ئەمەریكا هێزەكانی لە ئەفغانستان دەكشێنێتەوە

:: AM:10:34:23/09/2020 ‌
دۆناڵد ترەمپ لە پەیامێكدا بۆ رێبەرانی دنیا رای گەیاند، كۆتایی بە جەنگی ئەفغانستان دەهێنێت و هێزەكانی خۆی لەم وڵاتە دەكشێنێتەوە.

ترەمپ لەو وتارەی كە لە كۆبوونەوەی گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان پێشكەشی كرد، گوتی كشانەوەی ئەمەریكا لە ئەفغانستان لە پێگەی لاوازبوونیەوە نییە، بەڵكو لە پێگەیەكی هێز و سەركەوتنەوە ئەو بڕیارەی داوە.

پێویستە بگوترێ ترەمپ رۆڵی هەیە لەو دانوستانەی لە نێوان حكوومەتی ئەفغانستان و تاڵیبان دەستی پێ كردووە و لەم رووەوە ئەرێنی باش نراوە.

زاڵمای خەلیل زاد نوێنەری تایبەتیی ئەمەریكا بۆ ئاشتیی ئەفغانستان لە لایەن كۆنگرێسەوە بانگهێشت كراوە بۆ ئەوەی لەسەر پرسی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە ئەفغانستان روونكردنەوە بدات.
بڕیاری كشانەوە مەرجدارە و گرێ دراوە بە ئاشتیی نێوان قاعیدە و تاڵیبان.

بەگوێرەی بی بی سی، پرسیاری ئەوە لە خەلیل زاد كراوە ئایا ئەمەریكا بە كشانەوەی لە ئەفغانستان دووبارە نابێتەوە هۆی بەهێزبوونی قاعیدە و گرووپە تیرۆریستییەكان؟ ئەویش گوتوویەتی بڕیاری كشانەوە مەرجدارە و گرێ دراوە بە ئاشتیی نێوان قاعیدە و تاڵیبان.

لە دەستپێكردنی دانوستانی نێوان لایەنەكانی ئەفغانستان هەفتەیەك تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا دەرەنجامێكی یەكلاكەرەوەی نەبووە و ئەمەریكا لە چاودێریكردنی گفتوگۆكان بەردەوامە.


وشە - سلێمان تاشان