لە سینەمای كوردستاندا لاوەكیترین رۆڵ بە منداڵان دەدرێت

:: AM:10:27:19/10/2016 ‌

سینەما لە كوردستان نەیتوانیوە سوود لە بەهرە و تواناكانی مناڵانی كورد وەربگرێت و ئەوەی تا ئێستە بەرچاومان كەوتووە، منداڵان زیاتر وەك باگڕاوندی فیلم و دراما كەڵكی لێ وەرگیراوە. ئەكتەرێكی منداڵیش دەڵێ، دەرهێنەرەكان پێمان دەڵێن ناتوانن ركابەری گەورەكان بكەن و باشتر وایە وەك باگڕاوندی فیلم رۆڵ ببینن.

جەبار سەعید، ئەكتەرێكی منداڵە و دوایین كاری بەشداریكردن بووە لە كورتە فیلمی "فێلبازی"، جەبار بۆ "وشە" ئاشكرای دەكات:

"دەرهێنەری فیلمەكە پێی راگەیاندم، ناتوانی لەم فیلمەدا ڕكابەرایەتی گەورەكان بكەی و منی وەك باگڕاوەندی فیلم بەكار هێنا".

ئەو ئەكتەرە منداڵە پێی وایە توانای منداڵان لەو ئاستە نزمەدا نییە كە هەندێك دەرهێنەر لێی دەڕوانن و ئاماژە دەدات: "ئێمە دەتوانین ببین بە ئەستێری فیلمێك و سەركەوتووانە كارەكانمان بكەین، من حەز دەكەم فیلم بۆ منداڵان دروست بكەم و لەو بوارەدا تواناكانی خۆم پیشانی هەموان بدەم".

شینوار كەمال، دەرهێنەری سینەمایی بە "وشە"ی راگەیاند: "سینەما هونەری گێڕانەوەی ژیانی رابردووە بۆ كەسە زیندووەكان، ئەو كەسانەی بەشداری لە فیلمێكدا دەكەن، پێك هاتوون لە كەسانی ئاسایی و تاكەكانی كۆمەڵگە بە منداڵ و گەنج و پیرەوە. لەبەر ئەوە نووسەری چێروكە فیلم یا دەرهێنەر و فیلمسازەكان، دەبێت چیرۆكی فیلم وەك خۆی بگێڕنەوە و نابێت دەستكاری لە كەسەكاندا بكەن، بە تایبەتی نابێت شوێنی منداڵ بگۆڕن".

شینوار زیاتر روونی كردەوە: "لە هەرێمی كوردستان تا ئێستە وەك پێویست سوود لە توانای منداڵ وەرنەگیراوە، ئەگەر لە چەند فیلمێكدا بەكاریش بهێنرێت، ئەوا وەك باگڕاوەند و سەرەتای دروستبوونی پاڵەوانێتی ئەو چیرۆكە بەكار هێنراوە و لەكاتی تێپەڕبوونی فیلمدا، كەسێكی تر شوێنی ئەو منداڵە دەگرێتەوە، بەڵام لە فیلمە جیهانییەكاندا منداڵ تا كۆتای فیلم دەمێنێتەوە، وەك فیلمی "ژیان" كە ئەستێرەی فیلمەكە "روبێرتو"یە و لە سینەمای هۆڵیوود بەرهەم هێنراوە، پێویستە لە هەرێمی كوردستان شوێنی راهێنان و فێركردنی منداڵان بۆ سەرجەم كارە هونەرییەكان هەبێت".

رزگار حوسێن دەرهێنەری فیلمی "سەركردە" كە منداڵی وەك پاڵەوانی سەرەكی بەكار هێناوە و لە فێستیڤاڵی  فیلمی نێودەوڵەتیی دهۆك خەڵاتی باشترین فیلمی پێ بەخشراوە، لە لێدوانێكدا بۆ "وشە"ی دووپات كردەوە: "لای ئێمە راگەیاندن بووە بە تاكە سەرچاوەی خۆ پەروەردەكردنی منداڵان و تا ئێستەیش لە هەرێمی كوردستاندا راگەیاندنێكی تایبەت بە پەروەردەكردنی منداڵان نییە و زیاتر راگەیاندنی شەڕ و ململانێ و تۆقاندن و ئاڵۆزی بووە. بۆیە دەبێت پەنا بو هەندێ رێگەی تر ببرێت بۆ پەروەردەكردنی منداڵ كە ئەویش رێگەی سینەمایە، پێویستە لەناو فیلمەكاندا منداڵ وەك قارەمان بەكار بهێنرێت و دواتر بو منداڵ نمایش بكرێن، بەڵام تا ئێستە هیچ ناوەندێكی سینەما لە هەرێمی كوردستان نییە بۆ ئەوەی راهێنان بە منداڵان بكات و دواتر وەك پاڵەوانی نێو فیلمەكان بەكار بهێنرێت".

"گرنگە لە فیلمە گەورەكاندا رۆڵی منداڵ هەر بۆ منداڵ بێت و سەرجەم هەستە ناسك و ناتوندوتیژەكان بە منداڵ بدرێت، لە ماوەی بەكارهێنانی ئەو منداڵانەدا هیچ كارێكی نەشیاویان پێ نەكرێت بۆ ئەوەی كاریگەری نەرێنی لەسەر خودی منداڵان نەكات. پێویستە رۆڵێكی ئەرێنی و جوان بە منداڵ بدرێت و دەرهێنەر و نووسەری چیرۆكی فیلم بە تەواوەتی لە دەروونی منداڵ و ژیانی شارەزا بن"، رزگار حوسێن وای گوت.

دهۆك- نەوزاد هلوری








وشە - وشه‌