چین بە سەرمایەی یەك ملیار دۆلار شارێكی گەورەی گەشتیاری لە هەولێر دروست دەكات

:: PM:03:52:22/09/2020 ‌
وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان دووبارە دەستی بە گەشەسەندن كردووەتەوە و وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانی خەریكی جێبەجێكردن یان دەستپێكردنی پڕۆژەكانیانن. هەندێك پڕۆژە زۆر گەورەن و دەرخەری ئەو راستییەن ئاسۆیەكی روونی وەبەرهێنان لە بەردەم هەرێمی كوردستاندایە.

سامان عارەب بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی هەولێر لە دیمانەی "وشە" دا ئاشكرای كرد، چین بە سەرمایەی یەك ملیار دۆلار و لەسەر رووبەری دوو هەزار دۆنم زەوی شارێكی گەورەی گەشتیاری، بازرگانی و نیشتەجێبوون لە هەولێر دروست دەكات و كۆمپانیاكانی ئەڵمانیا و وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی دراوسێش دووبارە روویان لە هەرێمی كوردستان كردووەتەوە و بەتەمای جێبەجێكردنی پڕۆژەی نوێن.

هەواڵی خۆشی لەسەر ئاسۆی پەرەپێدانی زۆربەی كەرتەكانی كوردستان خستووەتە ڕوو
لەو دیمانەیەدا كە رۆژی چوارشەم لە ماڵپەڕی "وشە" بڵاو دەكرێتەوە، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی هەولێر هەواڵی خۆشی لەسەر ئاسۆی پەرەپێدانی زۆربەی كەرتەكانی كوردستان خستووەتە ڕوو و جگە لەو پڕۆژانەی بە وەبەرهێنانیكی گەورە لە كوردستان جێبەجێ دەكرێن.

هەر لە دیمانەكەدا تیشك خراوەتە سەر لەمپەرەكانی بەردەم وەبەرهێنان و باس لە ئامادەكردنی یاسایەكی نوێی وەبەرهێنان دەكرێت.

دەقی تەواوی چاوپێکەوتنەکە سەرلەبەیانی رۆژی چوارشەم بڵاو دەكرێتەوە.



وشە - سلێمان تاشان