هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا ئەگەر لای زۆربەی وڵاتانی دنیا گرنگ بێت، ئەوا لای تورکیا گرنگترە چونکە لە ناتۆدا لەگەڵ ئەمەریکا هاوپەیمانە و لە 100 ساڵی رابردوودا زۆرترین هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەمەریکادا هەبووە. پێوەندییەکانی ئەمەریکا و تورکیا کە لە دەیەی رابردوودا ئاڵۆز بوون و حەز ناکەن کەسێک ببێتە سەرۆکی ئەمەریکا کە ئەزموونی لە دژایەتیکردنی تورکیادا هەیە.
زۆربەیان هیوای ئەوەیان خواست دۆناڵد ترەمپ بۆ خولی دووەم پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا وەربگرێتەوە.
زۆر لە میدیاکانی نزیک لە حکوومەتی تورکیا هەر لە دوای ئەوەی زانیان جۆ بایدن پاڵێوراوی دیموکراتەکان خۆی بۆ رکابەریکردنی ترەمپ پاڵاوتووە بە خراپ باسیان کرد و زۆربەیان هیوای ئەوەیان خواست دۆناڵد ترەمپ بۆ خولی دووەم پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا وەربگرێتەوە.
دوژمنایەتی کۆنی بایدن لەگەڵ تورکیا
سەرەڕای ئەوەی کە زۆربەی ئەو رەخنانەی ئاراستەی بایدن دەکرێن، لەوە سەرچاوە دەگرن ئەو پشتیوانی لە ئۆپۆزسیۆنی تورکیا دەکات، بەڵام راستییەكەی کێشەی تورکیا لەگەڵ بایدن بۆ سەردەمێک دەگەڕێتەوە کە ئەو سێناتۆر و پاشان جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بوو.
زۆر لە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە سەرکەوتنی ترەمپ زیاتر بە قازانجی تورکیایە چونکە هەر نەبێت ترەمپ دۆستایەتییەکی پتەوی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغاندا هەیە.
لە لایەکی ترەوە لە قۆناغی دەسەڵاتدارێتی ترەمپ، رۆڵی ئەمەریکا لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا لاواز بووە و ئەمەش بە دڵی تورکیایە بۆ ئەوەی بتوانێت پەرە بە هەژموونی خۆی لە ناوچەکە بدات.
تورکەکان دەمێکە رقیان لە بایدنە و گفتوگۆیەکی نێوان بایدن و بولەنت ئەجەویت سەرۆک وەزیرانی تورکیا لە ساڵی 1999 لە زۆربەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستاودەست دەکرێت.
ئێوە پێویستیتان بە ئەمەریکایە بەڵام ئەمەریکا پێویستی بە ئێوە نییە.
لەو گەشتەیدا کە سەرۆک وەزیرانی تورکیا بۆ ئەمەریکا ئەنجامی دابوو، بایدن پێی گوتبوو "ئێوە پێویستیتان بە ئەمەریکایە بەڵام ئەمەریکا پێویستی بە ئێوە نییە. من دەزانم ئێوە پێویستیتان بەوەیە پارە بە قەرز وەربگرن. بۆ ئەوەی پرسی قوبرس چارەسەر بکەن و رێمان پێ بدەن یارمەتیتان بدەین."
ئەوکات رۆژنامەی حوڕییەتی تورکیا جۆ بایدنی وەک بووکەڵەیەکی یاری دەستی قوبرسییە بە رەگەز یۆنانییەکان ناو برد . لە ساڵی 2008یش هەمان رۆژنامە کاتێک زانی ئۆباما، بایدنی کردووەتە جێگری خۆی نووسی "ئۆباما دوژمنێکی تورکیای کردووەتە جێگری خۆی."
بەگوێرەی
بی بی سی، ساواش سوزال کە رۆژنامەنووسێکی تورکیایە و لە ئەمەریکا دەژیت، بایدنی بە دوژمنی تورکیا ناو بردووە و دەڵێت، "بایدن کەیفی بە تورکیا و تورک نایەت و لە نیو سەدەی رابردوودا بەردەوام دژایەتی تورکیای کردووە و تەنانەت ئەو سزایانەی لەسەر نەفرۆشتنی چەک بە ئەمەریکا لە ساڵی 1974 بەهۆی هێرشی تورکیا بۆ سەر قوبرس، بەسەر تورکیای سەپاند بایدنی لە پشت بوو.
پرسی کورد
بایدن لەو کەسانە بووە کە کاتێک ترەمپ لە ساڵی 2019 بڕیاری دا هێزەکانی خۆی لە سووریا بکشێنتەوە بەدەنگ هات و گوتی ترەمپ بەو هەنگاوە خیانەتی لە کورد کرد.
تورکیا بە هیچ شێوەیەک دڵی بەو جۆرە لێدوانانە خۆش نییە کە باس لە پشتیوانی کورد دەکەن. گەورەترین کێشەی سیاسی تورکیا ئەوەبووە نەیتوانیوە پرسی کورد چارەسەر بکات و لە رابردوودا هەوڵی سڕینەوەی ناسمانە و شوناسی کوردی داوە، بەڵام هەرگیز سەرکەوتوو نەبووە و تەنانەت کورد لایەنێکی بەهێزی ئۆپۆزسیۆنی تورکیایە و لە دواین هەڵبژاردندا لە ئیستانبوڵ شکستی بە ئەردۆغان هێنا.
بایدن بەڵێنی داوە پاڵپشتی لە ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بکات
بایدن لە ناوخۆی تورکیاش زیاتر لە ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە نزیک بووە و لە دیمانەیەکیدا کە لە ساڵی 2019دا بڵاو کراوەتەوە، بایدن بەڵێنی داوە پاڵپشتی لە ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بکات و شکست بە ئەردۆغان بهێنێت. ئەو کات بەرپرسانی حکوومەتی تورکیا و بەشێک لە میدیاکانیان رەخنەیان لە بایدن گرت کە دەیەوێت دەستوەردان لە کاروباری سیاسی ناوخۆیی تورکیا بکات.
ئیبراهیم کالین گوتەبێژی سەرۆک کۆماری تورکیا پێی وایە ئەو قۆناغە ئیتر تێپەڕیوە فەرمان بە تورکیا بکرێت و دەڵێت، "ئەگەر هێشتا پێتان وایە دەتوانن ئەم کارە بکەن بیکەن، بەڵام لە دەرەنجامەکانی خۆتان بەرپرسیارن."
حکوومەتی تورکیا نیگەرانە
بایدن لە شەشی ئەم مانگە بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک داوای لە ترەمپ کرد گوشار بخاتە سەر تورکیا و رێ نەدات هەڕەشە لە یۆنان بکات و داواشی لە ئەردۆغان کرد بڕیاری ئەمدواییە بۆ گۆڕینی ئایاسۆفیا بۆ مزگەوت هەڵبوەشێنێتەوە. ئەو بەیاننامەیەش دیسان لە تورکیا ناڕەزایەتییەکی زۆری لێ کەوتەوە.
بەشێک لە میدیاکانی سەر بە حکوومەتی تورکیا بە توندی ئەم بەیاننامەیەی بایدنیان شەرمەزار کرد و گوتیان، ئەوەی بایدن لە رابردوودا بەرانبەر تورکیا کردوویەتی، خەریکە دیسان دووبارەیان دەکاتەوە.
بایدن بە ئاشکرا دژی تورکیایە
محەمەد بارلاس لە نووسەرانی رۆژنامەی سەباح کە سەر بە حکوومەتی تورکیایە نووسیویەتی، بایدن بە ئاشکرا دژی تورکیایە، بۆیەش دووبارە هەڵبژاردنی ترەمپ لە قازانجی تورکیادایە.
پێوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمەریکا کە هەردووکیان دوو ئەندامی کارای ناتۆن لە چەند ساڵی رابردوودا زۆر ئاڵۆز بوون . جەنگی سووریا، پرسی کڕینی مووشەکی بالیستیکی s400ی رووسیا و دۆسیەی بانکی هالک لە دژی سزاکانی ئەمەریکا و هەوڵدان بۆ فراوانکردنی هەژموونی تورکیا مایەی نیگەرانی ئەمەریکا بووە.
ئەنکەرەش کە پێی وایە فەتحوڵا گولەن لە پشتی کودەتاکەی ساڵی 2016ەیە و لە لایەن ئەمەریکا داڵدە دراوە، نیگەرانی خۆی بەرانبەر واشنتن دەربڕیوە.
حکوومەتی تورکیا نەیتوانیوە ترسی خۆی لە ئەگەری سەرکەوتنی بایدن بشارێتەوە، بۆیەش ئارەزوو دەکات دووبارە ترەمپ بێتە
هەڵبژاردن.