خانوو بۆ کرێ لە هەولێر دەست ناکەوێت

:: PM:04:36:11/10/2020 ‌
دیسان لە هەولێری پایتەخت تەنگژەی کەمیی خانوو بۆ کرێ سەری هەڵداوە و کەسێک بیهەوێت خانوویەک بە کرێ بگرێت دەبێت ماوەیەکەی زۆر بەدوایدا بگەڕێت و لەوانەیە دواجار ئەو خانووە نەدۆزێتەوە کە دڵخوازیەتی و دەیەوێت تیایدا بژیت. خاوەن نووسینگەکان دەڵێن زۆریی ژمارەی عەرەبەکان لە کوردستان هۆکارە لەوەی خانووی کرێ بە ئاسانی دەست نەکەوێت.

رووداوە  سیاسییەکان و هەندێک جاریش کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان لانی کەم لە 10 ساڵی رابردوودا هۆکار بوون لەوەی هەڵبەز  و دابەز بە ژمارەی ئەو خانووانە بکەن کە بە مەبەستی کرێ دەخرێنە ڕوو. لە هەندێک قۆناغدا خانووی کرێ زۆر بووە و کەس نەبووە لێیان بپرسێت و هەندێک جاریش ئەوەندە کەم بووە کە بە ئاسانی دەست ناکەوێت.

جەنگی داعش و ئاڵۆزییەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان و پرسی سنوورەکانی نێوان هەرێم و عێراق و پرسی ئاوارەکان لە رابردوودا وایان کرد خەڵکێکی زۆر روو لە هەرێمی کوردستان بکەن و بەشێك لەو خەڵکەش کە حەزیان لە ژیانی کەمپەکان نەبوو خانوویان بە کرێ دەگرت.

دووبارە دەستیان بە گەڕانەوە بۆ کوردستان کردەوە
دوای رووخانی داعش و تا رادەیەک ئاساییبوونەوەی دۆخی بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق ژمارەیەکی زۆری عەرەب بەرەو ناوچەکانیان گەڕانەوە و خانووەکانیان چۆل کرد کە بەکرێ گرتبوویان بەڵام دواتر دووبارە دەستیان بە گەڕانەوە بۆ کوردستان کردەوە و ئاڵۆزییەکانی پارێزگاکانی عێراق و پرسی تەناهی هۆکار بووە ئەو عەرەب و ئاوارانەی بۆ ماوەیەک لە کوردستان ژیاون و فێری شوێنێکی ئارام بن دووبارە حەز بە گەڕانەوە بکەنەوە.

بە پێی بەدواداچوونێکی "وشە" لە هەولێر کەم نوسینگەی خانووبەرە هەیە خانووی بەتاڵ بۆ کرێی لا بێت و بەشی زۆریان هیچ خانوویەکیان لا نییە و ئەوانەش کە خانوو یان شوقەیەکیان لایە لەوانەیە بۆ ژیان نەشێن و هەموو کەس حەز نەکات لەو جۆرە شوێنانە بژیت.

لە سەردانی زیاتر لە 15 نووسینگەی خانووبەرە هیچ کامێکیان خانوی کرێیان لانەبوو و باسیان لەوە کرد زۆری ژمارەی عەرەبەکان وای کردووە خانوو بۆ کرێ نەمێنێت.
ئەگەر لێیان دەپرسێت بۆچی نیتانە دەڵێن "تۆ ئەمڕۆ بیستەم کەسی پرسیاری خانووی کرێمان لێ دەکەی."

دانیشتوویەکی هەولێر بە ناوی محەمەد شێروان کە بە شوێن خانووی کرێ دا دەگەڕا بۆ ئەوەی بۆ کوڕەکەی بەکرێی بگرێت بۆ "وشە" گوتی سەردانی هەر نووسینگەیەک دەکەی وەڵامەکە نەخێرە و ئەگەر لێیان دەپرسێت بۆچی نیتانە دەڵێن "تۆ ئەمڕۆ بیستەم کەسی پرسیاری خانووی کرێمان لێ دەکەی."

کێشەی نەبوونی خانووی کرێ تەنیا لە سەنتەری شاری هەولێر نییە بەڵکوو لە گەڕەک و کۆمەڵگەکانی دەوروبەری هەولێریش خانوو بە زەحمەت دەست دەکەوێت. 

بەشێک لە خەڵک وەک سەرچاوەیەکی داهات سەیری ئەم کەرتە دەکەن.
خەلیل عوسمان خاوەنی نووسینگەی خانووبەرە لە گەڕەکی رۆشنبیری هەولێر بۆ "وشە" گوتی خۆی هاوڕێی هەیە کە پێویستی بە خانووی کرێیە و سەرجەم ئەو نووسینگانەش کە دەیانناسێت و پێوەندی پێوە کردوون بەڵام هیچ خانوویەکی کرێیان لا نییە.

بازاڕی خانوو لە هەولێر هەر چەندە لە شەش ساڵی رابردوو تا رادەیەکی زۆر دابەزی بەڵام دیسان یەکێک بووە لە گرنگترین ئەو کەرتانەی خەڵک وەبەرهێنانی تێدا ئەنجام داوە و تەنانەت بەشێک لە خەڵک وەک سەرچاوەیەکی داهات سەیری ئەم کەرتە دەکەن.

کەم نین ئەو هاووڵاتیانەی پارەیەکی زیادەیان هەیە خۆیان خانوویان دروست کردووە و بە ئامانجی ئەوەی مانگانە پارەیەکیان بۆ بمێنێتەوە بە کرێیان داوە.

ژمارەیەک لە کرێچییەکان، خاوەن ماڵەکەیان عەرەبە
بەشێکی زۆر لەو عەرەبە دەستڕۆیشتووانەش کە روویان لە کوردستان کردووە خۆیان هەوڵی کڕینی خانوویان داوە و تەنانەت بەشێکیشیان هەر بۆ مەبەستی بەکرێدان خانووی زیاتریان کڕیوە. ژمارەیەک لە کرێچییەکان، خاوەن ماڵەکەیان عەرەبە و مانگانە دەبێ کرێ بە عەرەب بدەن.

تەنگژەی دارایی و دابەزینی داهاتی کەرتە جیاوازەکان لەو هۆکارانە بوون و خەڵک وەک پێویست نەتوانێت خانوو دروست بکات یان بکڕێت. داخوازی لەسەر خانوو بەهۆی هاوسەرگیری بەردەام لە بەرزبوونەوەدایە و ژمارەی ئەو خانووانەی دروست کراون وەڵامدەری پێویستییەکان نەبوون و هەر بۆیەش خانوو بۆ کرێ بە زەحمەت دەست دەکەوێت.


وشە - سلێمان تاشان