ئەحمەد سەفار: دۆخی دارایی عێراق بەرەو نادیار هەنگاو دەنێت

:: PM:03:55:14/10/2020 ‌

دۆخی ئابووری دنیا بەگشتی بەهۆی لێكەوتەكانی پەتای كۆرۆنا و ئەو داخران و دابەزینەی نرخی نەوت، رووی لە گزییە و زۆرینەی وڵاتان پەنایان بۆ قەرزكردن بردووە، عێراق یەكێكە لەو وڵاتانەی پشت بە نەوت دەبەستێ و ئێستە دووچاری تەنگژەیەكی سەختی دارایی هاتووەتەوە، ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دووپاتی كردەوە كە دۆخی دارایی عێراق بەرەو نادیار هەنگاو دەنێت.
نووسراوی سپی چاكسازی گەیشتە پەرلەمان
سەفار ئەمڕۆ چوارشەم گوتی، دوێنێ لیژنەی دارایی پەرلەمان لەگەڵ عەلی عەبدولئەمیر عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق و شارەزایان كۆبووەوە كە كاریان لەسەر ئامادەكردنی راپۆرتی چاكسازی كردووە و نووسراوەكەمان وەرگرت، كە یەكەم قۆناغە و بە نووسراوی سپی ناو دەبرێت. 

زیاتر گوتی، لیژنەكەمان نووسراوەكەی وەرگرت و تاوتوێی دەكەین بۆ زانینی ئاستی ئەو رێوشوێنانەی حكوومەت وەریان دەگرێ لە چاكسازییەكانیدا، لیژنەكەمان چەند پێشنیازێكی هەیە و لە داهاتوودا دانیشتێكی ترمان لەگەڵ وەزارەتی دارایی دەبێت، رەنگە وەزارەتی پلاندانانیش بەشداری بكات، بۆ گەیشتن بە نووسراوێكی یەكگرتوو بۆ دەربازبوون لەو تەنگژە داراییەی ئێستە هەیە.

سەفار ئاماژەی كرد، ئەو نووسراوەی ئێستە جیاوازە لە پێشوو، چونكە مەرجێك بوو لە مەرجەكانی تێپەڕاندنی یاسای قەرزكردن، دووپاتی كردەوە ئەگەر چاكسازی نەكرێ و رێوشوێنەكانی جێبەجێ نەبن، دۆخی دارایی عێراق بەرەو نادیار دەچێت. 
 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل