لیره‌ى توركى گه‌یشته‌ 7.96

:: AM:09:58:09/10/2020 ‌
دواى ئه‌وه‌ى ئاماره‌ فه‌رمییه‌كانی توركیا ئاشكرایان كرد،‌ كه‌ ئه‌و وڵاته‌ ڕووبه‌ڕووی تەنگژەیەکی دارایی گه‌وره‌ بووه‌ته‌وه‌، كاریگه‌ری زیاتری له‌سه‌ر ئابووری ئه‌و وڵاته‌ هه‌بووه‌، ئه‌مڕۆ نرخى لیره‌ى توركى به‌رانبه‌ر دۆلارى ئه‌مه‌ریكى زیاتر دابه‌زى و به‌ ڕۆژێكى ڕه‌ش له‌ مێژووى توركیا بۆ ئه‌و دراوه‌ تۆمار ده‌كرێت.

ئه‌مڕۆ هه‌ینى نۆى تشرینی یه‌كه‌م، موراد سوڵتان له‌ بۆرسه‌ی‌ باكوری‌ توركیا له‌ ویلایه‌تی ترابزۆن به‌ "وشه‌"ی‌ ڕاگه‌یاند، ئه‌مڕۆ دۆلاری ئه‌مه‌ریكا نرخی به‌رانبه‌ر لیره‌ زیاتر دابه‌زى، 100 دۆلاری ئه‌مه‌ریكی به 796 لیره‌ی توركی له‌ بۆڕسه‌كانی‌ توركیا ئاڵوگۆڕی پێ ده‌كرێت، له‌ بازاڕی ئازادیشدا تا 820 لیره‌ نرخه‌كه‌ی دابه‌زیوه‌ و مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ كراوه‌.

زیاتر گوتى، "دواى ئه‌وه‌ى ئەنكەره‌ بڕیاریدا بەمزووانە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ئێس-400ی ڕووسی بخاتە كار، نیگه‌رانییه‌كانى ئه‌مه‌ریكا و ئه‌ورووپا و شڵه‌ژانى دۆخى ناوخۆى لێ كه‌وته‌وه‌، بەهای لیرەی توركی هێندەی تر دابەزی."

دابه‌زین و به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی لیره‌ له‌ژێر كاریگه‌ریی سیاسه‌ته‌كانی ئه‌ردۆغان و هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگی جۆراوجۆر له‌ لایه‌ك و سیاسه‌ته‌كانی ناوخۆ له‌لایه‌كی تر بووه‌، ئه‌م دابه‌زینه‌یش چه‌ند ساڵێكه به‌رده‌وامه‌‌، بۆیه‌ گومان ده‌كرێت حكوومه‌تی ئه‌و وڵاته‌ په‌نای بردبێته‌به‌ر چاپكردنی پاره‌ له‌ ناوخۆی وڵات.


وشە - محەمەد میران

ئه‌م بابه‌ته 576 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌