هه‌ریه‌ك له به‌رلینی پایته‌ختی ئه‌ڵمانیا و فرانكفۆرت كه یه‌كێكه له شاره گه‌وره‌كانی ئه‌و وڵاته، بڕیاری نیمچه قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆیان ڕاگه‌یاند، به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی تووشبووان به ڤایرۆسی كۆرۆنا له وڵاته‌كه و هۆكاره‌كه‌یش بۆ ئه‌وانه ده‌گه‌ڕێننه‌وه كه مه‌ست ده‌بن و سه‌رخۆش ده‌بن.
دیرك بیرێنت وه‌زیری دادی هه‌رێمی
به‌رلین له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانی ڕایگه‌یاند، كه سه‌رجه‌م بازاڕ و چێشتخانه و ڕێستۆرانت و باڕه‌كان له دوای سه‌عات 11ی شه‌وه‌وه تا سه‌عات شه‌شی به‌یانی له شه‌مووی داهاتووه‌وه داده‌خرێن، به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌یش ئه‌و دۆخه تا 31 تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ر ده‌خایه‌نێت.
زیاتر گوتی، ئه‌م بڕیاره ته‌نیا ده‌رمانخانه و وێستگه‌كانی سوته‌مه‌نی ناگرێته‌وه، به‌ڵام ڕێ به دووكانی ناو وێستگه‌كانی سووته‌مه‌نیش نادرێ كه خواردنه‌وه كهوولییه‌كان بفرۆشن.
دوای خواردنه‌وه‌ی سێ پێك خه‌ڵكی پابه‌ندی ڕێنماییه‌كانی خۆپارێزی له كۆرۆنا نابن
دیرك گوتی، ئه‌وانه‌ی شه‌وان ده‌خۆنه‌وه و مه‌ست ده‌بن، به هیچ شێوه‌یه‌ك پابه‌ندی ڕێوشوێنه‌كانی خۆپارێزی له ڤایرۆسی كۆرۆنا ناكه‌ن و دوای خواردنه‌وه‌ی سێ پێك، ئیتر به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی تێكه‌ڵاوی دروست ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌یش كارێكی هه‌ڵه‌یه و مه‌ترسی هه‌یه كه ڕێژه‌ی تووشبووان به كۆرۆنا له به‌رلین زۆر به‌رزتر بكاته‌وه، بۆ پاراستنی دۆخی ته‌ندروستی گشتیش، ئه‌م بڕیاره گونجاوه‌مان داوه.
له‌لایه‌كی تره‌وه شاره‌وانی فرانكفۆرت بڕیاری دا، كه له سه‌عات 10ی شه‌و تا شه‌شی به‌یانی به‌هه‌مانشێوه ڕێستۆرانت و باڕ و شوێنه‌كانی خواردنه‌وه دابخرێن، ئه‌مه جیا له‌وه‌ی خواردنه‌وه‌ی كهوولی له شوێنه گشتییه‌كان قه‌ده‌غه كرد و خه‌ڵكیشی ناچار كردووه، كه شه‌قام و شوێنه قه‌ره‌بالغ و بازرگانییه‌كان، پابه‌ندی به‌ستنی ماسك بن.