پێدانی كۆمەك و هاوكاری مادی بۆ 400 خێزانی ئاوارە ڕاگەیەنرا

:: PM:02:41:10/10/2020 ‌
وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی عێراق بە سەردانێكی فەرمی لە هەولێرە و ڕای گەیاند، 400 خێزانی ئاوارە لە كەمپی بەحركە لە هاوكاری كۆمەڵایەتی ناونووس دەكرێت و ئەو ژمارەیەش تا دوو هەزار خێزان بەرز دەكرێتەوە.

ئەمڕۆ شەموو 10ـی تشرینی یەكەم، كوێستان محەمەد وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بە "وشەی"ـی ڕاگەیاند، لەگەڵ وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی عێراق سەردانی خانەی منداڵانی بێ‌ سەرپەرشت و چەند شوێنێكمان كرد بۆ لە نزیكەوە ئاگەداربوون لە دۆخیان.

هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ باشتركردنی ژیانی ئاوارەكان 
وەزیری كار گوتی، ئێستە 400 خێزان لە كەمپی بەحركە ناونووس كراون بۆ وەگرتنی هاوكاری تۆڕی كۆمەڵایەتی كە لەلایەن عێراق دابین دەكرێت.

عادل حاشوش ركابی وەزیری كار و كاروباری عێراق گوتی، هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ باشتركردنی ژیانی ئاوارەكان و ئێستە لە بیمەی هاوكاری و پێگەیاندنی كۆمەڵایەتی، بڕیار دراوە 400 كەس ناویان تۆمار بكرێت.

باسی لەوەش كرد، ئەو ژمارەیە بۆ دوو هەزار خێران بەرز دەكرێتەوە و هەر كارێكمان پێ بكرێت بۆ باشتركردنی ژیانیان بێگومان ئەنجامی دەدەین.




وشە - رامیار جەواد