شەش کێشەی باوی ئۆتۆمبێل پێویستە بیانزانی

:: PM:05:34:26/09/2020 ‌

زۆربەی شۆفێران ڕووبەڕووی گرفتی باو دەبنەوە لە ئۆتۆمبیلەكانیاندا بەھۆی كەم شارەزایی لە بواری چاكسازی ئۆتۆمبیلدا نازانن كێشەی ئۆتۆمبێلەكانیان چییە و بەهۆی چییەوە ئەم گرفتەیان تووشبووە، بۆیە پێویستە شۆفێر زانیاری لەسەر شەش جۆر لە گرفت لە ئۆتۆمبێل هەبێت كاتێك دروست دەبێت.

له‌مباره‌یه‌وه‌ هاوكار حه‌مه‌ده‌مین پسپۆڕ و ئه‌ندازیاری میكانیكی ئۆتۆمبێل بۆ ''وشه‌'' به‌ چه‌ند خاڵێك ئاشكرای كرد و ده‌ڵێ، ئەم خاڵانەی خوارەوە سەرەکیترین گرفتن کە تووشی شۆفێران دەبن، بۆیە پێویستە هەر شۆفێرێک شارەزاییەتیان لەبارەوە پەیدا بکات و بزانێت چۆن لەم گرفتە دەرباز دەبێت.

سەرەکیترین کێشەکان ئەمانەن

یەکەم - لەكاتی ڕۆیشتندا بەردەوام ئۆتۆمبیل دەیبڕێت و ناتوانێت بەشێوەیەکی ئاسایی ئۆتۆمبێلەکەی لێبخوڕێت دواتر بزوێنەر دەوەستێت، ئەمەیش ھۆكارەكەی گیرانی فلتەری سووتەمەنی و تێكچوونییەتی كە بەشێكی بەرپرسە لە پاڵاوتنی سووتەمەنییەکە بەر لە چوونە ژووری سووتان لەناو بزوێنەردا.

دووەم - بوونی دەنگێك لە ژێر بزوێنەردا ئەمەیش ھەندێ جار دەنگەكە زۆرە و دەریدەخات كە ئەگزۆزەكە كون بووە یان شكاوە كە بەرپرسە لە دەركردنی پاشماوەكانی سووتان بۆ دەرەوەی ئۆتۆمبیلەكە.

سێیەم - نەمانی كێشی ئۆتۆمبیلەكە و ھەستكردن بەبڕینی لەکاتی رۆیشتندا ئەمەیش ھۆكارەكەی ئەوەیە كە پلاكەكان تێكچون.

چوارەم - لەرینەوەی ئۆتۆمبیلەكە ل ەكاتی ئیستۆپ كردندا، ئەمەیش گرفتێكە بەھۆی تێكچوونی دیسكی ئیستۆپەكان و داخورانی بانسەكان و بچڕانی كێبڵی ئیستۆپەكەوەیە.

پێنجەم - لەرینەوەی ئۆتۆمبیلەكە دوای خێرایی 100 كیلۆمەتر لە سەعاتێکدا گرفتێكی ئاساییە و پێویستی بەدووبارە بڵانس كردنەوە ھەیە بۆ تایەكان لەپێناو پاراستنی ھاوسەنگیدا.

شەشەم - بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بزوێنەر ''حەماوە'' ئەمەیش تا دەگاتە كوژاندنەوەی لەناكاوی ئۆتۆمبیلەكە كە ھۆكارەكەی كەمی ئاوی رادێتەرەكەیە كە بەرپرسە لە ساردكردنەوەی بزوێنەرەکە یان راوەستانی پانكەی رادێتەرەكە كە رۆڵی گرنگ دەبینێت لە ساردكردنەوەی بزوێنەر.

ئەو شارەزایە ئاشکرای کرد، کە لەکاتی هەست کردن بە هەر یەکێک لەم گرفتانە پێویستە بیبەیتە نزیکترین شوێنی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل و شارەزای تایبەت ئۆتۆمبێلەکەت ببینێت، بۆ ئەوەی لەم گرفتە ڕزگارتبێت و بە سەلامەتی ئۆتۆمبێلەکەت لێ بخوڕیت.


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان