مەسروور بارزانی سەرووی 20 ملیار دینار بۆ کۆمەڵێک پڕۆژەی راپەڕین تەرخان دەکات

:: PM:01:15:13/10/2020 ‌
مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 20 ملیار دینار بۆ پێنج پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاری لە دەڤەری راپەڕین تەرخان دەکات.

پڕۆژەکان زیاتر لە بوارەکانی رێگاوبان، پەروەردە و تەندروستین و بەم هەنگاوە بەشێکی بەرچاو لە کێشەکانی پێوەندیدار بەو بوارانە لە دڤەری راپەڕین چارەسەر دەکرێن.

بە مەبەستی دانانی بەردی بناغەی ئەو پڕۆژانە مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەم خۆی سەردانی دەڤەری راپەڕینی کردووە و ئەو هەنگاوەش بووەتە مایەی دڵخۆشیی خەڵکی سنوورەکە.
گرنگترینی ئەو پڕۆژانە پڕۆژەی پردی دەربەندی رانیە-بنگردە کە تێچووەکەی سەرووی 11 ملیار دینارە

گرنگترینی ئەو پڕۆژانە پڕۆژەی پردی دەربەندی رانیە-بنگردە کە تێچووەکەی 11 ملیار و 387 ملیۆن و 745 هەزار و 800  دینارە. 

نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانی دەڤەری راپەڕینیش ملیارێک و 500 ملیۆن دیناریان بۆ تەرخان کراوە .

شەقامی 60مەتری قەلادزێ بە گوژمەی ملیارێک و 800 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت، هاوکات دروستکردنی شەقامی جووتسایدی بازاڕی رانیەش چوار ملیار و 500 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە.
هەر لەم دەڤەرە سەنتەرێکی چارەسەرکردنی شێرپەنجەی مەمک دادەمەزرێت

هەر لەم دەڤەرە سەنتەرێکی چارەسەرکردنی شێرپەنجەی مەمک دادەمەزرێت کە گوژمەکەی ملیارێک و 68 ملیۆن و 487 هەزار دینارە و چیتر نەخۆشانەی شێرپەنجە ناچار نین رێگایەکی دوور ببڕن و لە سلێمانی یان هەولێر چارەسەری وەربگرن.

کۆی گشتی ئەو بودجەیەی بۆ ئەو کۆمەڵە پڕۆژەیەی دەڤەری راپەڕین تەرخان کراوە دەگاتە 20 ملیار و 256 ملیۆن و 232 هەزار و 800 دینار.


وشە - سلێمان تاشان