شاجوانی ئێران دوێتێک لەگەڵ ئینریکی دەڵێت

:: AM:11:13:24/09/2020 ‌
بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاو كراونەتەوە، شاجوانی ئێران بۆ ساڵی 2019 "لەیلا ئەحمەد عەلی" كە هەڵگری رەگەزنامەی بەریتانیاییە و لە لەندەن نیشتەجێیە، ئێستە دەیەوێ لە بواری گۆرانیگوتندا بەختی خۆی تاقی بكاتەوە و گۆرانییەكی دوێت بە زمانی ئینگلیزی بڵاو دەكاتەوە.

ئامادەكاری بۆ گۆرانییەكی ئینگلیزی دەكات و بەمزووانە بڵاوی دەكەنەوە

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ پێنجشەم 24ی ئەیلوول بڵاوی كردووەتەوە، شاجوانی ئێرانی 2019 پێشتر لە بواری دراما و فیلمی سینەماییدا بەختی خۆی تاقی كردبووەوە و لە چەندان دراما و فیلمدا رۆڵی وەرگرتووە، ئێستە لەگەڵ گۆرانیبێژی ئیسپانی "ئینریكی ئیگلیسیاس" ئامادەكاری بۆ گۆرانییەكی ئینگلیزی دەكات كە بەمزووانە بڵاوی دەكەنەوە.

بەپێی پێگەكە، لەیلا بۆیە دەیەوێ خۆی لە بواری گۆرانگوتن بدات، خاوەنی دەنگێكی ناوازەیە و بۆ ماوەیەك بەشداریی لە خولی فێبوونی گۆرانی كردووە، بۆیە دواجار بڕیاری دا لەگەڵ هونەرمەند ئیگلیسیاس گۆرانییەكی دوێت بڵاو بكاتەوە. هاوكات ئێستە لەگەڵ ئاوازدانەرێكی میسری ئامادەكاری بۆ گۆرانییەكی عەرەبیش دەكات كە دەكەوێتە ساڵی داهاتوو.

لەیلا بۆ میدیاكان گوتوویەتی، دەمێكە بیرم لە گۆرانیگوتن كردووەتەوە، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەرنامەكەم دوا كەوت، ئێستەیش بۆ ساڵی داهاتوو 2021 گۆرانییەكانم بە كلیپەوە بڵاو دەكەمەوە.

لەیلا ئەحمەد عەلی كە بەڕەگەز ئێرانییە و هاوكات هەڵگری رەگەزنامەی بەریتانیاییە و ئێستە لە لەندەن نیشتەجێیە، پزیشكی ددانە. زیاتر بایەخ بە كارە مرۆییەكان دەدات و لەوبارەیەوە كاری زۆری كردووە، بەتایبەتی بۆ ئاوارە و منداڵە بێ سەرپەرشتەكان.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د