سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان رای دەگەیەنێت، لێسەندنەوەی متمانە جگە لە سەرۆكی حكوومەت، بۆ ستافی حكوومەت پێویستی بە 56 دەنگ هەیە، بۆ فراكسیۆنی پارتی یەكێكە لە ئاسانترین شت كە پەنای بۆ ببەین، هیوادارم ناچارمان نەكەن پەنای بۆ ببەین.
ئەمڕۆ پێنجشەم 24ی ئەیلوول، ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، پرۆسەی پرساندن لە كاری پەرلەمان یەكێك لە كارە ئاسایی و یاساییەكان، لە كوردستانیش ڕێكار و پرۆسەی پرساندن لە پێڕەوی ناوخۆیی پەرلەمان ڕێی یاسای و ڕێچكەی پێڕەویی خۆی هەیە.
كارابوونی پەرلەمان و پێوەندی بەهێزی نێوان دامەزراوە دەستوورییەكانە
روونی دەكاتەوە، بەداخەوه ئەو بابەتەش وەك زۆر بابەتی تری كوردستان خەریكە دەشێوێنرێ!. دەشڵێت "فراكسیۆنی پارتی وەك گەورەترین فراكسیۆن، بەهەموو شێوەیەك لەگەڵ ڕۆڵبینینی پەرلەمان و كارابوونی پەرلەمان و پێوەندی بەهێزی نێوان دامەزراوە دەستوورییەكانە.
ئەوەیش دەخاتەڕوو، ئەوەی زۆرینە بێت لە پەرلەمان، بەشی شێری باشی و خراپییەكانی بەردەكەوێ، ئێمەش بەوە ڕاهاتووین و خەڵكیش شاهیدە، لە بەرپرسیاریەتی ڕاناكەین و هەڵگری بەرپرسیاریەتین.
خۆشناو روو لەوانە دەكات كە دەڵێن "دەسەڵات لە پەرلەمان دەترسێ، یان هیچ لە مانای هێزی زۆرینە ناگەن، یان ئەوەتا خۆیان و خەڵك دەگەوجێنن". هەروەها دەڵێ "بۆیه ئێمە زۆر ڕاشكاو و ڕاستگۆ بووینە لەگەڵ هاوبەشەكانمان لە حكوومەت و لەگەڵ ئەوانەش كە ئۆپۆزسیۆنن، هەموو لایەك ئەو ڕاستییە دەزانن، لە پرۆسەی پرساندن و وەرگرتنەوەی متمانە لە سەرۆكی حكوومەت، پێویست بە ٧٤ دەنگ لە كۆی ١١١ دەنگی پەرلەمان دەكات، بۆ ئەوەش هەموو لایەك ئەوە دەزانن، ٧٤ دەنگ بەدەستهێنان لە سەرووی موستەحیلە!.
لە بەرانبەردا خۆشناو لەبارەی لێسەندنەوەی متمانە لە ستافی حكوومەت جگە لە سەرۆكی حكوومەت دەڵێ، "ئەندامانی كابینە پێویستی بە ٥٦ دەنگ هەیە، ئەو ڕاستییەش هەموو لایەك دەزانن بەدەستهێنانی ٥٦ دەنگ بۆ فراكسیۆنی پارتی یەكێك لە ساناترین كارەكانە، بەڵام پەنامان بۆ نەبردووه و ئەگەر ناچاریشمان نەكەن، پەنای بۆ نابەین!.
ئەوە لەكاتێكدایە پرساندنی سەرۆكی حكوومەت لە لایەن چەند فراكسیۆنێك واژووی بۆ كۆ كراوەتەوە، بەڵام بەپێی پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمان پرسی پرساندنی سەرۆكی حكوومەت پێویستی بە 23 واژوو هەیە، بە فراكسیۆنەكانی سەرقاڵی كۆكردنەوە واژوو بوون، تەنیا 22 واژوو كراوەتەوە.