ئه‌ندامێكی فیدراسیۆنی سه‌رانسه‌ری په‌نابه‌رانی عێراقی له توركیا ئاشكرای ده‌كات، پۆلیسی ئێشكگری ده‌ریایی یۆنان، په‌نابه‌ران دیپۆرت ده‌كاته‌وه له‌كاتی گه‌یشتنیان به سنووری ده‌ریایی ئه‌و وڵاته، بێ گوێدانه ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی په‌نابه‌ران له‌كاتی دیپۆرتكردنه‌وه‌یاندا ڕووبه‌ڕووی ده‌بنه‌وه.
پۆلیسی ئێشكگری ده‌ریایی یۆنان په‌نابه‌ران دیپۆرت ده‌كاته‌وه
ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 23ی ئه‌یلوول، هیوا خدر ئه‌ندامی فیدراسیۆنی سه‌رانسه‌ری په‌نابه‌رانی عێراقی له توركیا به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی له‌ڕێی ده‌ریای ئیجه‌وه به‌ره‌و یۆنان ده‌ڕۆن، زۆرینه‌یان له‌لایه‌ن پۆلیسی ئێشكگری ده‌ریایی یۆنانه‌وه دیپۆرت ده‌كرێنه‌وه بێ گوێدانه ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی په‌نابه‌ران له‌كاتی دیپۆرتكردنه‌وه‌یاندا ڕووبه‌ڕووی ده‌بنه‌وه.
زیاتر گوتی، "له‌باره‌ی ئاماری ڕزگاركردنی ئه‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی په‌نابه‌رانیش، ته‌نیا له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی سه‌ر به‌شاری مۆغه‌ڵا له ڕۆژانی 19 و 21 و 22ی ئه‌یلوول، 36 په‌نابه‌ر له ده‌ریای ئیجه له‌لایه‌ن پۆلیسی ئێشكگری ده‌ریایی توركیاوه ڕزگار كراون كه پێشتر له‌لایه‌ن پۆلیسی ئێشكگری ده‌ریایی یۆنانه‌وه دیپۆرت كرابوونه‌وه".
ڕوونی كرده‌وه، "له 19ی ئه‌یلوول سه‌عات 3:30ی به‌ره‌به‌یاندا له ناوچه‌ی بۆدرووم سه‌ر به‌شاری مۆغه‌ڵا، به‌له‌مێكی چووپی په‌نابه‌ران به 19 په‌نابه‌ره‌وه ژێرئاو ده‌كه‌وێت كه ده‌نگ و هاواریان ده‌گاته چه‌ند به‌له‌مێكی مه‌ده‌نیی ناوچه‌كه، یه‌كسه‌ر پێوه‌ندی ده‌كه‌ن به پۆلیسی ئێشكگری ده‌ریایی توركیاوه، ڕاسته‌وخۆ به سێ به‌له‌می هێزه‌كانی ده‌ریایی توركیا ده‌گه‌نه سه‌ریان، ته‌رمی په‌نابه‌رێك ده‌دۆزنه‌وه و 18 په‌نابه‌ریش ڕزگار ده‌كه‌ن، په‌نابه‌رێكیش له‌به‌ر خراپی باری ته‌ندروستی ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه ده‌كرێت، دوای هه‌وڵێكی زۆری پزیشكه‌كان گیان له ده‌ست ده‌دات، به‌هۆیه‌وه دوو په‌نابه‌ر گیان له ده‌ست ده‌ده‌ن".
به‌هۆی خراپی ڕه‌وشی ئابووری و سیاسیی سووریا و ئه‌فغانستان و عێراق و به‌شێكی وڵاتانی ئاسیا و وڵاتانی ئه‌فه‌ریقا و به‌رده‌وامی ته‌نگژه‌كانی، به‌شێكی زۆری دانیشتووانی ئه‌و وڵاتانه، بڕیاری جێهێشتنیان داوه و له ڕێی سنووری ده‌ریایی توركیا و یۆنان ده‌یانه‌وێ به شێویی قاچاغ له‌وێوه بگه‌نه وڵاتی سێیه‌م و ژیانێكی نوێ ده‌ست پێ بكه‌ن.