"ئێران هەوڵی بەلبنانیكردنی عێراق دەدات"

:: PM:04:38:15/10/2020 ‌

تا ئێستەیش ململانێی ئێران و ئەمەریكا لەلایەك و ئەمەریكا و میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە عێراق و چەند وڵاتێكی ناوچەكە بەردەوامە، لەلایەك میلیشیاكانی ئێران گرەو لەسەر پاشەكشەكردنی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق دەكەن بۆ زاڵبوونەوەیان و فرەوانكردنی باڵادەستیان لەو وڵاتە، زاڵبوونی ئەو میلیشیایانەیش واتە باڵادەستیی ئێران، بۆیە دوایین مۆدێلی كاركردن ئێران دەیەوێ ئەزموونی لبنان لە عێراق دووبارە بكاتەوە.
دەسەڵاتی كردەنی و راستەقینە بەدەستی میلیشیاكانی سەر بە تارانە
ماكس بۆت، شارەزا لە ئەنجوومەنی پێوەندییەكانی دەرەوەی ئەمەریكا وریایی لە هەوڵەكانی ئێران دەدات لە بەلبنانیكردنی عێراق، كاتێك رێگەی بە دامەزراندنی حكوومەتێكی لایەنگری رۆژئاوا دەدات، بۆ فەرمانڕەواییەكی تیۆری و رووكەشانە، كەچی دەسەڵاتی كردەنی و راستەقینە بەدەستی میلیشیاكانی سەر بە تارانە، ئەو ئاماژەی كرد كە هێز لە لبنان حزبوڵایە و لە عێراقیش میلیشیاكانی وەك كەتیبەكانی حزبوڵا و عەسائیب ئەهلولحەق. 

بەمدواییە ئەمەریكا پلانی خۆی بۆ كەمكردنەوەی هێزە سەربازییەكانی لە عێراق لە 5200 سەرباز بۆ سێ هەزار سەرباز رای گەیاند، لە كۆتای ئەم مانگەیش مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا هەڕەشەی داخستنی باڵوێزخانەی وڵاتەكەی لە بەغدا كرد، ئەگەر هێرشی میلیشیاكانی سەر بە ئێران بۆ سەر باڵوێزخانە و هێزەكانی لە عێراق بەردەوام بێت، پێدەچێت لەو ساتەوە هێرشەكان وەستابن، بەڵام بۆ سەر كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی پاڵپشتی لۆجیستی هاوپەیمانان بەردەوامە.

بۆت لە راپۆرتێك دەڵێت، ئەو هێوربوونەوەی هەیە، رەنگە خواستی ئێران بێ بۆ خۆلادان لە دروستبوونی تەنگژەیەك بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا، كە رەنگە ببێتە یاریدەر بۆ بردنەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا، ئێستەیش میلیشیاكان وەستانی هێرشەكانیان بۆ سەر هێزەكانی ئەمەریكا بە دانانی خشتەیەك بۆ پاشەكشەكردنی ئەو هێزان لەلایەن حكوومەتی عێراق بەستووەتەوە، لەو چوارچێوەیەدا رەنگە شتێكی لۆجیكی بێ ئەمەریكا قەبارەی نێردە دیپلۆماسییەكەی لە بەغدا، كە گەورەترینە لە دنیا، كەم بكاتەوە، بەڵام كشانەوە و داخستنی باڵوێزخانەكەی، سەركێشی دەبێ و ئەوە دەكات كە ئێران دەیەوێت. 

دەكرێ هێزەكانی ئەمەریكا بەرانبەر بە دەسەڵاتی ئێران لە عێراق بمێننەوە، كە تا ئێستە دەسەڵاتێكی بەهێزە و سەرەرای سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر تاران، بەڵام لاواز نەبووە، گرنگترین كار بۆ ئاشكراكردنی دەسەڵاتی میلیشیاكانی ئێران لە عێراق هیشام هاشمی، توێژەری بواری تەناهی ئەنجامی دا، ئەو ئاشكرای كرد كە میلیشیاكان بەهەنگاو كۆنترۆڵی دەوڵەت دەكەن لەسەر بنەمای ئاوەدانكردنەوە و ئاشتەوایی دوای جەنگی ناوخۆیی، ئەو جەنگەی تێكەڵێكە لە جەنگی تایفی و داگیركاری و تاوانی رێكخراو، بە كردەنیش مانای دەسەڵاتی تەواوی ئێرانە. 

روونی كردەوە، میلیشیاكان توانویانە كۆنترۆڵی بەشی گەورەی ئابووری عێراق بكەن لە گومرگ و فڕۆكەخانە و پڕۆژەكانی بنیاتنان و كیڵگەی نەوت و ئاو و رێگەی خێرا و كۆلێج و پەیمانەگەكان و موڵكوماڵی گشتی و تایبەت، شوێنە گەشتیارییەكان و كۆشەكەكانی سەرۆكایەتی، جیا لە پارە و سەرانەوەرگرتن لە چێشتخانە و قاوەخانە و كاڵا و راوچی و جووتیار و خێزانە ئاوارەكان، بەڵام هاشمی گیانی خۆی كردە قوربانی ئەو كارە و لە 6ی تەمووز لە بەغدا كوشتیان، كە پەنجەی تاوان بە فرەوانی بۆ حەشدی شەعبی درێژ دەكرێت.  

لە كۆتاییەكانی مانگی حوزەیرانی رابردوو كاتێك گرووپێكی حەشدی شەعبی دەیانویست مووشەكبارانی ناوچەی سەوز بكەن، مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق فەرمانی گرتنی ئەوانی دەركرد، كە 14 ئەندامی كەتیبەكانی حزبوڵا بوون، بەڵام دوای ئۆپراسیۆنەكە چەكدارانی حزبوڵا چوونە ناو ناوچەی سەوزی بەغدا و داوای ئازادكردنی ئەوانیان كرد، بۆیە زۆرینەیان ئازاد كران و دوای ئەوە وێنەیان بڵاو كرایەوە كاتێك ئاڵای ئەمەریكا دەستووتێنن و بەپێڵاو دەچنە سەر وێنەی كازمی.

پێویستە ئەمەریكا لە پاڵپشتیكردنی كازمی بەردەوام بێت، كە دوای رووخانی سەدام حوسێن، زیاترین سەرۆك وەزیرانی عێراقە كە لاگیریی رۆژئاوا بكات و باشترین گرەوەی ئەمەریكایە نەوەك تەنیا بۆ گرتنی جڵەوی میلیشیاكانی ئێران، بەڵكو بۆ رێگرتن لە دەركەوتنەوەی داعش، كە بانگەشەی بوونی 10 هەزار چەكداری لە عێراق و سووریا و یەدەگێكی 100 ملیۆن دۆلاری دەكات، بۆیە ئەو دوو ئامانجە بەیەكەوە گرێدراون، چونكە هەرچەند كۆنترۆڵی میلیشیاكانی سەر بە ئێران بۆ سەر دەوڵەتی عێراق زیاتر بێت، پەنابردنی سوننە بۆ گرووپە توندڕۆكانی وەك داعش زیاتر دەبێ بۆ خۆپاراستنیان، بەرانبەر بەوەیش هەرچەند دەوڵەتی عێراق لە تایفیەت بەدوور بێت، ئەگەری رەتكردنەوەی سوننە بۆ رێكخراوە توندڕۆكان زیاتر دەبێت، بۆیە بۆ جێبەجێبوونی ئەو ئامانجەیش پێویستە ئەمەریكا بەردەوام بێ لە گوشاركردن بە ئاراستەی دەوڵەتێكی دوور لە تایفیەت لە عێراق، بۆ ئەوەیش پێویستی بە بوونێكی بەهێزی سەربازی لە عێراق هەیە، سەرەرای بوونی مەترسی هێرشی میلیشیاكانی نزیك لە ئێران.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل