سەرەڕای بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا دەیان هەزار ئێرانی روو لە كەربەلا دەكەن

:: AM:10:29:05/10/2020 ‌
سەرەڕای ئەوەی كە ڤایرۆسی كۆرۆنا خراپتر لە جاران تەشەنەی كردووە، هۆشداری لە مەترسی بەرزبوونەوەی قوربانیان دراوە، كەچی بە دەیان هەزار زیارەتكاری ئێرانی بۆ بەشداری لە رێوڕەسمی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن، روویان لە كەربەلا كردووە.

بەپێی بڕیارەكانی حكوومەتی عێراق، رێوڕەسمی ئەمساڵی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن سنووردار دەبێت و هەر وڵاتێك بۆی هەیە تەنیا هەزار و 500 زیارەتكار رەوانەی عێراق بكات، ئەویش لە رێی فڕۆكەوە دەتوانن بێنە عێراق دوای ئەوەی پشكنینیان لێ وەردەگیرێت.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا، ئێران جگە لەو پشكە رێی پێ دراوە دوو هەزار و 500 زیارەتكاریش لە دەروازە سنوورییەكانەوە بێنە عێراق. ئەو وڵاتە سنوورەكانی خۆی بە ڕووی زیارەتكاران بەستووە.
دەنگۆی ئەوە هەیە بەشێك لە دەروازەكان بە ڕووی زیارەتكارانی ئێرانی كرابێتنەوە

دەنگۆی ئەوە هەیە بەشێك لە دەروازەكان بە ڕووی زیارەتكارانی ئێرانی كرابێتنەوە، بەڵام بەرپرسانی ئێرانیش ئەمەیان رەت كردووەتەوە و پێشتریش داوایان لە خەڵك كردبوو ئەمساڵ بەشداری لە رێوڕەسمەكە نەكەن، چونكە دۆخی كۆرۆنا لە عێراق لە هی ئێران خراپترە.

بەپێی ئامارەكان، ساڵی رابردوو 14 ملیۆن زیارەتكار بۆ رێوڕەسمی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن روویان لە عێراق كردبوو كە لەو ژمارەیە نزیكەی دوو ملیۆن كەسیان ئێرانی بوون.




وشە - سلێمان تاشان