لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بووە شەڕە قسە

:: PM:04:14:14/10/2020 ‌

دوای ئەوەی دوێنێ شكستی هێنا بەهۆی تەواو نەبوونی نیسابی یاسایی، ئەمڕۆ چوارشەم پەرلەمانی عێراق دانیشتنی ژمارە 11ی ئاسایی خۆی ساز كرد، بەڵام دوای ئەوەی لە دانیشتنەكە بووە شەڕە قسە لە نێوان ژمارەیەك پەرلەمانتاری شیعە و كورد، دانیشتنەكە دوا خرا.
پەرلەمانی عێراق ناتوانێ یاسای هەڵبژاردن یەكلا بكاتەوە
ئێستە پەرلەمانی عێراق دووچاری كێشەی تەواوكردنی یاسای هەڵبژاردن هاتووەتەوە، كاتێك فراكسۆنەكان لەسەر بازنەكانی هەڵبژاردن رێكناكەون، هەفتەی رابردوو پەرلەمان دەنگی لەسەر ژمارەی بازنەكان لە عێراق دا، بەڵام ژمارەیەك پەرلەمانتاری شیعە بە نایاساییان لەقەڵەم دا، بۆیە هەردوو دانیشتنی دوێنێ و ئەمڕۆی پەرلەمان شكستیان هێنا لە تەواوكردنی یاساكە.

سەرچاوەیەك لەناو پەرلەمانی عێراق ئاماژەی كرد كە دوای لێدوانەكانی هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بە حەشدی شەعبی، لە دانیشتنی ئەمڕۆ شەڕە قسە لە نێوان ژمارەیەك پەرلەمانتاری شیعە و كورد دروست بوو، حەسەن كەعبی، جێگری سەرۆكی پەرلەمان، كە شیعەیەكی سەر بە رەوتی سەدرە، داوای كرد زێباری داوای لێبوردن بكات بەهۆی قسەكانی دژ بە حەشدی شەعبی.

هۆشیار زێباری، كە وەزیری پێشووتری دارایی و دەرەوەی عێراق بووە، لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنیدا ئاماژەی بۆ مووشەكبارانەكەی هەولێر كرد بەوەی هۆكارەكەی ئەوەیە میلیشیاكان هەرێم بە نزیك لە ئەمەریكا دەزانن و ئەو گرووپانە هاوشێوەی داعش بەغدا و هەولێر دەكەنە ئامانج، روونی كردەوە، بەشێك لەو میلیشیایانە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بە یەكەم پیاوی ئەمەریكا لە عێراق دەزانن و ئەوان بە ئاشكرا ئەوە دەڵێن، رووبەڕووبوونەوەی ئەو میلیشیایانەیش پێویستی بە هێزی جەماوەری هەیە، كە لە بنەڕەتدا بوونی هەیە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل