‌یاندنی ئه‌و كۆمه‌ك و هاوكارییانه به پێشمه‌رگه، ئاماژه و نیشانه‌یه‌كی روونه كه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا گرنگی ته‌واو به هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌دات، به‌هۆی ئه‌و ڕۆڵه كارایه‌ی له تێكشكاندنی تیرۆریستان پێشمه‌رگه هه‌یبوو و هاوكات دووپاتی له‌سه‌ر به‌رده‌وامی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی له نێوان هه‌ردوولا كردووه.
گه‌یشتنی ئه‌و هاوكارییه سه‌ربازییانه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ هه‌ولێر له كاتێكدایه كه هه‌ریه‌ك له كۆماری ئیسلامی ئێران و توركیا به‌رده‌وام ناوچه سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆردمان ده‌كه‌ن و له ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدرالیش چه‌كدارانی داعش جموجۆڵیان زۆر بووه و سه‌رجه‌م زانیارییه‌كان دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه پاشماوه‌كانی داعش خۆیان ڕێك ده‌خه‌نه‌وه و ده‌یانه‌وێ گورز له هێزه‌كان بوه‌شێنن و ناوچه‌كان كۆنتڕۆڵ بكه‌نه‌وه.
به‌رپرسێكی باڵای هه‌رێمی كوردستان له‌وباره‌وه به ڕۆژنامه‌ی "
العربی الجدید"ی ڕاگه‌یاند، كه هاوكارییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به دیارییكراوی له رووی سه‌ربازییه‌وه، له‌سه‌ر داوای هه‌رێمی كوردستان نه‌بووه، به‌ڵكو ئه‌مه‌ریكا خۆی ده‌سپێشخه‌ری كردووه و ئه‌و كۆمه‌كه سه‌ربازییانه‌ی بۆ پێشمه‌رگه ڕه‌وانه كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌هێزتر بكات و بتوانن سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستان هه‌موو كات به پارێزراوی بهێڵنه‌وه، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش به به‌رده‌وامی ویستی به‌هێزبوونی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا هه‌بووه و ئه‌مه‌ریكایش مانه‌وه‌ی خۆی له هه‌رێمی كوردستان به گرنگ و پێویست ده‌زانێت، چونكه گرنگترین بنكه‌ی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان ئێسته له عێراق كه‌وتووه‌ته هه‌رێمی كوردستانه‌وه كه بنكه‌ی سه‌ربازی هه‌ریره.
ئه‌مه‌ریكا گرنگی زیاتر به هه‌رێمی كوردستان ده‌دا و هه‌ریر بووه‌ته گه‌وره‌ترین بنكه‌ی سه‌ربازی هاوپه‌یمانان له عێراق
له‌لایه‌كی تره‌وه به‌رپرسێكی عێراق له وه‌زاره‌تی به‌رگری بۆ ڕۆژنامه‌كه گوتی، هاوكارییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ پێشمه‌رگه له ڕێی به‌غداوه نه‌بووه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له ده‌ستوور ئاماژه‌ی پێدراوه، پڕچه‌ككردن و كۆمه‌ككردنی پێشمه‌رگه‌یش ده‌بێ به‌شێوه‌یه‌كی سنووردار بێ، نه‌ك دۆخه‌كه به جۆرێك بێ، كه پێشمه‌رگه له سوپا پڕچه‌ك تر و به‌هێزتر بكرێت.
له‌لایه‌كی تره‌وه كاتع روكابی ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ڕای گه‌یاند، كه دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌شی زۆری ئامێر و ئۆتۆمبێله سه‌ربازییه‌كانی سوپای ئه‌مه‌ریكا به هێزه‌كانی پێشمه‌رگه دراون، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئێسته هه‌رێمی كوردستان بووه‌ته پێگه‌یه‌كی به‌هێزی ئه‌مه‌ریكا و گێڕانه‌وه‌ی ئامێر و ئۆتۆمبێله سه‌ربازییه‌كانیش تێچوویه‌كی زۆری ده‌وێ، بۆیه پێشكه‌شی هێزی پێشمه‌رگه‌یان كردووه.
له به‌رانبه‌ردا عادل كه‌رعاوی گوته‌بێژ به‌ناوی گرووپی "ئهنسارولا ئه‌وفیا" كه یه‌كێكه له گرووپه‌كانی سه‌ر به ئێران، گوتی: هاوكاریكردنی هێزه‌كانی كورد كارێكی ره‌تكرایه‌وه و پێویسته سه‌رجه‌م كۆمه‌كه‌كان به حكوومه‌تی به‌غدا بدرێن و وه‌زاره‌تی به‌رگریش به‌سه‌ر هێزه‌كانی عێراقی دابه‌ش بكات، پێویسته حكوومه‌تی عێراق له‌وه بكۆڵێته‌وه و ته‌واوی ئه‌و كۆمه‌ك و هاوكارییانهیش له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی به‌رگرییه‌وه بزانرێن و تۆمار بكرێن.
زیاتر گوتی، ئه‌مه‌ریكا نایه‌وێ ئارامی له عێراق جێگیر ببێ و هانی كورده‌كان ده‌دا تا به‌رده‌وام پێچه‌وانه‌ی عێراق هه‌نگاو بنێن، ئه‌مه‌یش له به‌رژه‌وه‌ندی به‌غدا نییه و پێویسته به‌ر له‌م شه‌پۆله بگرێت.