سیستمی هەڵبژاردن لە ئەمەریکا جیاوازە لە هەر وڵاتێکی تر

:: PM:01:41:15/10/2020 ‌
سیستمی هەڵبژاردن لە ئەمەریکا بە پێچەوانەی وڵاتانی تر ئاڵۆزە و سەرۆک راستەوخۆ لە لایەن خەڵکەوە هەڵنابژێردرێت بەڵکوو لە یەکەم سێشەمی مانگی تشرینی دووەم خەڵک دەنگ بە کاندیدەکان دەدەن کە بە ئێلێکتۆراڵ ناسراون و دوای هەڵبژاردنی ئێلێکتۆراڵەکان هەر ئەوانە رۆڵیان دەبێت لەوەی کام لە پاڵیوراوەکان ببێتە سەرۆکی ئەمەریکا.
لە سەرجەم ویلایەتەکانی ئەمەریکا 538 ئێلێکتۆراڵ هەن

لە سەرجەم ویلایەتەکانی ئەمەریکا 538 ئێلێکتۆراڵ هەن کە رەکابەرێی یەکتر دەکەن و بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک دەبێت دەنگی زیاتر لە نیوەی ئێلێکتۆراڵەکان کۆ بکرێتەوە، هەر پاڵێوراوێکی ئەمەریکا بتوانێت 270 نوێنەر بباتەوە دەتوانێت ببێتە سەرۆکی ئەو وڵاتە.

دیسان مەرج نییە ئەو کەسە یەکسەر ببێتە سەرۆک بەڵکوو دوای ئەوەی سەرۆک لە لایەن ئێلێکتۆرالەکان دەستنیشان دەکرێت دەبێت کۆنگرێسیش پەسندی بکات ئەو رەوتەش چوار مانگ دەخایەنێت.

زۆری ژمارەی دەنگەکان هێما نییە بۆ سەرکەوتنی یەکێک لە پاڵێوراوەکان. بۆ نموونە لە ساڵی 2016 هیلاری کلینتۆن  سێ ملیۆن دەنگی زیاتری مسۆگەر کرد بەڵام دواجار لەبەر کۆکردنەوەی ئێلێکتۆراڵی زیاتر ترەمپ سەر کەوت.
لەو کاتەوە هەڵبژاردن لە ئەمەریکا بە یەک جۆر بەڕێوە دەچێت.

سالی 1878 دامەزرێنەرانی دەستووری ئەمەریکا گەیشتنە رێکەوتنێک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کە بە ڕێکەوتنە گەورەکە ناسراوە و لەو کاتەوە هەڵبژاردن لە ئەمەریکا بە یەک جۆر بەڕێوە دەچێت.

هەڵبژاردنی کۆمەڵەی هەڵبژێردراو Electoral College دوای هەلبژاردنی ئەو کۆمەڵەیە ئەندامانی هەلبژێردراوی ئەو کۆمەڵەیە دەنگ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک دەدەن. مانگی داهاتوو لە سێی تشرینی دووەم هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت و هەر ویلایەتێکیش بە گوێرەی ژمارەی دانیشتووانیان نوێنەر یان ئێلێکتۆراڵیان بۆ دیاری کراوە و خەڵک ئێلێکتۆرڵەکان هەڵدەبژێرن.

دوو نوینەر لە بەرامبەر ئەندامیەتی هەر ویلایەتێک لە ئەنجوومەنی پیران هەر لەم کۆمەڵەیە هەڵدەبژێردرێت. کەرتی کۆڵۆمبیاش کە لە واشنتنی پایتەخت پێکدێت و وەک ویلایەت تەحامولی لەگەڵدا ناکرێت  وسێ نوێنەری دەبێت

کۆی ژمارەکە دەگاتە 538 کەس کە 435 کەسیان ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانن. 100 نوێنەری ویلایەتەکان و سێی واشنتن کە بخرێتە سەری هەمان ژمارە بەدەست دێت.
هەڵبژاردن لە ئەمەریکا بۆیە بەم رێکارە دانراوە تا ویلایەتە گەورەکان مافی ویلایەتە بچووکەکان نەخۆن

هەڵبژاردن لە ئەمەریکا بۆیە بەم رێکارە دانراوە تا ویلایەتە گەورەکان مافی ویلایەتە بچووکەکان نەخۆن و تەواوی ئەمەریکا رۆڵیان هەبێت لە دەستنیشانکردنی سەرۆک.

لە ویلایەتەکانی ئەمەریکا نوێنەرەکانی کام حزب سەرکەوتن ئەوا دەنگەکان بۆ ئەو حزبە دەچن بۆ نموونە ئەگەر لە ویلایەتێک ژمارەی نوێنەرە براوەکانی دیموکرات و کۆماریخواز 12 بە 11 بوو ئەوا 12  نوێنەرەکەی هەر لایەنێکیان بوو سەردەکەون و رۆڵیان دەبێت لە دەستنیشانکردنی سەرۆک.

مەرجێکی تریش لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا هەیە کاتێک نوێنەری دیموکرات سەردەکەوێت ئەوا مەرج نییە ئەو نوێنەرە ناچار بکرێت هەر دەنگ بە پاڵێوراوی دیموکرات بدات بەڵکوو دەتوانێت دەنگ بە پاڵێوراوی کۆماریخوازانیش بدات.
بەپێچەانەی زۆربەی وڵاتان لە ئەمەریکا دوو حزبی سەرەکی هەن کە هەر ئەو دوو حزبە رەکابەرێی یەکتریان کردووە

بەپێچەانەی زۆربەی وڵاتان لە ئەمەریکا دوو حزبی سەرەکی هەن کە هەر ئەو دوو حزبە رەکابەرێی یەکتریان کردووە و رۆڵیان هەبووە لە بەڕێوەبردنی ئەمەریکا. جگە لە کۆماریخوازان و دیموکراتەکان سەرۆک لە هیچ حزبێکی تر هەڵنەبژێردراوە. پارتی کۆماریخواز بە پارتی پارێزگاریخوازیش ناوی دەهێنرێت بەڵام دیموکراتەکان دەکەونە خانەی لیبراڵەوە. کاندیدی دیموکراتەکان بایدن و هی کۆماریخوازەکان ترەمپە و هەر دوو پالێوراویش تەمەنێکی زۆریان هەیە و لە مێژووی ئەمەریکا هیچ کاتێک پاڵێوراوانی سەرۆکایەتی ئەوەندە بەتەمەن نەبوون. تەمەنی ترەمپ 74 ساڵ و هی بایدن 78 ساڵە.

ئەم دوو حزبە زیاتر لەو ویلایەتانە بانگەشە دەکەن و رەکابەرییەکانیان بەهێزە کە تێکەڵاوە لە هەر دوو پارت و لەو ویلایەتانەی هەر لە کۆنەوە بۆ یەکێک لە حزبەکان یەکلایی بووەتەوە بانگەشەیەکی ئەوتۆ ئەنجام نادرێت.
کۆی ئەو ویلایەتانەی رۆڵیان هەیە لە سەرخستنی یەکێک لە کاندیدەکان لەوانەیە 12 ویلایەت بن.

کۆی ئەو ویلایەتانەی رۆڵیان هەیە لە سەرخستنی یەکێک لە کاندیدەکان لەوانەیە 12 ویلایەت بن. بۆ نموونە کالیفۆڕنیا بە تەنیا 55 نوێنەری هەیە، فلۆڕیدا 29 نوێنەر، تەکساس 38 نوێنەر بەڵام وایۆمینگ سێ نوێنەری هەیە.

لە ئەمەریکا هەر کەسێک تەمەنی سەرووی 18 ساڵ بێت دەتوانێ دەنگ بدات و زۆربەی خەڵک لە رۆژێ سێی تشرینی یەکەم راستەوخۆ سەردانی بنکەکانی دەنگدان دەکەن و دەنگ دەدەن.

هەر ئێستە دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران زۆرینەن و هەموو هەوڵێک دەدەن لە ئەنجوومەنی پیرانیش زۆرترین دەنگ مسۆگەر بکەن. ئەگەر لە هەر دوو ئەنجوومەن زۆرترین دەنگ بەێنن و لە ئەگەری سەرکەوتنی ترەمپ، ئەوکات دیموکراتەکان دەتوانن رێگری لە ترەمپ بکەن نەتوانێت هەموو بڕیارێک دەر بکات.

لە هەڵبژاردنی ئەمساڵدا تەواوی 435 کورسییەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵدەبژێردرێن
بەگوێرەی بی بی سی لە هەڵبژاردنی ئەمساڵدا تەواوی 435 کورسییەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵدەبژێردرێن بەڵام لە ئەنجوومەنی پیران 33 کورسی هەڵدەبژێردرێن.

لەوانەیە ئەنجام زوو راگەیەنرێت بەڵام دەسەڵات لە ساڵی داهاتوودا و لە 20ی کانونی دووەم بە فەرمی بۆ سەرۆکی نوێ دەگوازرێتەوە و ئەگەر هەر ترەمپیش دەرچوو ئەوا درێژە بە دەسەڵاتەکەی دەدات و پێویستی بە گواستنەوەی دەسەڵات نییە.

لە ساڵی 2016  سەروی 245 ملیۆن کەس لە ئەمەریکا بۆیان هەبوو دەنگ بدەن بەڵام کەمتر لە 140 ملیۆن کەس دەنگیان دا.


وشە - سلێمان تاشان