سوودان بەرێگەوەیە بۆ ئاساییكردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل

:: PM:09:38:15/10/2020 ‌


گوشارەكانی ئەمەریكا و هاندانەكانی بۆ ئاساییكردنەوەی پێوەندی وڵاتانی ناوچەكە لەگەڵ ئیسرائیل بەردەوامە، سوودان كە دۆخی سیاسی و ئابوورییەكەی ناجێگیرە و لەناو سزاكانی ئەمەریكادایە، رەنگە ببێتە یەكێك لەو وڵاتانەی پێوەندییەكانیان لەگەڵ تەلئەبیب ئاسایی بكەنەوە، راپۆرتێك تیشك دەخاتە سەر باسەكە.
ئاساییكردنەوە دەرگەی یارمەتی و وەبەرهێنانی دەرەكی دەكاتەوە
سەرچاوەیەكی نزیك لە سەرۆكایەتی سوودان بە تۆڕی هەواڵی " i24News"ی راگەیاند كە سوودان بڕیاری داوە پێوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بكاتەوە، ئەوەیش دوای ئەو بوارەی ئەمەریكا بۆ سەرانی ئەو وڵاتەی دیاری كردبوو بۆ ئاساییكردنەوەكە، بەرانبەر لابردنی ناوی سوودان لە لیستی وڵاتانی چاودێریكار بۆ تیرۆر، كەناڵەكە ئاماژەی كرد ئەو بڕیارە دوای گفتوگۆی گەرم دوێنێ چوارشەم وەرگیراوە.

وەك راپۆرتی ئەو كەناڵە باسی كردووە، گوشارەكەی ئەمەریكا لابردنی ناوی سوودان لە لیستی وڵاتانی چاودێریكار بۆ تیرۆر، كاركردن بۆ لابردنی ناوی لە لیستی وڵاتانی قەدەغەی گەشتكردنیان لەسەرە، زیادكردنی یارمەتییە داراییەكان و ئاسانكاری بۆ وەبەرهێنانكردن لە سوودان، رێكخستنی كۆنگرەیەكی وەبەرهێنان لەو وڵاتە، لێخۆشبوون لە خەرتووم لە دانەوەی چەندان ملیار قەرز بۆ ئەمەریكا، دەگرێتەوە.

پێشتر عەبدوڵا حەمەدۆك، سەرۆك وەزیرانی سوودان رای گەیاندبوو كە وڵاتەكەی نایەوێ لابردنی ناوی لە لیستی تیرۆر بە ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل ببەسترێتەوە، كە مانەوەی لە لیستەكە لە بەدەستهێنانی پاڵپشتی دارایی دەرەكی بێبەشی دەكات، هاوكات سەرانی سوودان بەدووریان نەزانی پێوەندی لەگەڵ ئیسرائیل ببەستن بەرانبەر دەستپێشخەرییەكی ئەمەریكا بۆ پێشكەیشكردنی پاڵپشتی دارایی بە بەهای 300 ملیۆن دۆلار و سووككردنی قەرزەكانی سوودان و وەبەرهێنانكردن بە بەهای سێ ملیار دۆلاری تر.  

 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل