محەمەد رەزا شەجەریان هونەرمەندی گەورەی ئێرانی کە رۆژی پێنجشەم کۆچی دوایی کرد، ئەمڕۆ شەموو لە مەشهەد بەخاک سپێردرا.
خەڵکێکی زۆر لەو رێوڕەسمەدا بەشدارییان کرد و بە سروودێکی بە ناوبانگی ئاینی خۆی بە ناوی "رەبەنا" لە نزیک گڵکۆی فیردەوسی شاعیری گەورەی ئێران بە خاک سپێردرا.
بنەماڵەی شەجەریان پێشتر بە خەڵکیان راگەیاندبوو لەبەر بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا هیچ کەسێک لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی شەجەریان بەشداری نەکات، بەڵام سەرەڕای ئەمە خەڵکێکی زۆر بەشدارییان کرد.
بەگوێرەی
بی بی سی محەمەد رەزا شەجەریان لە تەمەنی 80 ساڵی بە نەخۆشیی شێرپەنجە کۆچی دوایی کرد و هەر لەسەر وەسیەتی خۆی لە گۆڕستانی فیردەوسی لە شاری مەشهەد بەخاک سپێردرا.
تەرمەکە بە فڕۆکە لە تارانەوە بۆ فڕۆکەخانەی مەشهەد گواسترایەوە و پاشان لە فڕۆکەخانەوە خەڵک پێشوازییان لە تەرمەکەی کرد و پۆلیسی هاتوچۆش رێی هاتنەژوورەوەی مەشهەدی داخست بۆ ئەوەی قەرەباڵغی زۆر دروست نەبێت، چونکە لە شارەکانی تریشەوە خەڵک بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمەکە بەرەو مەشهەد بەڕێ کەوتبوون.
گۆرانییەکانی لە لایەن میدیاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران قەدەغە کران
پێویستە بگوترێت شەجەریان لە ساڵی 2009وە دوای ئەو سروودەی دژی رژێمی ئێران و لایەنگریکردن لە خۆپێشاندانەکان چڕی، گۆرانییەکانی لە لایەن میدیاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران قەدەغە کران و تەنانەت رێیان پێ نەدا کۆنسێرتیش بەڕێوە ببات.
شەجەریان تەنیا لە ناو خەڵکی فارس خۆشەویست نەبوو، بەڵکوو نەتەوەکانی تری وەک کوردیش بە کۆچی دوایی شەجەریان خەمبار بوون.