ئەمەریکا بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران سعوودیا پڕچەک دەکات

:: PM:03:34:15/10/2020 ‌
هەردوو وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و سعوودیا پێداگری لە هەماهەنگی و هاوکاری دەکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی دەستوەردانەکانی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کۆشکی سپی پشتیوانی لە فرۆشتنی چەکی پێشکەوتوو بە سعوودیا دەکات و داوا لە بنەماڵەی شای سعوودیا دەکات پێوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکەنەوە.
ئەمەریکا پابەندی بەڵێنەکانی بەرانبەر سعوودیا دەبێت

دوای سەردانی دوێنێی فەیسەل بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعوودیا بۆ واشنتن، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ مایک پۆمپیۆ، هەردوو لا باسیان لە رێککەوتنی سیاسیی و سەربازی کرد و رایان گەیاند، یەک لە ئامانجەکانی ئەو رێککەوتنە، رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی ئێرانە لە ناوچەکە.

پۆمپیۆ بە ئاشکرا باسی لە پشتیوانی سعوودیا لە بەرانبەر ئێران کرد و رای گەیاند، روون و ئاشکرایە رەفتارەکانی ئێران تەناهی ناوچەکەی تێکداوە و هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی سعوودیا و بووەتە هۆی تێکچوونی ئابووری جیهان.

هاوکات وەزیری دەرەوەی سعوودیا ئاماژەی بەوە کرد، چالاکییە ئەتۆمی و موشوکییەکانی ئێران هەڕەشەیەکی گەورەن لەسەر ناوچەکە، پۆمپیۆ پەسنی لێدوانەکەی فەیسەڵ فەرحانی دا و گوتی، ئەمەریکا پشتیوانی لە هەنگاوەکانی سعوودیا دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تاران.
سوپای سعوودیا بەهێز دەکەین و تەناهی وڵاتەکە دەپارێزین

ئەمەریکا چەکی پێشکەوتوو دەداتە سعوودیا
مایک پۆمپیۆ پشتیوانی واشنتنی لە پڕچەککردنی سعوودیا راگەیاند و گوتی، ئەمەریکا چەکی پێشکەوتوو بە سعوودیا دەدات و ئامانج لێی رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ئێرانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا ساڵی 2019 دژایەتی خۆی بۆ پڕچەککردنی سعوودیا دووپات کردەوە و هۆکارەکەشی بە پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتە بەستەوە، یەک لە هۆیەکان کوشتنی جەمال خاشوقچی بوو لەناو باڵوێزخانەی سعوودیا لە ئیستەنبول، بەڵام سەرباری ئەمانە، ترەمپ گرێبەستێکی بە بەهای هەشت ملیار دۆلار بۆ پێدانی چەک بە ریاز واژوو کرد.
داوا لە سعوودیا دەکەین ناوژیوانی فەلەستین و ئیسڕائیل بکات

مایک پۆمپیۆ دەڵێ، ئەمەریکا ئەو گرێبەستەی بۆ پشتیوانی سعوودیا لە بەرانبەر هەڕەشەکانی ئێران واژوو کردووە و ئەمەریکا بۆ خستنە سەرپێ و بەهێزکردنی سوپای سعوودیا، پابەندی بەڵێنەکانی دەبێت، دەشڵێ ئەوە هەم تەناهی سعوودیا بەهێز دەکات و هاوکات هەلی کاریش بۆ ئەمریکییەکان دەڕەخسێنێت.

سعودیا چەندان جار دووپاتی لەوە کردووەتەوە، ئێران تا ئێستەیش پشتیوانی دارایی و لۆجەستیکی میلیشیا و تیرۆریستان لە یەمەن و سووریا دەکات و تا ئێستە حوسییەکانی یەمەن 300 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکی دورهاوێژیان هاویشتووەتە ناو خاکی سعوودیا کە سەرجەمیان لە ئێران بەرهەم هاتوون.

بڕیارە لە 75ەمین ساڵیادی پێوەندییە دۆستانەکەیان، ئەمەریکا باڵیۆزخانەیەکی گەورە و نوێ لە ریازی پایتەختی سعوودیا بنیات دەنێت و کۆنسوڵخانەیەکیش لە جەدە دەکاتەوە و باڵەخانەی کۆنسوڵی زەهرانیش نوێژەن دەکاتەوە.

ئاژانسی هەواڵی عەرەبییە نووسیویەتی، ئەمەریکا و سعوودیا بەرنامەیەکی هاوبەشیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران داڕشتووە و بڕیارە بەم زووانە دەست بە جێبەجێکردنی بکەن، ئەو بەرنامەیە دەبێتە هۆی نەهێشتنی دەستدرێژییەکانی ئێران بۆسەر وڵاتانی ناوچەکە، هەرچەند ئاماژە بە ناوەڕۆکی بەرنامەکە نەدراوە، بەڵام وەزیری دەرەوەی سعوودیا بە ئاژانسەکەی راگەیاندووە، پێدانی چەکی پێشکەوتوو بە سعوودیا بەشێکە لەو بەرنامە هاوبەشەیان.

ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکان لەگەڵ ئیسڕائیل
لە کۆبوونەوەی شەوی رابردووی مایک پۆمپیۆ و وەزیری دەرەوەی سعوودیا، داوا لە سعوودیا کراوە هاوشێوەی بەحرێن و ئیمارات، ریازیش پێوەندییەکانی لەگەڵ ئیسڕائیل ئاسایی بکاتەوە.

هەردوو وەزیری دەرەوەی ئیمارات و بەحرێن 15ی سێپتەمبەری رابردوو لە کۆشکی سپی گرێبەستێکیان لەگەڵ بنیامین نتانیاهوو واژوو کرد بۆ ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانیان.

ئەمەریکا جیا لە ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانیان داوای لە سعوودیا دەکات ناوبژیوانی ئیسڕائیل و فەلەستین بکات بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوانیان.

هەرچەند تا ئێستە وەزیری دەرەوەی سعوودیا هیچ لێدوانێکی لەبارەی ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسڕائیل نەداوە، بەڵام دویچەڤێلە نووسیویەتی، ئاساییکردنەوەی پێوەندی ئیسڕائیل و وڵاتانی عەرەبی بۆ دروستکردنی هاوپەیمانییەکی ناوچەییە دژی ئێران.

هەوڵەکانی ئێران شکستی هێنا
مانگی رابردوو ئێران سێ جار لەڕێی شاندی عومانی و عێراقییەوە داوای دانوستان و ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانی لەگەڵ سعوودیا کرد، دواجار لە سەردانەکەی بۆ تاران، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەلایەن حەسەن رۆحانییەوە راسپێردرا بۆ ئەوەی پەیامی ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانی نێوانیان بگەیەنێتە بەرپرسانی سعوودیا، بەڵام تا ئێستە سعوودیا هیچ وەڵامێکی بەو داوایەی ئێران نەداوەتەوە.

وەزیری دەرەوەی سعوودیا چەندان جار ئێرانی بە هاندانی هاووڵاتییە شیعەکانی سعوودیا و دنەدانی تیرۆریستان لە دژی ریاز و پڕچەککردنی حوسییەکان بۆ هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە تۆمەتبار کردووە کە لە هەموان گرنگتر بەئامانجگرتنی کێڵگە نەوتییەکانی ئەو وڵاتە بوو لەلایەن حوسییەکانەوە.

ماڵپەڕی ئەوروپای ئازاد نووسیویەتی، ئێران هەستی بە مەترسییەکانی ئەو هاوپەیمانییە کردووە کە بڕیارە بە چاودێری ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست ببێت و دەیەوێ لە رێی نزیکبوونەوە لە سعوودیا رێ لە دروستبوونی بگرێت، بەڵام ئەوە بۆ جاری سێیەمە لە ماوەی یەک مانگدا سعوودیا داواکەی ئێران رەت دەکاتەوە.



وشە - هیدایه‌ت جان