به‌رپرسێكی عێراقی دووپاتی كرده‌وه، كه پلانی واشنتن بۆ داخستنی باڵوێزخانه‌ی به‌غدای تا ئێسته‌یش پاشه‌كشه‌ی لێ نه‌كراوه، ئێسته حكوومه‌تی عێراق له ژێر تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی قورسدایه، به‌وهۆیه‌وه‌یش كازمی له‌گه‌ڵ ئێران ڕێككه‌وتووه تا هێرشی كاتیۆشاكان بۆ سه‌ر باڵوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا بوه‌ستێنرێت، له به‌رانبه‌ردا عێراق پاره بلۆككراوه‌كانی ئێران له بانكه‌كانی عێراق به فه‌رمی ئازاد ده‌كات، كه له ئه‌نجامی سه‌پاندنی سزاكانی ئه‌مه‌ریكا به‌سه‌ر ئێرانه‌وه بلۆككراون.
مایك پۆمپیۆی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له دوا لێدوانی له‌باره‌ی داخستنی باڵوێزخانه و دۆخی ته‌ناهی نێرده دیپلۆماسییه‌كان له عێراق گوتی، واشنتن خۆشحاڵه به ڕێوشوێنه‌كانی حكوومه‌تی عێراق بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ئاسایش و سه‌لامه‌تی باڵوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا، ئاسایش و دۆخی ته‌ناهی نێرده دیپلۆماسییه‌كان كاری له پێشینه‌ی هه‌ر وڵاتێكه.
به‌رپرسێكی عێراقیش له‌وباره‌وه بۆ ڕۆژنامه‌ی "
العربی الجدید" دووپاتی كرده‌وه، كه ئێسته له دۆخی تاقیكردنه‌وه‌ی عێراق ده‌چێ، له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه، واشنتن ده‌یه‌وێ دڵنیا بێ كه به‌غدا ده‌توانێ ئاسایشی باڵوێزخانه‌كه‌ی بپارێزێ و میلیشیاكانیش بێده‌نگ بكات، هه‌رچه‌نده حكوومه‌ت هه‌موو هه‌وڵێكی خۆی خستووه‌ته‌گه‌ڕ، به‌ڵام ئه‌مه‌ریكا تا ئێسته دڵنیایی به به‌غدا نه‌داوه، كه له پلانه‌كه‌ی بۆ داخستنی باڵوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا پاشگه‌ز بووبێته‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یش دوو هه‌فته پێش ئێسته ژماره‌یه‌كی زۆری كارمه‌ندانی باڵوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ هه‌ولێر گوێزراونه‌ته‌وه و ئێسته ژماره‌یه‌كی كه‌می كارمه‌ندی لێ ماوه‌ته‌وه.
ئه‌و به‌رپرسه دووپاتی كردووه‌ته‌وه، هه‌ر كاتێك هێرشێكی تر بۆ سه‌ر باڵوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئه‌نجام بدرێته‌وه، ئه‌گه‌ری زۆره كه واشنتن ده‌سبه‌جێ باڵوێزخانه‌كه‌ی له به‌غدا دابخات.
ڕێككه‌وتنه تا دوای ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مه‌ریكا به‌رده‌وام ده‌بێ و میلیشیاكان هێرش ناكه‌نه سه‌ر باڵوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا
له‌باره‌ی هۆی وه‌ستانی هێرشی كاتیۆشاكان، ئه‌و به‌رپرسه دووپاتی كرده‌وه، كه هۆكاره‌كه بۆ ڕێوشوێن و بڕیار و فه‌رمانه‌كانی حكوومه‌تی عێراق ناگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵكوو له ئه‌نجامی تێگه‌یشتنی گرووپه‌كانی میلیشیای نزیك له ئێرانه، له هه‌ستیاری و مه‌ترسیداری دۆخه‌كه‌وه، بۆیه زۆرینه‌یان ئاگربه‌ستیان ڕاگه‌یاندووه و به‌ڵێنیان داوه كه هیچ هێرشێك ئه‌نجام ناده‌ن، ئه‌گه‌ر هاتوو هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌ست به كشانه‌وه له عێراق بكه‌ن.
هێمای بۆ ئه‌وه‌یش كرد، كه گرووپه میلیشیا باڵا ده‌سته‌كان به‌ڵێنیان داوه و تا ئێسته‌یش پابه‌ندی به‌ڵێنه‌كانیان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له هه‌مووان مه‌ترسیدارتره، گرووپی میلیشیای بچووك و نافه‌رمین، كه مه‌ترسی ده‌كرێ ده‌ست به هێرشه‌كان بكه‌نه‌وه و دۆخه‌كه به ته‌واوی ئاڵۆز بكه‌ن، هه‌ر به‌وهۆیه‌وه‌یش به‌غدا ڕێوشوێنی ته‌ناهی توندی له ناوچه‌ی سه‌وز گرتووه‌ته‌به‌ر.
له‌باره‌ی هۆی بێده‌نگبوونی میلیشیاكان و نه‌مانی هێرشه‌كان خوێندنه‌وه‌ی جۆراوجۆر و زانیاری جیاواز ده‌خرێته ڕوو، سادق ئه‌لموسه‌وی سیاسه‌تكاری عێراقی له‌وباره‌وه له تویته‌ری خۆی ئاشكرای كردووه، كه زانیاری پشتڕاستكراوه‌ی پێگه‌یشتووه، كه دۆخی ئاگربه‌ست ڕاگه‌یه‌نراوه، بۆ ماوه‌ی 40 ڕۆژ و دۆخه‌كه تا ناوه‌ڕاستی مانگی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ر به‌رده‌وامی ده‌بێت، هیچ گرووپێكی میلیشیایی هێرش ناكه‌نه سه‌ر باڵوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا، له به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌یشدا، حكوومه‌تی عێراق پاره بلۆككراوه‌كانی ئێران له بانكه‌كانی عێراق ئازاد ده‌كات و بۆ تارانی ده‌گێڕێته‌وه، كازمیش ئه‌و ڕێككه‌وتنه جێبه‌جێ ده‌كات.
له به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌دا كازمی بڕیاری داوه پاره‌ی بلۆككراوی ئێران له بانكه‌كانی عێراق كه به‌هۆی سزاكانی ئه‌مه‌ریكاوه بلۆككراون بۆ ئێران بگێڕێته‌وه
هۆی وه‌ستانی هێرشه‌كان تا ناوه‌ڕاستی مانگی داهاتوو و ئاگربه‌ست، بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكا و دۆناڵد تره‌مپ هه‌ڕه‌شه‌ی ڕژدیان له به‌غدا كردووه و نایانه‌وێ ڕووداوه‌كه‌ی كونسوڵگه‌ی بنغازی له لیبیا دووباره ببێته‌وه، كه خۆپێشانده‌ران هێرشیان كرده سه‌ر كونسوڵگه‌ی ئه‌مه‌ریكا له شاری بنغازی و كونسوڵی ئه‌مه‌ریكایان به شێوازی دڕنده كوشت، كه له‌و كاته هیله‌ری كلینتن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بوو، به‌وهۆیه‌وه گه‌وره‌ترین زیانی له هه‌ڵبژاردنی ڕابردوو به‌هۆی ئه‌و دۆسیه‌یه‌وه به‌ركه‌وت و له هه‌ڵبژاردن به‌رانبه‌ر دۆناڵد تره‌مپ شكستی هێنا، تره‌مپ ترسی هه‌یه كه ئێران هه‌نگاوێكی له‌م چه‌شنه بهاوێژێ و هێرش بكاته سه‌ر باڵوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا و ئابڕووی حكوومه‌ته‌كه‌ی ببات، به‌وه‌ی ناتوانێ باڵوێزخانه‌كان و گیانی دیپلۆماتكارانی ئه‌مه‌ریكا بپارێزێت، كه ئه‌مه‌یش چانسی بردنه‌وه‌ی خولی دووه‌می سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مه‌ریكا به ته‌واوی له‌ناو ده‌بات.
بڕیاڕه‌ی ڕۆژی سێی تشرینی یه‌كه‌م/نۆڤێمبه‌ری ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مه‌ریكا به‌ڕێوه بچێ، هه‌ریه‌ك له دۆناڵد تره‌مپ كاندیدی كۆمارییه‌كان و جۆ بایدن كاندیدی دیموكراته‌كان ڕكابه‌ری یه‌كتر ده‌كه‌ن و دۆخی پروپاگنده‌ی هه‌ڵبژاردن و كه‌مپه‌ینی هه‌ڵبژاردن له ئه‌مه‌ریكا زۆر گه‌رمه و مێژووی ئه‌و وڵاته‌یش سه‌لماندوویه‌تی، كه هه‌ر ڕووداوێكی گه‌وره‌ی نێوده‌وڵه‌تی، یان هێرش بۆ سه‌ر هه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌ر له هه‌ڵبژاردن ئه‌وا كاریگه‌ری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كه ده‌بێ و دۆخه‌كه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كێك له كاندیده‌كان هه‌ڵده‌گێڕێته‌وه، هاوكات كۆماری ئیسلامی ئێران هه‌رگیز نایه‌وێ جارێكی تر تره‌مپ ببێته‌وه سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، بۆیه زۆرترین هه‌وڵده‌دات كه جۆ بایدن سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا بباته‌وه، چونكه وه‌ك له به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی هاتووه، كه دووباره پابه‌ندی ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ ئێران ده‌بێته‌وه و كێشه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست چاره‌سه‌ر ده‌كات.