بڕیاری نوێ‌ بۆ كردنەوەی قوتابخانەكان دەرچوو

:: AM:11:08:29/09/2020 ‌
وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، لەو شوێنانەی ئینتەرنێتییان پێ ناگات دەسەڵات دراوەتە بەڕێوەبەرەكان دەرگای قوتابخانەكان بكەنەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 29ـی ئەیلوول، ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەكاتی كردنەوەی قوتابخانەیەكی نوێ‌ لە سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، وەزارەتی پەروەردە هەمووو هەوڵێكی داوە كێشە بۆ پڕۆسەی خوێندن دروست نەبێت.

دەسەڵاتمان داوەتە بەڕێوەبەرە گشتییەكان گشت قۆناخەكانی خوێندن بكەنەوە، بەڵام بە رەچاوكردنی رێنوێنییە تەندروستییەكان 
وەزیری پەروەردە گوتی، بۆ ئەو شوێنانەی كە گرفتی ئینتەرنێتیان هەیە دەسەڵاتمان داوەتە بەڕێوەبەرە گشتییەكان گشت قۆناخەكانی خوێندن بكەنەوە، بەڵام بە رەچاوكردنی رێنوێنییە تەندروستییەكان. 
 
"لەو شوێنانەی كە گوندن ژمارەی قوتابیانیان كەمە و تۆڕەكانی ئینتەرنێت وەكو پێویست نییە، دەسەڵاتی ئەوەمان پێداون كە گشت قۆناخەكانی خوێندن بكەنەوە" ئالان حەمەسەعید وای گوت.

وەزیری پەروەردە دووپاتی کردەوە، قوتابیانی قۆناخەكان سێی بنەڕەتی تا 11ـی ئامادەییش دابڕاو نابن لە قوتابخانەكانیان بەپێی ئەو بەرنامەیەی دانراوە بۆیان جێبەجێی دەكرێت دەچنە قوتابخانە.



وشە - رامیار جەواد