ناسەقامگیری سیاسی و ئابووری لە عێراق پاشەکشە بە نرخی دینار دەکات

:: PM:03:31:15/10/2020 ‌
نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق بەرزبووەوە و نزمرین نرخی لەماوەی چەند مانگی رابردوودا تۆمار کرا. هەر ئێستە  نرخی هەر دۆلارێکی ئەمەریکا بە نزیکەی 125 هەزار دینار دەفرۆشرێت.. پسپۆڕێکی بانک و گەشەپێدانی دارایی بەشێک لە هۆکارەکە بۆ ناسەقامگیری سیاسی و ئابووری دەگەڕێنێتەوە.

دیناری عێراقی یەکێک لەو جۆرە دراوانە بووە کە لەوەتەی ساڵی 2003ەوە کە حکوومەت و سیستەمێکی نوێ لەم وڵاتە هاتووەتە کایەوە، نرخەکەی تارادەیەکی باش جێگیر بووە و لە هەندێک ساڵ و کاتی تایبەتی نەبێ لە زۆربەی کاتەکاندا لە نێوان 120 هەزار تا 122 هەزار دینار جێگیر بووە. ئەمڕۆ پێنجشەم لە نووسینگەکانی هەولێر ئاماژە بە 124 هەزار و 800 دینار تا 124 هەزار و 900 دینار دەکرێ و مەترسی هەیە نرخی دینار زیاتر پاشەکشە بکات.

بە پێچەانەی دۆخی ئابووری هەندێک وڵاتی دراوسێ، لە عێراق دۆخەکە زۆر باشتر بووە
بە پێچەانەی دۆخی ئابووری هەندێک وڵاتی دراوسێی وەک ئێران و تورکیا و سووریا کە نرخی دراوەکانیان بە رێژەیەکی زۆر بەرچاو دابەزیوە و قەبارەی هەڵاوسانیان زۆر بەرز بووەتەوە، لە عێراق دۆخەکە زۆر باشتر بووە هەر چەندە هەندێک جار بە شێوەیەکی کاتی نرخی دینار کەمێک دابەزیوە بەڵام ئەم دابەزینە کاتیی بووە و توانراوە دووبارە بۆ ئاستی ئاسایی خۆی بگەڕێنرێتەوە.

لە هەندێک قۆناغدا نرخی  100 دۆلاری ئەمەریکا لە عێراق 130 هەزار دیناریشی تێپەڕاندووە بەڵام ئەمە زۆر کورتخانەین بووە لەوکاتەشدا کە خۆپێشاندانەکان لە عێراق سەریان هەڵدا دیسان نرخی 100 دۆلار 127 هەزار دیناری تێپەڕاند بەڵام دواتر بەرەو 121 هەزار دینار گەرێندرایەوە.

ئێستەش ماوەیەکە نرخی دینار روی لە دابەزین کردووە و ئەم دابەزینەش بۆ کۆمەڵێک هۆکاری ناوخۆیی و دەرەکی دەگەڕێتەوە.
نرخی دراویش گرێ دراوە بە زۆری یان کەمیی خواست

بە بۆچونی دکتور لوقمان عوسمان پسپۆڕی بانک و گەشەپێدانی ئابووری، نرخی دراویش گرێ دراوە بە زۆری یان کەمیی خواست و هەر کاتێک داخوازییەکی زۆر لەسەر دۆلار هەبوو ئەوا نرخی دینار دادەبەزێت و کاتێکیش دۆلارێکی زۆر خرایە بازاڕەوە ئەوا نرخەکەی بەرز دەبێتەوە.

ئەوەی رۆژانە یان هەفتانە لە عێراق نرخی دۆلار رێک دەخات و پارێزگاری لە بەهاکەی دەکات بانکی ناوەندیی عێراقە و بە گوێرەی پێویست  و بەو بەرنامە و پلانەی هەیەتی پارە دەڕژێنێتە بازاڕەوە بەڵام لە ماوەی رابردوودا ئەم هەنگاوە سست بووە و هەرچەند پێشبینی دەکرا لەگەڵ دابەشکردنی مووچە لە عێراق نرخی دینار بەرز ببێتەوە، کەچی بە پێچەوانە دابەزیوە و ئەوەش دەرەنجامی تری لێ دەکەوێتەوە و پێمان دەڵێ هۆکاری تر لە پشتەوەی دابەزینی بەهای دیناری عێراقین.

وەک زیاتر خستیەڕوو لە چەند رۆژی رابردوودا بانکی ناوەندی دۆلاری خستووەتە بازاڕەوە بۆ ئەوەی دیناری بێتە دەست و بۆ مەبەستی بواری بەکاربردن و مووچە دابەشی بکات و بەپێی هاوکێشە ئابوورییەکان دەبوایە نرخی دینار بەرز ببوایەوە.
هۆکارە سەرەکییەکە بۆ ناسەقامگیری سیاسی لە عێراق دەگەڕێنێتەوە

ئەو هۆکارە سەرەکییەکە بۆ ناسەقامگیری سیاسی لە عێراق دەگەڕێنێتەوە  وپێی وایە ئابووری و سیاسەت  دوو رووی یەک دراون و  ئەو هۆکارە سیاسییە وایکردووە خەڵک و کۆمپانیاکان متمانەیەکی زۆریان بە دینار نەبێت و تەنانەت زیاتر هەوڵی ئەوە بدەن دۆلار لای خۆیان بهێڵنەوە لە جیاتی ئەوەی بەکاری بهێنن .

ناسەقامگیری ئابووریش هۆکارێکی ترە و لە ماوەی رابردودا نرخی نەوت لە بازارەکان جێگیر نەبووە و بە رێژەی 10% لە هەڵبەز و دابەزدا بووە.

یەکێک لەو هۆکارانەی تر کە کاریگەریی خستووەتە سەر دراوی دینار پێوەندی بە وڵاتانی دراوسێوە هەیە و هەر وەک ئاشکرایە نرخی تمەن و لیرە بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزیون و  ئەو دۆخە خراپە ئابورییەش وایکردووە داخوازی لەسەر دراوی دۆلار کە زیاتر لە عێراق دەست دەکەوێت بەرز ببێتەوە .

لە زۆر حاڵەتدا سیاسەتی بانکی ناوەندی عێراق و سیاسەتی حکوومەت جیاوازە
لە بارەی سیاسەتەکانی بانکی ناوەندیی عێراق بۆ پاڵپشتیکردنی بەهای دینار ئەو ئابووریناسە پێی وایە لە زۆر حاڵەتدا سیاسەتی بانکی ناوەندی  عێراق و سیاسەتی حکوومەت جیاوازە  و ئەوەی بانکی ناوەندیی دەیزانێت و لێی دەترسێت لەوانەیە حکوومەت هەستی پێ نەکات و بانکی ناوەندیی لە پرسی خستنەڕووی دۆلار کەمێک بە پارێزەوە دەجووڵێتەوە  ونایەوێت بگاتە قۆناغێکی خراپ لە کورتهێنانی ئابوری کە دواجار خۆی لە پرسەکەدا شەرمەزار بێت  و هەر بۆیەشە دەبینین پێشتر کە مووچەی وەزارەتەکانی عێراق لە ماوەیەکی کورتدا دابەش دەکرا ئێستە لە هەفتەی دووەمی دابەشکردنەکەدایە و لەوانەیە زیاتریش درێژە بکێشێت.
  


وشە - سلێمان تاشان