رێكخراوی تەندروستی جیهانی: چاوەڕوانی ڤاكسین مەكەن و خۆتان بپارێزن

:: PM:06:20:06/10/2020 ‌

تا ئێستە بڵاوبوونەوە و هەڵكشانی ژمارەی قوربانیانی ڤایرۆسی كۆرۆنا روو لە زیادبوونە و نەتوانراوە ڤاكسینی بنبڕی ڤایرۆسەكە بدۆزرێتەوە، بەڕێوەبەری رێكخراوی تەندروستی جیهانی داوای لە خەڵك كرد كە چاوەڕوانی ڤاكسین نەكەن و گیانی خۆیان بەو رێوشوێن و ئامرازانەی هەیە، بپارێزن.
كۆرۆنا كۆتایی دێت، بەڵام دوایین پەتا نابێت
ئەدهانۆم گیبریسۆس، لە میانی بەشداریكردنی لە كارەكانی خولی 71ی لیژنەی هەرێمایەتی رۆژئاوای زەریای هێمن سەر بە رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا گوتی، پێویستە ئەو ئامرازانەی بەردەستن بۆ رزگاركردنی گیانی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بەكار بێت و چاوەڕوانی ڤاكسین نەكرێت. 

روونی كردەوە، هیوامان وایە هەر ڤاكسینێك دێتە بەرهەمهێنان، كاریگەر و سەلامەت بێت و هەموو وڵاتانی ناوچەكە بەدەستیان بگات، لەگەڵ ئەوەیشدا ناكرێ چاوەڕوانی ڤاكسین بكەین، چونكە رزگاركردنی گیانی خەڵك بەوەی بەردەستە پێویستە، هاوكات پێویستە هەوڵی كۆنترۆڵكردنی ڤایرۆسەكە بدەین، كە چەندان تاقیكردنەوەمان لەپێشە.

بەڕێوەبەری رێكخراوی تەندروستی جیهانی دووپاتی لە دوو خاڵ بۆ سەركەوتن بەسەر پەتاكە كردەوە، هاوشانی و یەكگرتوویین، چونكە ئەوكاتەی بۆ بەرژەوەندی تاكەسی كار دەكەین ئەگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە زیاد دەبێت و ئەوكاتەی بەیەكەوە كار دەكەین، دەتوانین بڵاوبوونەوەی بوەستێنین، ئەو متمانەی خۆی پێشان دا بەوەی پەتاكە كۆتایی دێت، بەڵام دوا پەتا نابێت، بۆیە پێویستە دنیا خۆی بۆ پەتای داهاتوو ئامادە بكات، بۆ ئەوەیش پێویستە وەبەرهێنان لە كەرتی چاودێری تەندروستی بكرێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل