ژنێك لەناو ماڵەكەی خۆیدا بە كوژراوی دۆزرایەوە

:: PM:12:14:23/09/2020 ‌
بەربەیانی ئەمڕۆ تەرمی ژنێك لەناو شاری كەركووك بەبێ گیانی دۆزرایەوە و پۆلیسیش دەڵی، ژنەكە تەمەنی 30 ساڵە و لەناو شوقەكەیدا كوژراوە.
گومانی ئەوە دەكەین بکوژەکە دۆست و ناسراوی قوربانییەكە بێت

ئەمڕۆ چوارشەم 23ی ئەیلوول، چەند دوكاندارێك لەناو شاری كەركووك  وەك شایەتحاڵ بە "وشە"یان راگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ تەرمی ژنێك لە شوقەیەكدا لە گەڕەكی ئازادی كە قەسابخانەی پێ دەگوترێ، دۆزرایەوە.

سیروان مەولوود وەك شایەتحالێك بۆ"وشە" ئاشكرای كرد، پۆلیسیان لە رووداوەكە ئاگادار كردووەتەوە و هێزێكی پۆلیس هاتوون و تەرمی ژنەكەیان هێناوەتە دەرەوە.

غالب عەلی ئەفسەری پۆلیسی كۆمەڵگەیی بۆ "وشە" گوتی، ئەو ژنە تەمەنی سەرووی 30 ساڵ دەبێ و ناوی "ع. ه"یە، لەناو شوقەكەدا كوژراوە.

ئەو ئەفسەرە روونی دەكاتەوە، دەركەوتووە بە دەستی كەسێك كوژراوە بەناوی "ح. س"، بكوژیش رایكردووە و شوێنی نادیارە.

بەگوێرەی زانیارییەكانی غالب عەلی، بكوژەكە دوای كوشتنی ئەو ژنە، هەر لەناو شوقەكەدا چەكەكەی بەجێهێستووە و گومانی ئەوە دەكرێت دۆست و ناسراوی قوربانییەكە بێت.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی



وشە - هیدایه‌ت جان