پسپۆری كاروباری ئێران "ئه‌لیكس ڤاتنكا" له گۆڤاری فۆرێن پۆلسی بابه‌تێكی له‌باره‌ی دۆخی ئێران بڵاو كردووه‌ته‌وه، به وردی باس له كاریگه‌رییه‌كانی جه‌نگی ئه‌رمینیا و ئازه‌ربایجان له‌سه‌ر ئێران ده‌كات و ڕوونی كردووه‌ته‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی تاران دڵی بۆ یه‌ریڤان لێ ده‌دا و ده‌یه‌وێ پشتیوانی ئه‌رمینیا بكات له‌و جه‌نگه، به‌ڵام ترسی زۆری هه‌یه، ئه‌م هه‌ڵوێستی ببێته هۆی ئه‌وه‌ی ئازه‌رییه‌كانی سنووری ئێران ده‌ست به ڕاپه‌ڕین بكه‌ن و دۆخێكی كاره‌ساتبار له وڵاته‌كه دروست بكه‌ن.
ڤاتنكا به ناونیشانی "ترسناكترین كابووس بۆ تاران"
بابه‌ته‌كه‌ی بڵاو كردووه‌ته‌وه و نووسیویه‌تی، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئێران به‌هۆی گه‌مارۆ و سزاكانی ئه‌مه‌ریكا له ڕووی ئابوورییه‌وه تووشی گه‌وره‌ترین زیان و ته‌نگژه بووه و ڕۆژ دوای ڕۆژ دراوی وڵاته‌كه و ئابوورییه‌كه‌ی زیاتر به‌ره‌و هه‌ره‌س هه‌نگاو ده‌نێت و خه‌ڵكی وڵاته‌كه له دۆخێكی زۆر قورس‌دا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن، ئه‌مه‌ی كه وایكردووه كه دۆخی وڵاته‌كه به ته‌واوی قورس و ئاڵۆزتر بێ و باری سه‌رشانی ڕژێمی ئیسلاكی زۆر گرانتر بێ، ئه‌و سه‌ركێشییه جیۆپۆله‌تیكیانه‌یه كه له یه‌مه‌ن و سووریا و لبنان ئه‌نجامی داوه و به‌رده‌وامه له پاره‌داركردنیان و وه‌به‌رهێنانكردن له‌سه‌ر ئه‌و ده‌ستوه‌ردانانه‌ی، به‌ڵام ئێسته دۆخێكه له باشووری قه‌وقازی هاوسنووری ئێرانیش ڕووی له ته‌قینه‌وه‌یه، هه‌رچه‌نده تا ئێسته تاران هه‌ڵوێستێكی روونی له به‌رانبه‌ر گرژی و ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌كانی ناگۆرنۆ كه‌ره‌باخ ده‌رنه‌بڕیوه، به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێ، به‌هۆی نزیكی جیوگرافیاوه تاران له‌و كێشه‌یه ده‌ئاڵێت.
جاران كه كێشه له نێوان ئه‌رمینیا و ئازه‌ربایجان له‌سه‌ر هه‌رێمی ناگۆرنۆ كه‌ره‌باخ دروست ده‌بوو، ئێران ڕۆڵی نێوه‌ندگیری ده‌گێڕا و هه‌ردوولای ده‌هێنانه‌وه سه‌ر مێزی دانوستاندن، وه‌ك ئه‌وه‌ی له ساڵانی نه‌وه‌ت ئه‌نجامی دا، به‌ڵام ئێسته هیچ ڕۆڵێكی نییه و ته‌نیا وه‌ك ته‌ماشاكه‌رێك له دۆخه‌كه ده‌ڕوانێت، چونكه دۆخی ئێران خۆی هێنده جێگیر و به‌هێز نییه، تا نێوه‌ندگیری بكات.
تاران له‌به‌رده‌م دوو بژارده ده‌بێ، كه هه‌ردووكی زیانی گه‌وره‌ی پێ ده‌گه‌یه‌نێت
ئه‌وه‌ی له هه‌موو شتێك بۆ تاران مه‌ترسیدارتره، هه‌ڵسانی ئازه‌رییه‌كانی سنووری كۆماری ئیسلامی ئێرانه، كه ژماره‌یان 20 ملیۆن هاووڵاتی ده‌بێت، كاتێك تاران كه خواستی ڕاسته‌قینه‌یشی ئه‌وه‌یه، مه‌یلی خۆی به‌لای ئه‌رمینیا ئاشكرا بكات، به‌هۆی پێوه‌ندییه ئابوورییه‌كانی له‌گه‌ڵ یه‌ریڤان، ئه‌وا ئه‌گه‌رێكی یه‌كجار زۆر هه‌یه، كه ئازه‌رییه‌كان له دژی حكوومه‌تی تاران بڕژێنه سه‌ر شه‌قام و شۆڕش و ڕاپه‌ڕین به‌رپا بكه‌ن و دۆخی ئێران به ته‌واوی بته‌قێننه‌وه.
له ڕووكه‌شدا نوێنه‌ری خامنه‌یی به ئازه‌رییه‌كانی گوتووه، كه تاران پشتیوانی باكۆ ده‌كات، به‌ڵام زانیارییه‌كان دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه تاران ئاسمانی وڵاته‌كه‌ی بۆ فڕۆكه‌ی جه‌نگی ڕووسیا واڵا كردووه، تا چه‌ك بۆ ئه‌رمینییه‌كان بگوێزنه‌وه، پێشتر ئێران ئه‌زموونی له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆخه هه‌بووه و كاتێك ئازه‌رییه‌كان هه‌ستیان به‌وه كردووه، كه حكوومه‌تی تاران پشتیوانی له ئه‌رمینیا ده‌كات، ئه‌وا نه‌ك له‌و ناوچانه‌ی زۆرینه‌ی ئازه‌رین، بگره له تارانی پایته‌خت ئازه‌رییه‌كان ڕژاونه‌ته سه‌ر شه‌قام و دژی تاران دروشمیان گوتووه‌ته‌وه.
هه‌ریه‌ك له حه‌سه‌ن رووحانی سه‌ركۆمار و محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریفی وه‌زیری ده‌ره‌وه و به‌رپرسانی تری باڵای ئێران دووپاتیان له‌وه كردووه‌ته‌وه، كه ناگۆرنۆ كه‌ره‌باخ به‌شێكه له ئاه‌ربایجان، هه‌ندێك له به‌رپرسانیش دۆخه‌كه به شێوازێكی ئاینی لێكده‌ده‌نه‌وه و دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه ناگۆرنۆ كه‌ره‌باخ به‌شێكه له جیهانی ئیسلامی، له كاتێكدا ئازه‌ربایجان كه زۆرینه‌ی مسوڵمانی شیعه‌یه، هاوپه‌یمانێكی نزیكی ئیسرائیله، كه ئیسرائیلیش دوژمنێكی سه‌رسه‌ختی كۆماری ئیسلامی ئێرانه، بۆیه له دیوه سیاسییه‌كه‌ی ئێران ده‌یه‌وێ گورز له ئازه‌ربایجان بوه‌شێنرێت، چونكه هه‌میشه مه‌ترسی هه‌یه له ئه‌گه‌ری هێرشی ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل بۆ سه‌ر كۆماری ئیسلامی ئێران، سوود له خاكی ئازه‌ربایجان وه‌ربگرن، كه ئه‌مه‌یش وایكردووه ترسی زۆری له ئازه‌ربایجان هه‌بێ و هه‌میشه هیوا بخوازێ كه شكست بهێنێت.
ئازه‌رییه‌كانی سنووری ئێران شۆڕش به‌رپا ده‌كه‌ن
ئێسته تاران له دۆخێكدایه كه هه‌ر بژاره‌یه‌ك بگرێته‌به‌ر، گه‌وره‌ترین زیانی پێ ده‌گه‌یه‌نێت، واته له ئه‌گه‌ری پشتیوانیكردنی ئه‌رمینیا بۆ تێكشكاندنی ئازه‌ربایجانی هاوپه‌یمانی ئیسرائیل، ئه‌وا ئازه‌رییه‌كانی ناوخۆی وڵاته‌كه هه‌ڵده‌ستن و دۆخی ناوخۆی ئێران ده‌ته‌قێننه‌وه، كاتێكیش پشتی ئازه‌ربایجان بگرێ و دژی ئه‌رمینیا بوه‌ستێته‌وه، ئه‌وا پشتیوانی به‌هێزبوون و فره‌وانبوونی ئازه‌ربایجان ده‌كات كه له داهاتوو هیچ گومانی تێدا نییه ده‌بێته بنكه‌یه‌ك بۆ هێرشكردنه سه‌ر ئێران، ئه‌مه جیا له‌وه‌ی به پشتیوانی نه‌كردنی ئه‌رمینیا مۆسكۆ به ته‌واوی له پشتگیریكردنی تاران دوور ده‌كه‌وێته‌وه، كه ئه‌مه‌یش زیانی گه‌وره‌تری ئابووری به ئێران ده‌گه‌یه‌نێت.
ئه‌وه‌ی كه تاران هیوای له‌سه‌ر چنیوه، ئارامكردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه و دووباره گه‌یشتنی هه‌ردوولا به ڕێككه‌وتن، چونكه ئه‌گه‌ر شه‌ڕه‌كان به‌رده‌وامیان هه‌بێت، ئه‌وا له كۆتایی ئێران ناچار ده‌بێ، هه‌ڵوێستی خۆی به روونی ڕابگه‌یه‌نێت و پشتیوانی یه‌كێك له‌و دوو وڵاته بكات، كه وه‌كو دووپاتیشمان لێ كرده‌وه، پشتیوانیكردنی هه‌ر یه‌كێكیان گه‌وره‌ترین زیانی بۆ ئێران ده‌بێت، تاكه خواست و ئومێدی ئێران، مۆسكۆیه تا بتوانێ ئاگری ئه‌و جه‌نگه بكوژێنێته‌وه و ناچاری نه‌كات كه له‌به‌رده‌م دوو بژاره بمێنێته‌وه، كه هه‌ردووكیان گه‌وره‌ترین زیان به كۆماری ئیسلامی ئێران بگه‌یه‌نن.