لە میانەی فێستیڤاڵێکی تایبەت بە هەنار کە لە هەڵەبجە بەڕێوە دەچێت، ئازاد عومەر جووتیاری نموونە و ناسراوی کوردستان و رێکخەری فێستیڤاڵەکە ئاشکرای کرد، لە ئەڵمانیا و ژاپۆن و هۆڵەنداوە تۆوی باشترین هەنار و میوەی هێناوەتە کوردستان و دوای تاقیکردنەوە و بەرهەمهێنانیان توانیویەتی 10 تا 15 جۆری ناوازە لە بەرهەمەکە نمایش بکات.
جگە لە هەنار دەیان بەرهەمی تر نمایش کراون
ئەمە پێنجەم فێستیڤاڵە کە ئەو جووتیارە بەڕێوەی دەبات و لە فێستیڤاڵەکەدا جگە لە هەنار دەیان بەرهەمی تر نمایش کراون. لەم فێستیڤاڵەدا هەوڵی داوە هانی جووتیاران بدات بە چ شێوەیەک هەنارەکانی خۆیان بپارێزن بێ ئەوەی پێویستیان بە ساردخانە و شوێنی زۆر تایبەت بۆ پاراستنی هەنارەکانیان هەبێت. هاوکات وەک پاڵپشتییەک بۆ کەرتی کشتوکاڵ، کۆمەڵێک جووتیار و ژنی دەستڕەنگینی بانگهێشت کردووە و ئامانجییەتی هەنار و بەرهەمی ناوخۆیی زیاتر بناسێنێت.
ئەو لە وەڵامی پرسیاری عەزیز رەسول هەورامانی پەیامنێری "وشە" لە شوێنی فێستیڤاڵەکە گوتی "10 تا 15 بەرهەمی ناوازەی ئەڵمانیا و ژاپۆن و هۆڵەندام هێناوە کە تۆوەکانی گرانبەهان و من پشکنین و تاقیکردنەوەم بۆیان کردووە، دەرەنجامەکەشی باش بووە و ساڵی رابردووش تۆوی باشم بەسەر 100 جووتیاردا دابەش کرد."
حکوومەت زیاتر پشتی جووتیاران بگرێت
جوتیارەکە هیوای خواست خەڵک بەرهەمی ناوخۆ بەکار بهێنن و بە کڕینی بەرهەمی ناوخۆ پاڵپشتی لە جووتیارانی کوردستان بکەن. بە گوتەی ئازاد عومەر، هەرێمی کوردستان خاوەنی بەروبوومێکە هیچ وڵاتێک نییەتی و هیواشی خواست حکوومەت زیاتر پشتی جووتیاران بگرێت و وەزارەتی کشتوکاڵیش رێگری لە هاوردەکردنی بەروبوومی دەرەکی بکات بۆ ئەوەی جووتیاران لە هەوڵەکانیان سارد نەبنەوە.
وەک زیاتر خستیەڕوو ناوچە جیاوازەکانی کوردستان هەر کامێک بۆ بەرهەمێک گونجاون، دەکرێ بە رەچاوکردنی خاک و کەشوهەوای ئەو بەرهەمە بچێنرێت کە زیاتر وەڵام دەداتەوە و بۆ ژینگە و خاکی ناوچەکە دەگونجێت.
ئامانج و هیوای ئەو جووتیارە نموونەییە ئەوەیە رەفەی سوپەرمارکێتەکانی کوردستان لە جیاتی ئەوەی بە ئاوی میوە و قوتووبەندی دەرەکی پڕ بکرێتەوە، بە بەرهەمی بە پیشەسازیکراوی ناوخۆ پڕ بکرێتەوە و لە کوردستان کارگەی جیاواز دابمەزرێن و بەرهەمی جووتیاران بکڕنەوە، دوای بە پیشەسازیکردنیان بە شێوەیەکی مۆدێڕن هاوشێوەی وڵاتانی تر بخرێنە مارکێتەکان.
بە دامەزراندنی پڕۆژەی جیاواز دەکرێ ژمارەیەکی زۆری هەلی کار بۆ گەنجان دروست بکرێت.
ئەو پێی وایە دەبێ حکوومەت و هەموو لایەک گرنگی بە کشتوکاڵ بدەن، چونکە دەکرێ لە داهاتوودا هەر بە داهاتی کشتوکاڵ مووچەی فەرمانبەرانیش دابین بکرێت و ناکرێ هەر پشت بە نەوت ببەسترێت، رۆژێک دێت ئەو سامانە تەواو دەبێت، بەڵام کشتوکاڵ متمانە پێکراوە و بە دامەزراندنی پڕۆژەی جیاواز دەکرێ ژمارەیەکی زۆری هەلی کار بۆ گەنجان دروست بکرێت.
ئازاد عومەر ئاماژەی بە داهێنانێکی خۆی کرد بۆ چۆنیەتی پاراستنی دارەکانی میوە لە لەناوچوون و گوتی، وەک چۆن نەشتەرگەری بۆ مرۆڤ دەکرێت و لە نەخۆشیی و مردن رزگار دەکرێ، هەر بەو شێوەیە نەشتەرگەری بۆ دار کردووە و لە کاتی گونجاودا ئەمە پێشان دەدات.
بەو نەشتەرگەرییە هەوڵی داوە تەمەنی دارەکە درێژ بکاتەوە.
بە گوتەی ئەو جووتیارە نموونەییە، زۆرجار دوای 10 ساڵ جۆرە کرمێک لە داری سێو دەدات و لە ناوی دەبات، بەڵام بەو نەشتەرگەرییە هەوڵی داوە تەمەنی دارەکە درێژ بکاتەوە.