جەمال كۆچەر: دواكەوتنی مووچە لە عێراق بەردەوام دەبێت

:: PM:02:30:01/10/2020 ‌
جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ "وشە" باس لە كێشە داراییەكانی عێراق دەكات و ڕای دەگەیەنێت، ساڵی داهاتوو، عێراق بودجەی نابێت و كێشە داراییەكان قوڵتر دەبنەوە و كەسیش ئامادە نیە لە وڵاتان قەرز بە عێراق بدات بۆ مووچە.

-پڕۆژە یاسای بودجە ڕەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران كرا دوای حكوومەت كێشایەوە هۆكارەكەی چی بوو؟
 پێویستە ئەو ڕاستییە بزانرێت كێشەی پارە و نەبوونی پارەی پێویست لە عێراق گەیشتووەتە لووتكە و بۆ ساڵی 2021 بەردەوامی دەبێت و تەنیا بە چاكسازی چارەسەر دەكرێت، ئەوەیش لە ئێستە زۆر قورسە و كاتی دەوێت هۆكاری كشانەوەكەیشی پێوەندی بەو تەنگژە داراییە هەیە كە ئێستە عێراق هەیەتی و كێشەیەكی زۆر لەو بودجەیە هەبوو، بۆیە حكوومەت كشاندییەوە.

هیچ وڵاتێك ئێستە ئامادە نیە ئەو بڕە زۆرە پارە بە قەرز بدات بۆ مووچەی فەرمانبەران 
-كەوایە عێراق پێویستە پارە قەرز بكات بۆ چارەسەری كێشە داراییەكانی؟
حكوومەتی عێراق بۆ ئەوەی بتوانێت مووچە دابەش بكات پێویستی بە قەرزكردنی یەك ملیار و 200 ملیۆن دۆلارە بۆ هەر مانگێك و دەتوانێت وەك ئەمانەتێك قەرزەكە لە زیادكردنی داهاتی ناوخۆیی دابین بكات، تا دوای ئەوەی یاسای بودجە یان قەرز دێت، پارەكە دەچێتە سەر قەرز و دەكەوێتە سەر رێڕەوی خۆی، بەڵام هیچ وڵاتێك ئێستە ئامادە نیە ئەو بڕە زۆرە پارە بە قەرز بدات بۆ مووچەی فەرمانبەران.

-كێشەی دواكەوتنی مووچەی عێراق بەردەوام دەبێت؟
عێراق كێشەیەكی گەورەی نەبوونی سیویلەی هەیە و بەو هۆیەشەوە تائێستە نەیتوانیوە مووچەی خۆی دابەش بكات و پێشبینی دەكرێت بۆ ساڵی 2021 ئەو كێشەیە بەردەوامی هەبێت ئەگەر چاكسازی ڕاستەقینە نەكرێت ئەوا دۆخەكە زۆر خراپتر دەبێت لەسەر كێشە داراییەكان كێشەی تر دروست دەبێت، بۆیە دەبێت چارەسەرێكی خێرا بۆ دۆخەكە بدۆزرێتەوە. 

-لە بودجەی 2021 ئەو كێشەیە چارەسەر دەكرێت یان بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021 ئامادە دەبێت؟
بە ئەگەرێكی زۆرەوە عێراق وەك ساڵی 2020 بۆ ساڵی 2021 بودجەی نابێت و حكوومەت هیچ پڕۆژەیەك بۆ ئەنجوومەن نانێرێت، چونكە دواین وادە بۆ پەسەندكردنی 15ـی تشرینی یەكەم لە كاتێك تا ئێستە ئەو بودجەیە هەر نەناراوە، بۆیە بوونی بودجە عێراق بۆ ساڵی داهاتوو ئەگەرێكی زۆر لاوازە و عێراق هاوشێوەی ئەمساڵ بەڕێی دەكات هەڵسەنگاندن و متمانەدان بە دوو بودجە لەو ماوە كەمەی هەیە زۆر ئەستەمە.

-ئەو قەرزەی عێراق داوای كردووە لەناوخۆ و دەرەوە چۆنە؟
پێشتر لە پڕۆژەی بودجەی 2020 كە ڕەوانەی پەرلەمان كرا و دواتر كشاندیەوە، عێراق داوایكردبوو بڕی پێنج ملیار دۆلار قەرز بكات، بەڵام ئەوەندەی ئێمە بزانین كەس ئامادەنەبوو ئەو قەرزەی پێ بدات، ئێستە لەبری پڕۆژەی بودجە دەیەوێت لەبری ئەوە تەنیا پڕۆژەیەك بۆ پەرلەمان بنێرێت تا هەوڵبدات بڕی 27 ملیار دۆلار قەرزی ناوخۆیی بكات ‌و لەو ڕێگەیەوە بتوانێت مووچەی پێ دابین بكات، هەروەها هیچ وڵاتێك ئامادەیی پێدانی ئەو قەرزە نەبووە، تەنیا بۆ وەبەرهێنان نەبێت پارە دەدرێت ئەگەر پارە بۆ قەرزی مووچەش بدرێت بڕێكی زۆر كەم دەبێت لەوەی عێراق داوای دەكات.

-كەوایە عێراق تەنیا كێشەی بودجەی نابێت، بەڵكو كێشەی بەدەستهێنانی پارەشی هەیە ئەگەر بەقەرز پێی بدرێت؟
 لە عێراق ڕۆژانە كێشە داراییەكان قوڵتر دەبنەوە و هەركاتێك داوای قەرز بكات تەنیا قەرزی وەبەرهێنانی پێ‌ دەدرێت كە ناتوانرێت ئەو پارەیە بۆ مووچە دابین بكرێت، بۆیە ئەو كێشانەی هەیە كێشەی بێمتمانەیش بە عێراق دروست دەبێت و دەبێت بەخێرایی عێراق بە خۆداچوونەوە بكات.

-دۆخی مووچەی مووچەخۆرانی عێراق لە ساڵی 2021 چۆن دەبێت؟
ئەگەر قەرزی ناوخۆیی نەكات بەهیچ شێوەیەك ناتوانرێت مووچەی فەرمانبەران بە تەواوی دابین بكرێت و كێشەی مووچە بەردەوامی دەبێت و د‌وخەكە لە مەترسییەكی ڕاستەقینە نزیك بووەتەوە، هەروەها ئەو كێشەیەی بۆ ئەو مانگە هەیە كە 46 ڕۆژە مووچە دابەش نەكراوە ئەوە بەدڵنییایەوە بۆ مانگەكانی تر بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت.

ئەو سێ‌ مانگەی ماوە عێراق مووچەی بۆ دابین دەكرێت؟
حكوومەتی عێراق بۆ ئەوەی بتوانێت مووچە دابەش بكات پێویستی بە قەرزكردنی یەك ملیار و 200 ملیۆن دۆلارەی مانگانەیە و دەتوانێت وەك ئەمانەتێك قەرزەكە لە زیادكردنی داهاتی ناوخۆیی دابین بكات، بەڵام ئەوە چارەسەر نیە، ئایا بۆ هەموو مانگێك مووچە بەو دۆخە دابەش دەكرێت یان عێراق دەبێت بۆ هەموو مانگێك قەرز بكات.



وشە - رامیار جەواد