وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه به كۆمه‌ك و هاوكارییه‌كانی هاوپه‌یمان بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌كه‌ن و ڕای ده‌گه‌یه‌نن، كه هاوكاری هاوپه‌یمانان بۆ پێشمه‌رگه به‌رده‌وامه.
له‌گه‌ڵ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، یه‌كێك له به‌رنامه‌ی كاره‌كانی خزمه‌تكردنی زیاتری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بوو، هاوكات هاوئاهه‌نگییه‌كان له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان زیاتر كرا، ئه‌وه‌یش به‌هۆی دیپلۆماسیی و پێگه‌ی مه‌سروور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان و پێوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتان.
هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له ماوه‌ی ڕابردوو له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه خزمه‌تی گه‌وره كران، به‌تایبه‌ت كاتێك چاكسازی له‌ناو وه‌زاره‌ته‌كه‌دا ده‌ستی پێ كرد، هاوكات یه‌كه‌ی ژمێریاری یه‌كه‌ی 70 و 80ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان یه‌كخرایه‌وه. هه‌موو ئه‌و هه‌نگاوانه له خزمه‌تی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه هۆكارێكی سه‌ره‌كی بوو تا هاوپه‌یمانان و وڵاتان به‌شێوه‌یه‌كی باشتر هه‌وڵه‌كانی ڕێكخستنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ببینن.
هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له ڕێكخستنه‌وه به‌رده‌وامه
مه‌سروور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان له دوایین لێدوانی كه له په‌رله‌مانی كوردستان قسه‌ی كرد، دووپاتی كرده‌وه كه ئه‌و خۆی پێشمه‌رگه بووه و له نزیكیشه‌وه ئاگاداری ره‌وشی پێشمه‌رگه‌یه، وه‌ك دووپاتی كرده‌وه كه هه‌رگیز كه‌مته‌رخه‌می له خزمه‌تكردنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ناكه‌ن.
لیوا قاره‌مان شێخ كه‌مال جێگری سه‌رۆكی ئۆپراسیۆنه‌كان له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه بۆ "وشه" گوتی، هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له ڕێكخستنه‌وه به‌رده‌وامه و له‌ناو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌یش به ته‌واوی ده‌ست به ئه‌نجامدانی چاكسازی كراوه.
وه‌ك دووپاتی كرده‌وه كه ئێسته ته‌نیا ماوه هاوپه‌یمانان ده‌ست به مه‌شقه‌كانیان بكه‌نه‌وه كه له عێراق و كوردستان به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه ڕاگیرابوو.
له‌لایه‌كی تره‌وه هه‌ر ئه‌مڕۆ ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه دووپاتی له‌وه كردووه‌ته‌وه كه كۆمه‌ك و هاوكارییه‌كانی هاوپه‌یمانان بۆ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه به‌رده‌وامه و ڤایرۆرسی كۆرۆنا كاریگه‌ری نه‌كردووه‌ته سه‌ر په‌كخستنی ئه‌و هاوكارییانه.
فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌ی پێشمه‌رگه به سه‌نته‌ری میدیای وه‌زاره‌ته‌كه‌ی ڕاگه‌یاندووه، له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی له خشته‌ی كاری هاوپه‌یمانان به‌هۆی ڤایرۆرسی كۆرۆنا له هه‌رێمی كوردستان هاته ئاراوه، به‌ڵام به‌شێكی زۆر له چالاكییه‌كانیان به‌رده‌وامه، به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی پێوه‌ندی به هاوكاری مادی و خۆراك و سووته‌مه‌نییه‌وه هه‌یه .
روونیشی كردووه‌ته‌وه كه هاوكارییه‌كانی تایبه‌ت به كۆمه‌كی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی هاوپه‌یمانان به هه‌مانشێوه بۆ پێشمه‌رگه به‌رده‌وامییان هه‌یه، له‌وانه دابینكردنی پێویستییه‌كانی هه‌ردوو لیوای 14 و 16 وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه.
ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه رای گه‌یاندووه، ئه‌وه‌ی تا ئێسته ئاسایی نه‌بووه‌ته‌وه، پرسی مه‌شق و راهێنانه‌كانی هاوپه‌یمانانه به هێزه‌كانی پێشمه‌رگه، هه‌روه‌ها ده‌ست پێنه‌كردنه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌كانی هاوپه‌یمانانه كه پێشتر دوو هه‌فته جارێك له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ئه‌نجام ده‌درا.
هاوكات ره‌ڤینگ هرووری ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان پێی وایه كه پێویسته پێشمه‌رگه خزمه‌تی زیاتر بكرێن و به هاوكاری هاوپه‌یمانان ڕه‌وشی ڕێكخستن و داراییان باشتر بكرێ.
ئه‌و بۆ "وشه" گوتی، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌نگاوی رژدی بۆ باشتركردنی ره‌وشی پێشمه‌رگه ناوه، به‌ڵام هێشتا پێویسته پێشمه‌رگه خزمه‌ت بكرێن و وه‌ك هێزێكی نیشتمانی ڕێكبخرێنه‌وه.
وه‌ك دووپاتی كرده‌وه كه ئامانجی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خزمه‌تكردنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌یه و له به‌رنامه‌ی كاری حكوومه‌ته‌كه‌یشدا چه‌ندان جار ئاماژه‌ی بۆ كراوه.
هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان دوای ئه‌وه‌ی هێزێكی سه‌ره‌كی شكاندنی تیرۆر بوون له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوو، ئه‌وه‌یش سه‌رنجی وڵاتانی ڕ‌اكێشا و هاوشێوه‌ی زۆر له سوپا و هێزی وڵاتانی تر به‌شدارییان له هاوپه‌یمانان پێ كرا، ئه‌ڵمانیا و ئه‌مه‌ریكا و فڕه‌نسا و چه‌ندان گه‌وره وڵاتی تر هاوكاری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانیان كردووه.
به‌پێی لێدوانی به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، ئێسته ئه‌و هێزه خاوه‌نی چه‌كی زۆره و هێشتایش پێویسته له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی خزمه‌ت بكرێن، ئه‌وه‌یش به‌هۆی بوونی پشكی شێریان له شه‌ڕی تیرۆر و له‌ناوبردنی هه‌بووه.
سه‌رۆك بارزانی ڕۆڵێكی سه‌ره‌كی له پێشڤه‌بردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان هه‌بووه، چونكه له هه‌موو ئه‌و شه‌ڕ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وانه وه‌ك ڕێبه‌ر مامه‌ڵه‌ی كردووه.