خواردنەوەی قاوە بەر لە ژەمی بەیانی مەترسیدارە

:: PM:09:19:03/10/2020 ‌

زۆر كەس خواردنەوەی كووپێك قاوە بووەتە نەریتێكی ژیانیان و پێوەی ئالوودە بوونە، شارەزایانی خۆراك و تەندروستی وریایی دەدەنە ئەوانەی بەر لە ژەمی بیانیان دەیخۆنەوە، بەوەی تووشی نەخۆشی و كێشەی مەترسیداریان دەكات، بۆیە پێویستە لێی دووربكەونەوە.
لە خەواڵوویی رزگارت دەكات، بەڵام بۆ تەندروستی باش نییە
وەك لە توێژینەوەیەكی نوێدا هاتووە كە لە رۆژنامەی بەریتانی تایبەت بە زانستی خۆراك "جۆرناڵ ئۆف نیوترێشن"، بڵاو كراوەتەوە، خواردنەوەی قاوە بەر لە ژەمی بیانیان، كاریگەرییەكی نەرێنی بۆ سەر شەكرەی خوێن هەیە و مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە و نەخۆشییەكانی دڵ زیاتر دەكات. 

توێژەران چاودێری كاریگەریی چەند هۆكارێكیان بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ كرد وەك نوستنی پچڕ پچڕ و خواردنەوەی قاوە لە بەیانیان، لەپال چەند هۆكارێكی تر كە میتابۆلیسم دەشێوێنن، ئەنجامەكەی دەركەوت نەنوستنی پێویست بۆ تەنیا شەوێك، بە شێوەیەكی سنووردار كار دەكاتە سەر میتابۆلیسم، بەڵام لە حاڵەتی خواردنەوەی قاوە جیاوازە. 

توێژینەوەكە كە لە زانكۆی "باس"ی بەریتانیا ئەنجام دراوە، 29 پیاو و ژنی وەك نموونە وەرگرت، كاریگەری نوستن و خواردنەوەی قاوەیان لەسەر میتابۆلیسمیان تاقی كرایەوە، كۆمەڵەیە یەكەم خەوێكی باشیان هەبوو و بەیانی خواردنەوەیەكی شیرینیان پێ درا، كۆمەڵەی دووەم خەوێكی خراپ و بەیانیش خواردنەوەیەكی شیرین، كۆمەڵەی سێیەم خەوێكی خراپ و بەیانیش قاوەیەكی رەش، بەر لە 30 خولەك لە خواردنەوەیەكی شیرین.

دوای شیكردنەوەی ئەنجامەكان دەركەوت شەوێكی خراپی نوستن ئەوەندە كاریگەر و مەترسیدار نییە بە بەراورد بە خواردنەوەی قاوە بەر لە ژەمی بەیانی، كە دەبێتە هۆی زیادبوونی وەڵامدانەوەی شەكری خوێن بۆ نانی بەیانی بە رێژەی نزیكەی 50%، بۆیە رەنگە قاوەی بەیانی لە خەواڵوویی رزگارمان بكات، بەڵام لە رووی تەندروستییەوە باش نییە.       


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل