شێرزاد حەسەن سێ كتێبی نوێ بڵاو ده‌كاته‌وه‌

:: PM:01:19:27/09/2020 ‌
بڕیاره‌ له‌ سه‌ره‌تاى مانگى ئۆكتۆبه‌ردا سێ كتێبی تازەی نووسەر و وەرگێڕی ناسراوی كورد شێرزاد حەسەن بڵاو بكرێته‌وه‌.

لە هۆڵی كافێ كتێبی غەزەلنووس رێوڕەسمی بەرێوەچوونی سێ كتێبی نوێی شێرزاد حەسەن بەڕێوە دەچێت
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 27ى ئه‌یلوول، ناوه‌ندى غەزەلنووس له‌ شارى سلێمانى له‌ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كدا له‌ پێگه‌ى تایبه‌تى خۆیان له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبووك ئاشكراى كردووه‌، "هەفتەی داهاتوو لە ناوەندی غەزەلنووس لە سلێمانی رێوڕەسمی بڵاوكردنەوەی كتێبه‌ نوێیه‌كانى شێرزاد حەسەن به‌ ئاماده‌بوونى خۆى بەرێوە دەچێت."

زیاتر هاتووه‌، "ڕۆژی شەمووى داهاتوو سێى ئۆكتۆبه‌ر، لە هۆڵی كافێ كتێبی غەزەلنووس لە سلێمانی، رێوڕەسمی بەرێوەچوونی سێ كتێبی نوێی نووسەری كورد شێرزاد حەسەن بەڕێوە دەچێت".

ئاماژه‌ دراوه‌، "كتێبەكان بریتین لە (جوانییەك لە تووڕەبووندا)، كە دیدارێكە بە تامی ژیاننامەوە و هیوا قادر لەگەڵیدا ئه‌نجامى داوە. كتێبی دووەم بریتییە لە (منداڵێكی نوێ)، كتێبی سێیەمیش كتێبێكی وەرگێڕدراوی ژان پۆڵ سارتەرە و نووسەر لە ئینگلیزییەوە وەریگێڕاوە."

شێرزاد حەسەن لەدایكبووی هەولێر 1951 گەڕەكی خانەقایە، لە ڕەواندز چوار ساڵی قۆناغی سەرەتایی لە قوتابخانەی پاشای گەورە خوێندووە، پاشان بۆ پۆلی شەشی سەرەتایی هاتوونەتەوە هەولێر و تا قۆناغی بەر لە زانكۆ و خوێندنی لە هەولێر تەواو كردووە، خاوەن بڕوانامەی بەكالۆریۆسە لە زمان و ئەدەبی ئینگلیزی لە زانكۆی بەغدا لەساڵی 1974-1975، لە ئابی 1977 لە ئامادەیی پیشەسازیی كارەبا و ئەلیكترۆنی سلێمانی دامەزراوە، پاشان لە كۆتای ساڵی 1978 گواستراوەتەوە بۆ ئامادەیی بازرگانیی سلێمانی، لە ساڵی 1994ەوە تا حوزەیرانی 1997 لە ڕێكخراوی نێودەوڵەتی سەر بە بەریتانیا بەناوی ئێم جی ئەی كاری كردووە لە بەشی پەروەردە و راگەیاندن و بۆ ماوەی دوو ساڵ سەرنووسەری گۆڤاری ئاوات و هێڤی بووە كە ڕێكخراوەكە دەری دەكات بۆ منداڵان و قوتابیان.

لە هاوینی 1997 بە بانگهێشتی ئەدەبی چووەتە فینلەند، لە بواری پەروەردە و كێشەكانی و ڕاپەڕاندنی كاروباری ڕاگەیاندن كاری كردووە، خاوەنی چوار كۆمەڵە چیرۆكە بەناوەكانی "تەنیایی و گوڵی ڕەش و گەڕەكی داهۆڵەكان و پیرە پەپوولەكانی ئێواران"، دوو رۆمان و سێ نۆڤلێت بەناوەكانی "پێدەشتی كارمامزە كواراوەكان و تەمی سەر خسند و حەسار و سەگەكانی باوكم و خەونی جاڵجالۆكەكان و ژنێكی منگن"ی نووسیوە. زیاتر لە 20 كتێبی وەرگێڕاوە لە بوارەكانی شیعر و چیرۆك و ڕۆمان و شانۆگەری و دەروونناسی و هونەری و ڕاگەیاندن و كۆمەڵناسی و سیاسەت لە زمانی ئینگلیزییەوە بۆ كوردی، بەشداری فێستیڤاڵی هاوینەی ئەدەبی كردووە لە سكۆتلەندا، سەربارەی ئەوەی لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوو لە بواری بەرگریكردن لە مافی منداڵان و ژنان و پەروەردە و پاراستنی ژینگە، لە كۆڕ و كۆبوونەوەی زۆر بەشداری كردووە.



وشە - محەمەد میران