لە فیلمە نوێیەكەی مادۆنادا باس لە دەستدرێژیی دەكرێت

:: AM:11:44:21/09/2020 ‌
مادۆنای هونەرمەند كە ئەستێرەیەكی ناوداری بوارەكانی گۆرانی و سەمایە بە ستایلی "پۆپ" دەناسرێتەوە. خۆی بەشداری لە سیناریۆی فیلمێك دەكات كە تایبەت بە ژیانی هونەریی خۆیەتی. بۆیە خۆی بەشداری لە سیناریۆ و دەرهێنانی فیلمەكە دەكات. لە فیلمەدا باس لە دەستدرێژییەكی سێكسی دەكرێ كە لە سەرەتاكانی ژیانیدا بەسەریدا هاتووە.
فیلمەدا باس لە دەستدرێژییەكی سێكسی دەكرێ كە بە زەبری چەك كراوەتە سەری

ئاژانسی "رۆیتەرز" كە پێشتر هەواڵێكی لەبارەی ئەو فیلمە نوێیەی مادۆنا بڵاو كردبووەوە، ئێستە پێگەی "ئیلاف" باس لەوە دەكات كە لەو فیلمەدا باس لە دەستدرێژییەكی سێكسی دەكرێ كە لە سەرەتای گەنجیی ئەو هونەرمەندە، بە زەبری چەك كراوەتە سەری.

بەپێی رۆژنامەی "زە میرۆر"ی بەریتانیایی كە پێگە عەرەبییەكە لەوی وەرگرتووە، كەسێكی نزیك لە مادۆنا باسی ئەوە دەكات كە لەو فیلمەدا، قسە لەسەر ئەوە دەكرێ كاتێك ئەو هونەرمەندە لە سەرەتاكانی گەنجیی خۆی بووە و بەرلەوەی ببێتە هونەرمەند، بە چەكەوە هەڕەشەی لێ كراوە و دەستدرێژیی سێكسیی كراوەتە سەر.

هاوكات لە فیلمەدا باس لەوە دەكرێ كاتێك مادۆنا تەمەنی پێنج ساڵ بووە، دایكی كۆچی دوایی كردووە، بۆیە كاریگەریی مردنی دایكی بەسەر ئەو خاتوونە دەركەوتووە، لە بەرهەمە هونەرییەكانیشی باسی مردنی دایكی كردووە.

ئەو فیلمە نوێیەی مادۆنا كە تایبەت دەبێ بە ژیانی هونەریی ئەو خاتوونە، لە ئێستەوە كاری تێدا دەكرێ و چاوەڕوان دەكرێ لە ساڵی 2022 پێشان بدرێت.

ئاژانسی "رۆیتەرز" ڕۆژی چوارشەم 16ی ئەیلوول بڵاوی كردووەتەوە، ستۆدیۆكانی "یونیفەرساڵ بیكشرز" كە سەربە كۆمپانیای "كۆمكاست"ـە رای گەیاندووە، مادۆنا خۆی بەشداری لە سیناریۆ و دەرهێنانی فیلمێك دەكات كە تایبەت بە ژیانی هونەریی خۆیەتی. ئەوەشی گوتووە كە مادۆنا لەگەڵ نووسەری سیناریۆی فیلمی "جۆنۆ" دیابلۆ كۆدی كە ئەو فیلمە خاوەنی خەڵاتی ئۆسكارە، بەشداری لە سیناریۆی فیلمەكەی خۆی دەكات.

ئەو خاتوونە هونەرمەندە لە بەیاننامەیەكدا دەڵێ، پێم خۆشە ئەو گەشتە هونەرییەی لە ژیانمدا كردوومە وەك گۆرانیبێژ و سەماكار و موزیكوان، لە فیلمێكدا بیخەمە بەرچاوی هەموو دنیا. سەرجەمی ئەو فیلمە تایبەت دەبێ بەو كارە هونەرییانەی ئەنجامم داوە.

ناوی راستینەی مادۆنا "مادۆنا لویز كیكۆن"ە و لە 1958 لە باسی سیتی ویلایەتی میتچان لە ئەمەریكا لە دایك بووە و بەڕەگەز ئیتالییە. گۆرانیبێژێكی ناوداری دنیایە و هاوكات سەماكار و نمایشكارە، لەگەڵیدا نووسەری تێكستی گۆرانییە و بەرهەمهێنەر و هەروەها دەرهێنەرە. لەگەڵ ئەوانەشەدا چالاكێكی دیاری بواری مرۆییە.

مادۆنا لە بواری پۆپ و موزیك و موزیكی ئەلیكترۆنی كاری كردووە و لەگەڵیدا بایەخی بە موزیكی فۆلكلۆر داوە و كاری تێدا كردووە. تا ئێستە 14 ئەلبوومی گۆرانیی بڵاو كردووەتەوە و دەیان خەڵاتی جیهانیی پێ بەخشراوە.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د