دەوڵەمەندترین كەسی ئەڵمانیا 42 ملیار یۆرۆی هەیە

:: PM:01:27:21/09/2020 ‌
رۆژنامەیەكی ئەڵمانی ناوی هەزار كەس لە دەوڵەمەندەكانی ئەو وڵاتەی بڵاو كردەوە و بەپێی ئەو لیستەش، كۆرۆنا كاریگەری زۆری لەسەر كەمكردنەوەی سامانی دەوڵەمەندەكان نەبووە.

دیتێر شوارتز دامەزرێنەری فرۆشگا زنجیرەییەكانی لیدڵ لەم وڵاتە، بە دەوڵەمەندترین كەس ناوی هاتووە. سامانی ئەو دەوڵەمەندە تەمەن 80 ساڵە 41 ملیار و 800 ملیۆن یۆرۆیە.

 خێزانی ریمان كە پشكداری سەرەكی كۆمپانیای "كوتی"یە، 21 ملیار و 450 ملیۆن یۆرۆی هەیە. خێزانی ڤۆلف كانگ پۆڕشە پشكداری سەرەكی پۆڕشە و ڤۆلكس واگن خاوەنی 20 ملیار یۆرۆیە و لە ریزبەندی سێیەمی دەوڵەمەندترینی ئەڵمانییەكان هەڵكەوتووە.
كۆی سامانی هەزار دەوڵەمەندترینی ئەڵمانییەكان تریلیۆنێك و 100 ملیار یۆرۆیە

بەگوێرەی دۆیچەوێلە، كۆی سامانی هەزار دەوڵەمەندترینی ئەڵمانییەكان تریلیۆنێك و 100 ملیار یۆرۆیە و بەراورد بە ساڵی رابردوو، سامانی ئەو هەزار كەسە بە یەكەوە 0.76% زیادی كردووە.

ئەوانەی زیاتر لە تەنگژەی كۆرۆنا سوودیان وەرگرتووە، خاوەن پیشەسازیی تەكنەلۆجیای زانیاری، پزیشكی و پیشەسازی دەرمانسازی و بازرگانیی ئەلیكترۆنین. 

پێویستە بگوترێ كۆمپانیا گەشتیارییەكان لە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا زۆرترین زیانیان بەركەوتووە.



وشە - سلێمان تاشان