نووسراوە چاكسازییەكەی كازمی نەهێشتنی گەندەڵی تیادا نییە

:: PM:05:12:15/10/2020 ‌

لە ماوەی دواییدا نووسراوێكی چاكسازی بەناوی نووسراوی سپی، لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە درا بە پەرلەمان، كە بریتییە لە پڕۆژەیەكی چاكسازی بۆ چەند ساڵێك و لە رێگەیەوە عێراق لەو تەنگژە داراییەی تێی كەوتووە رزگار بكرێت، ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دووپاتی كردەوە كە نووسراوەكە هیچ رێوشوێنێكی نەهێشتنی گەندەڵی لەخۆ ناگرێت.
چ لایەنێك نووسراوەكە جێبەجێ دەكات؟
ئیخڵاس دلێمی، ئەمڕۆ پێنجشەم گوتی، نووسراوی چاكسازی ئابووری بۆ سەرۆك فراكسیۆنەكان خراوەتە روو و لیژنەی دارایی مێوانداری وەزیری دارایی و راوێژكارەكانی ئەو وەزارەتەی كرد و نووسراوەكەیان لێ وەرگرتن، نووسراوەكە جۆرێك لە ئەرێنیەتی تیادایە و بۆ سێ تا پێنج ساڵ دەبێت، بەڵام رێوشوێنەكانی نەهێشتنی گەندەڵی ناگرێتەوە، زۆرێك لەو پلان و چاكسازیانەی باس كراوە، لە وەزارەتەكان هەیە، بەڵام جێبەجێ نەكراوە.

دلێمی ئەو پرسیارەی ورووژاند كە ئاخۆ چ لایەنێك نووسراوەكە جێبەجێ دەكات؟، میكانیزمی نەهێشتنی گەندەڵی تیایدا چۆن دەبێت؟، ئاشكرای كرد كە لیژنەی دارایی لە دوو رۆژی داهاتو و تاوتوێی نووسراوەكە دەكات و پلانی كۆتایی دەداتە وەزارەت بۆ دەنگدان لەسەر نووسراوەكە، كە پێنج تەوەری سەرەكی دەگرێتەوە بۆ سەقامگیری دارایی بەردەوام و چاكسازی ئابووری گشتی و دابینكردنی خزمەتگوزاری بنەڕەتی و پەرەپێدان و باشكردنی ژێرخانی بنەڕەتی و دابینكردنی خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل