بەرپرسە باڵاكانی یەكێتی كەركووكیان جێهێشت

:: PM:04:00:22/09/2020 ‌
بەرپرسێكی یەكێتی لە مەڵبەندی كەركووك باس لەوە دەكات، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو بەشی هەرەزۆری بەرپرسە حزبی و حكوومییەكانی كەركووك شارەكەیان بەجێهێشتووە و لە شارەكانی تر دادەنیشن، بەپێی بەدواداچوونەكانی "وشە" تەواوی بەرپرسە حزبییەكانی یەكێتی لە كەركووكەوە ماڵیان بۆ سلێمانی گواستووەتەوە.

لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە، دۆخی كورد لە كەركووك زۆر خراپە، سەرەڕای ئەوەی شارەكە بەسەربازی كراوە و كوردیش كراوەتە ئامانج و بەردەوام بڕیاری دژی كوردانی كەركووك دەدرێت، لە لایەكیشەوە ماڵ و موڵكی كوردی كەركووك لەژێر هەڕەشە و داگیركردندایە.
بەشی زۆری كارگێڕ و ئەندام مەڵبەندەكانیش لە کەرکووک نەماون

لە بەدواداچوونێكدا "وشە" ئاشكرای دەكات كە ژمارەیەك لە بەرپرسە باڵا و دیارەكانی یەكێتی لە كەركووك كە پێشتر بە شانازییەوە باسیان لە كەركووك و مانەوە لەو شارە دەكرد، ئێستە ماڵیان بۆ سلێمانی گواستووەتەوە، هەروەها بەشی زۆری كارگێڕ و ئەندام مەڵبەندەكانیش لەوێ نەماون.

جەنگی عزەدین بەرپرسیی بەشی پێوەندییەكانی مەڵبەندی كەركووكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا بەشی زۆری بەرپرسانی كورد، هەم حزبی و هەم حكوومی كەركووكیان بەجێهشتووە و لەوێ نەماون، واتە بە ماڵەوە دەرچوون، تەنیا بۆ دەوامكردن دەچنەوە شارەكە و دەگەڕێنەوە.

زیاتر روونی دەكاتەوە، لەناو ئەو بەرپرسانەدا بە دەیان بەرپرس و كادری یەكێتیش هەم حزبی و هەم ئەوانەی لەسەر پشكی یەكێتی پۆستیان وەرگرتووە، شارەكەیان بەجێهێشتووە و ماڵیان گواستووەتەوە بۆ دەرەوەی كەركووك.

ئەو بەرپرسەی مەڵبەندی یەكێتی دەڵێ، هۆكاری ئەو بەجێهێشتنەی بەرپرسان لە كەركووك بۆ ئەو بەسەربازیكردن و دۆخە خراپەی كەركووك دەگەڕێتەوە كە لەو سێ ساڵەدا دروست بووە، سەركردایەتی سیاسیی كەركووك لە خەمی شارەكەدا نییە و كەس لەسەر كەركووك بە وەڵام نایەت، ئەوانیش ناچار نین لە شارێك بمێننەوە كە هیچ تەناهییەكی نەبێت.

 بەشی هەرەزۆری بەرپرسە دیارەكانی یەكێتی لە كەركووك، ماڵیان گواستووەتەوە و تەنیا لە كاتی دەوامی حزبی، یان حكوومی دەگەڕێنەوە بۆ شارەكە، جگە لە بەرپرسە حزبی و حكوومییەكان، ئێستەش رۆژانە هاووڵاتییانی ئاسایی شارەكە بەجێ دەهێڵن و روو دەكەنە هەولێر و سلێمانی.

بەپێی بەدواداچوونەكانی "وشە" هەریەك لە ئاسۆ مامەند، رەفعەت عەبدوڵا، وەستا رەسووڵ، رزگار عەلی، لەگەڵ رەوەند مەلا مەحموود، جێگری مەڵبەند و بەرپرسە دیارەكانی یەكێتی لە كەركووك كە پێشتر ماڵیان لەو شارە بووە، ئێستە چوونەتەوە سلێمانی، هەروەها ئەندام مەڵبەند و كارگێڕەكانیش ماڵیان گواستووەتەوە بۆ سلێمانی.

سەرچاوەیەك لەناو یەكێتی بە "وشە"ی راگەیاند، دەرچوونی ئەو بەرپرسە گەورانەی یەكێتی لە كەركووك و بەجێهێشتنی مانای ئەوەیە دۆخی شارەكە لە رووی تەناهییەوە هیچ باش نییە و ئەوانیش ترسیان هەیە لەوێ بمێننەوە، هەروەها كاریگەریشی لەسەر دۆخی كورد لە شارەكە هەیە كە هەر جارە و لەژێر ناوێك سزا دەدرێن و هێرشیان دەكرێتە سەر.

ئەوەشی خستەڕوو، كاتێك شارێكی وەك كەركووك بەرپرسە گەورە حزبییەكان لێی دەرچن و لەوێ نەمێننەوە، بە ئاسانی هەرچی بڕیاری دژی كوردە جێبەجێ دەكرێت، ئەگەر هاووڵاتیی ئاساییش شارەكە بەجێبهێڵێت چاو لەوان دەكەن و ئەوەش بەدەستەوەدانی كەركووكە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - هیدایه‌ت جان

ئه‌م بابه‌ته 2719 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌